هەڕەشەی کوشتاری هاووڵاتییان و بە سوتماک کردنی برادۆست لەلایەن سوپاى تورکی داگیرکەرەوە
سوپای کۆماری تورکیاى داگیرکەر لە ناوچەى برادۆست چەندینجار تەقەیان لە گوندەکان و هاووڵاتییانى ئەو سنوورە کردووە و سەدانجاریش ناوچەکەیان بۆردومان کردووە.
سوپای کۆماری تورکیاى داگیرکەر لە ناوچەى برادۆست چەندینجار تەقەیان لە گوندەکان و هاووڵاتییانى ئەو سنوورە کردووە و سەدانجاریش ناوچەکەیان بۆردومان کردووە.
سەرەتای داگیرکەریى سوپای توركی داگیرکەر بۆ ناوچەى برادۆست دەگەڕێتەوە بۆ مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٨، لەوە کاتەوە لەو سنوورەدا چەندین بنكەی سەربازیی دروستکردووە و حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا هیچ هەڵوێستێكیان لە دژی ئەو داگیرکەرییە نەبووە و لەو بارەیەوە بەردەوام بێدەنگییان لەو داگیرکەرییە کردووە.
سوپاى تورکی داگیرکەر نزیكەی ٣٠ كیلۆمەتری قوڵایى خاكی هەرێمی برادۆستی لە سنووری پارێزگای هەولێر بەزاندووە. بنكەی سەربازیی لە هەر یەك لە چیادێل و ئاودەل كێوی و كتكین دروستکردووە و سێ سەربازگەشی بە چەكی قورسی سەربازی لە نزیك دەورووبەری گوندی بەرمیزەش داناوە .
هەرێمی برادۆست پێگەیەكی جوگرافیی گرینگی هەیە و دەكەوێتە سێگۆشەی نێوان (عێراق - ئێران – توركیا) گەورەترین ناحیەیە لە سەرتاسەری عێراق لەرووی رووبەرەوە. زیاتر لە ٢٥٠ گوندی هەیە و ١٥٠ گوندیان بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانی سوپای توركیاوە ئاوەدان نەكراونەتەوە .
هاووڵاتییەکى سنووری برادۆست رایگەیاند، چەندین هاووڵاتیی سڤیلی سنوورەكەمان بونەتە قوربانیی دەستی رژێمی داگیركەری سوپای توركیا. بەوەش نەوەستاون و ئێستا خاكەكەمانی داگیركردووە و زوڵم و زۆر داری دەكات بەرامبەرمان، ژیانی تەواوی گوند و ئاوایەكانی ناوچەكەمانی ناخۆش كردووە .
سوپاى تورکی داگیرکەر لە ١٣ی تشرینى دووەمی ٢٠١٧ / ٢٢ی گەڵاڕێزان لە رێی فڕۆكەی جەنگییەوە بۆردومانی ناوچەكەی کردوو و هاووڵاتییەكی بە ناوی (هیمداد عوسمان) و خەلكی گوندی بەرمیزە دەڤەری برادۆست لەناو ئۆتۆمبێلەكەی كردە ئامانج و شەهیدیکرد. بە ئامانجگرتنى هاووڵاتییان و شەهیدکردنیان ترس و دڵەڕاوکێیەکى زۆری لە ناو هاووڵاتییاندا دروستکردووە.
بەهۆی داگیرکەریى سوپای تورك و بۆردومانی فڕۆكەی جەنگییەكان لە هەرێمی برادۆست هاووڵاتییانی ٦ گوندی ناوچەكە ئاوارەبوون و ئەو گوندانەش بریتین لە (خەلیفان، لێلكان، برەسەنان، بوزێنە، گورەشا، ئالەكان) .
شێرزاد حاجی دانیشتووی گوندی برەسەنان لە هەرێمی برادۆست بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند: " ژیان و گوزەرانی ئێمەی گوندنشین زۆر ناخۆش بووە، چونكە ئێستا سەربازانی توركیا لە چیادێل بنكەیان داناوە و ناتوانین كاری ئاژەڵداری رۆژانەی خۆمان ئەنجام بدەین، هەر لەگوندەكەی ئێمە، بەهۆی تۆپخانەكانی سوپای توركیا ١٠ سەر ئاژەڵی مانگا لەناوچوون".
