هەپەگە ناسنامەی سێ شەهیدی ئاشکرا کرد

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل 'هەپەگە' ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشی ئاسمانیەوە لە ١٤ی تەمووز/٢٣ی پووشپەڕ، سێ گەریلا بەناوەکانی دەلیل، حەمزە و زانیار، لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، شەهید بوون.

 

ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لەسەرئەو بابەتە :

کۆماری داگیرکەری تورکیا، لە کوردستان، لە شەڕی سەرتاسەریدا، لەبەرامبەرهێزەکانی گەریلادا، هەرچی دەکات ناتوانێت سەربکەوێت، بە هەموو دەرفەتی دەوڵەتەوە هێرش دەکات. دوژمنی داگیرکەر، ئەوە ماوەی سێ ساڵە، لە هێرشەکانیدا بۆ سەر باکووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، تەکنیک و بۆمبی وەها دژ بە هێزەکانی گەریلا بەکاردەهێنیت کە لە شەڕی نێوان دەوڵەتاندا بەکاردێت. سەرەڕای هەموو ئەوانەش، دەوڵەتی داگیرکەری کۆماری تورکیا، لە بەرامبەر گەریلاکانی کوردستاندا نەیتوانیوە ئەو ئەنجامە بەدەست بهێنێت کە دەیەوێت، لەبەرئەوە شێت وهار بووە و بە دڕندانە هێرش دەکات.

هێزەکانی داگیرکەر لە چۆڵەوانی وچیاکان و شەڕی وشکانیدا ناتوانن لە دژی هێزەکانی گەریلا شەڕ بکەن. بۆیە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانیەوە، ئەنجامێک بەدەست بهێنن. بەهۆی هێرشی ئاسمانیی ڕۆژی ١٤ی تەموز/٢٣ی پووشپەڕ، لە گوندی سیدا، لە هەرێمی زاپ-ی سەر بە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، هەڤاڵانمان دەلیل کاراکۆچان، زانیار تەندورەک و حەمزە تێکۆشین، شەهید بوون.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ناسنامەی شەهیدەکان بەم شێوەیە:

نازناو: دەلیل کاراکوچان

ناو و پاشناو: حەسەن چاکماک

شوێنی لەدایکبوون: خارپێت

ناوی دایک و باوک: کبار – عەزیز

کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٤ ی تەموزی ٢٠١٨/ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا

نازناو: حەمزە تێکۆشین

ناو و پاشناو: سالار ئەحمەد خالید

شوێنی لەدایکبوون: قامیشلۆ

ناوی دایک و باوک: شادیە – ئەحمەد

کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٤ ی تەموزی ٢٠١٨/ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا

نازناو: زانیار تەندورەک

ناو و پاشناو: موجاهید کایا

شوێنی لەدایکبوون: وان

ناوی دایک و باوک: حوسنیە – محەمەد

کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٤ ی تەموزی ٢٠١٨/ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا

 

دەلیل کاراکوچان

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە:

