'وەرن لە دژی شەڕ لەچکە سپییەکانمان بکەین بەیەک'

ئایسەل توفان دایکی ئاشتی کە لەبەردەم باڵەخانەی ئاکەپەدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بووەوە، بانگێکی ئاڕستەی ئەو کەسانە کرد کە لەبەردەم باڵەخانەی هەدەپە دانیشتوون و ڕایگەیاند، 'وەرن لە دژی شەڕ لەچکە سپەکانمان بکەین بەیەک'.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر دایکانی لەچک سپی لەبەردەم باڵەخانەی ئاکەپەی ئامەد دەستیان بە چالاکی دانیشتن کرد. دایکان پانکارتی "دایکان ئاشتیان دەوێت"یان بەرز کردەوە.

هێزەکانی پۆلیس باڵەخانەی ئاکەپەیان گەماروودا و رێگەیان بە چالاکی دایکان نەدا و هەوڵیان دا سواری ئۆتۆبوسیان بکەن. بەڵام دایکان نەیانویست سواری ئۆتۆبوسەکان ببن. سێ دایک لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکران و لەسەر زەوی ڕاکێشران. هەروەها ڕیگە بە ڕۆژنامەنووسانیش نەدرا، چالاکی دانیشتنی دایکان ڕووماڵ بکەن.

ئایسەل توفان دایکی لەچک سپی کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لەبەردەم باڵەخانەی ئاکەپە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بووەوە لەبارەی چالاکیەکەیان قسەی کرد و وتی، "دایکانی لەچک سپی، دایکانی شەمە و ئەو دایکانەی لەبەردەم باڵەخانەی هەدەپە دانیشتوون، هەموویان دایکن. وەرن لە دژی شەڕ لەچکە سپەکانمان بکەن بەیەک و لەبەردەم باڵەخانەی ئاکەپە دانیشین."

'قاچەکانتان دەشکێنین'

توفان ئاماژەی بەوەدا، دوو ڕۆژی ڕابردوو، بە مەبەستی داواکاری ئاشتی لە بەردەم باڵەخانەی ئاکەپە کۆبوونەتەوە و دەڵێت، "ئێمە وەک ١١ دایکی لەچک سپی دوو ڕۆژ لەبەردەم باڵەخانەی ئاکەپە بە مەبەستی داواکاری ئاشتی کۆبووینەوە. بەڵام هێزەکانی پۆلیس گەماروویان داین و هێرشیان کرد. لە سەر زەوی ڕایانکێشاین و دەستگیریان کردین. پۆلیسەکان لە ناو ئۆتۆموبیلەکاندا ئێمەیان ئەشکەنجەدا. جنێویاندا، ئێمە شەرممان کرد، بەڵام ئەوان شەرمیان نەکرد. ئێمە منداڵە ونبوو و دەستگیرکراوەکانمان دەوێت. پۆلیسەکان بە شێوەیەکی دڕاندانە هێرشیان کرد و دەستگیریان کردین. لە سەر زەوی ڕایانکێشاین و بە کەلەپچەی پلاستیک کەلەپچەیان کردین. لەگەڵ ئەوەی لێیانداین و ئێمەیان ئەشکەنجەکرد وتیان، ' قاچتان درێژ بکەن، قاچتان دەشکێنین'. با هەموو کەسێک باش بزانێت، لە هەڕەشەکانی ئەردۆغان ناترسین."

'وەرن بەیەکەوە دانیشین'

ئایسەل توفان وتیشی، " ئەردۆغان لە ڕێی تەلەفۆنەوە پیرۆزبایی لە ئەو کەسانەی لەبەردەم باڵەخانەی هەدەپە دانیشتوون کرد. لە لایەکی تر ئەشکەنجە لە دایکانی ئاشتی دەکات کە لەبەردەم دەرگای ئەوان دانیشتوون. داوا لە خانەوادەکان دەکەم، وەرن بەیەکەوە لەبەردەم باڵەخانەی ئاکەپە دانیشین. نامانەوێت کەس بکوژرێ. ئاشتیمان دەوێت. داوای ئیرادەمان دەکەین. ئێمەش دایکین و ناخمان دەکزێتەوە. ئەردۆغان و سۆیلو فرمێسکی تیمساح دەڕێژن و ئێش و ئازاری دایکان بۆ مەرامەکانیان بەکاردەهێنن. ئەی ئەردۆغان، ئێمە هاتینە بەردەم باڵەخانەکەت و بووین بە میوانت. بەڵام لەجیاتی ئەوەی گوێمان لێبگری، فەرمانت بە پۆلیسەکانت دا هێرش بکەن و ئێمەت لە سەر زەوی ڕاکێشا. ئاکەپە ئاگری شەڕ خۆشدەکات. هەدەپە هەردەم بۆ ئاشتی و دیموکراسی هەوڵی داوە. با دایکانی بەردەم باڵەخانەی هەدەپە دەست بخەنە ناو دەستمان  و بەیەکەوە لەبەردەم باڵەخانەی ئاکەپە دانیشین."

ف.ق