دڵشاد حاجی دانیشتووی گوندی ئالەكان باس لە هاتنی سوپای توركیا دەكات و دەڵێت: "پێویستە هەرچی زووە ئەو هێزە داگیركەرە لە سنوورەكەمان نەمێنێت، چونكە زیان بە گوندنشینان و ئاوەدانیەكان دەگەیەنێت، بەردەوام بووەتە مەترسی لەسەر ژیانی ئێمە و ترس و دڵەڕاوكێی لەلامان دروست کردووە و كاریگەریی كردووەتە سەر بژێویی ژیانمان لەبەخێوكردنی مەڕوماڵات. بەهیچ شێوەیەك گوندەكەمان چۆڵ ناكەین بۆ رژێمێكی داگیركەر و لەرابردوودا گوند و ئاواییەكانی سنووری دەشتەهێرت ئاوارەببوون بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانی سەربازانی توركیا" .
دانیشتوویەكی تر لەهەرێمەكە بەناوی مەسیح حەمەد موختاری گوندی بوزێنە لە سنووری دەشتەهێرت بە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی گووت: "لە ساڵانی ١٩٨٢ بەهۆی بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیاوە چەندین كەسوكاری گوندەكەی ئێمە بوونە قوربانی. ئێستاش خاكەكەمانی داگیركردووە. بەراستی ژیان و گوزەرانمان زۆر ناخۆش بووە، چونكە رۆژ نییە گوێمان لە دەنگی فڕۆكە و تۆپ نەبێت و سوتاندنی ژینگە و سروشتی ناوچەكەمان کاریگەریى لەسەر بژێویی ژیانمان دروستکردووە، چونکە ئێمە بژێویى ژیانمان لەسەر كاری ئاژەڵدارییە و ناتوانین وەك پێویست ئەو كارە بكەین".
بەهۆی بۆردومان و داگیرکەری و لەشکرکێشیى سوپاى تورکى داگیرکەرەوە لە سنووری هەرێمەكە سەدان دۆنم زەوی و پووش و پاوەنی هاووڵاتییان زیانی پێگەیشتووە. هاووڵاتییان نەیان توانیوە سوود لە لەوەڕگەکانى سنوورەکەیان بۆ كاری ئاژەڵداری ببینن. هاووڵاتییانى ئەو سنوورە زیاتر بە پیشەی بەخێوكردنی مەڕوماڵاتەوە سەرقاڵن .ئەوە داگیرکەرییە وایكردووە هاووڵاتییان نەتوانن كاری رۆژانەی خۆیان ئەنجام بدەن و داگیرکەرییەکە كاریگەریی راستەوخۆی كردووەتە سەر بژێویی ژیانی گوندنشینان لە رووی ئابووری و كشتوكاڵی .
ئەمە لەكاتێكدایە بۆردومان و داگیرکەرییەکى سوپاى تورک زیانی بە دارستان و ژینگەی ناوچەكە گەیاندووە و تووشی لەناوچوون بوون. كاتێك رژێمی داگیركەر بۆردومانی ناوچەكە دەكات كەس ناتوانێت بچێت ئاگری بۆردومانەکان بكوژێنێتەوە و ئەوەش وایكردووە ساڵانە چەندەها دارستان و دۆنم زەوی لەناوبچن.
دەڤەری برادۆست ناحیەیەکى سەر بە قەزای سۆرانە لە سنووری پارێزگای هەولێر، کە دەکەوێتە دووریی ١٤٤ كیلۆمەتر لە بەشی باكوری رۆژهەلاتی شاری هەولێرەوە. ناوەندی سنوورەكە ناحیەی سیدەكانە. هەڵكەوتەی جوگرافیایی دەڤەرەكە زۆربەی شاخاوییە و دەشتایی كەمە، گەورەترین ناحیەیە لە تەواوی عێراق لەرووی ڕِووبەرەوە .
.............
...................
.........................
......................
............................
...........................
ر.م