هەڤاڵمان دەلیل کاراکوچان ساڵی ١٩٦٢ لە ناوچەی دەپ لە خارپێت هاتووەتە دنیاوە. سەرەتای ساڵی ١٩٨٠ ناچار بوو کە لەگەڵ بنەماڵەکەی بەرەو هەندەران کۆچ بکەن و لە ئەڵمانیا گیرسانەوە. سەرەڕای سیاسەتی توانەوەی ئەو سیستمە، هاوڕێمان دەلیل کە خاوەنی هەستێکی گەورەی وڵاتپارێزیی بوو، نەیتوانی خۆی لە بەردەم ژیانی ئەوروپادا ڕابگرێت و ساڵی ١٩٨٨ ئاشنا بوو بە تێکۆشانی ئازادی کورد. هەڤاڵمان دەلیل، تێکۆشانی ئازادی وەک شوێنی گەیشتن بە نرخ و بەهاکانی خۆی بینی و لەگەڵیدا بوو بە یەک. پاشان و ساڵی ١٩٩٢ بەرەو وڵات گەڕایەوە و بەشداری نێو ڕیزەکانی گەریلا بوو. هەڤاڵمان دەلیل ٢٦ ساڵی تەمەنی گەریلایەتی خۆی لە چیای زاگرۆسدا بەسەر برد و بوو بە گەریلا، بوو بە فەرماندەیەکی گەریلا کە لەگەڵ زاگرۆسدا بوو بە یەک. لە کاتی هەرە سەختی شەڕدا بە بەرپرسیارێتیەکی گەورەوە بەشداری کار بووە و لە پێوانە و پێوەری هاوڕێیەتیشدا بوو بە هەڤاڵێکی نموونەیی ئێمە. سەرەڕای تەمەنی درێژی خۆیشی، لەناو شەرت و مەرجی سەخت و دژواری چیای زاگرۆسیشدا، بە ڕەنجبەریی و فیداکاریەوە بەشداری کاری پراکتیکی بووە و بەو شێوەیەش بوو بە نموونەیەکی هەڵبژێردراوی ڕاستیی پەکەکە کە حزبی زەحمەتکێش و ڕەنجدەرانە.

لە پێوەری کادریەتی پێشکەوتوودا کۆڵی نەدا، سەرەڕای زۆر و زەحمەتیەکانیش، باوەڕی بەوە کردبوو کە دەبێت لە بەرزترین ئاستدا، لە دژی دوژمن تێکۆشان بکرێت و هەمیشە لەسەر ئەم بنەمایە بەشدار بووە. ڕەنجی هەڤاڵ دەلیل بەسەر هەزاران هاوڕێی ئێمەوە هەیە، هەستی وڵاتپارێزیی و کەسایەتیی دڵنەزمی خۆی کرد بە یەک و بەشێوەیەکی بێ ئامان بەشدار بوو. لە هەرێمی زاگرۆس پەیوەندیەکی بەهێزی لەگەڵ گەلەکەمان لە باشووری کوردستان دروست کرد و لەلایەن گەلی هەرێمەکەوە ناسراو بوو. سەرەڕای تەمەنی درێژی خۆی، هێشتا لە چیاکانی کوردستان گەریلایەتیی دەکرد و بەوەش بوو بە شۆڕشگێڕێکی کوردستان کە لەلایەن گەلەکەمانەوە بە ڕێزداریەوە پێشوازیی لێ دەکرێت. وەستان لە هەڤاڵمان دەلیل نەدەبینرا. بە گەریلایەتیی چەندین ساڵەی خۆی، بوو بە یەکێک لە هاوڕێکانمان کە لەناو شۆڕشی کوردستاندا ڕەنجێکی گەورەی هەیە. هەمیشەش بەو شێوەیە یادی دەکرێتەوە و وەک هەڤاڵێکی نموونەیی سەیری دەکرێت.

 

زانیار و حەمزە

هەڤاڵانمان زانیار و حەمزە بە دڵی گەنجێتی خۆیان، لە کاتی هەرە سەختی شەڕدا بەشداری نێو ڕیزەکانی گەریلا بوون و لە دژی هێرشەکانی دوژمن لە بەرزترین ئاستدا بە ئەرک و کاری وڵاتپارێزیی هەستاون. لەگەڵ هەڤاڵ دەلیل بە فیداکاریەکی گەورەوە کاریان کردووە و بوون بە کەسانی نێو شۆڕشی کوردستان کە لە هەر چوار بەشی کوردستان بووەتە یەک.

بە بۆنەی شەهیدبوونیانەوە، ئێمە سەرەخۆشی لە بنەماڵە هێژاکانی هەر سێ هەڤاڵمان و تەواوی گەلە وڵاتپارێزەکەمان دەکەین. ئێمە بەڵێن دەدەین کە بەشێوەیەکی بەهێز خاوەنداریی لە میراتی شۆڕش بکەین کە شەهیدانی قارەمانی ئێمە، بۆیان بە جێهێشتووین.

ک-ش