١٩ ساڵ بەسەر کۆچی دوایى ئیبراهیم ئەحمەد دا تێپەڕی

١٩ ساڵ بەسەر کۆچی دوایى ئیبراهیم ئەحمەد سیاسەتمەدار، رۆژنامەنووس، شاعیر و نووسەر و کەسایەتیى نەتەوەیى گەلی کورد دا تێپەڕی.

ئیبراهیم ئەحمەد لە ٦ی ئاداری ١٩١٤ / ١٥ی رەشەمە لە شاری سلێمانى لە دایکبوو. ڕەمزی فەتاحی مامی، کە ئەفسەرێکی کورد بوو، زوو ڕەوانەی قوتابخانەی دەکات. قۆناغەکانی سەرەتایى و ناوەندی و دواناوەندی تەواو دەکات و لە ساڵی ١٩٣٧ لەشاری بەغداد کۆلێجی یاسا تەواو دەکات.

ئیبراھیم ئەحمەد ھاوکات لەگەڵ خوێندن و کاری نووسین دا کاری ڕامیاری کردووە. سەردەمى شۆڕشی شێخ مەحمود کاریگەرییەکانى و بۆردومانی شاری سلێمانی لەلایەن فڕۆکەکانی ئینگلیزەوە کاریتێکردووە. هاوکات مامە ڕەمزیشی ڕێنوێنی کردووە بۆ ئاشناکردنی بە خەباتی ڕزگاریی و نەتەوایەتی. لە ساڵانی سییەکاندا و لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری کوردی لەبەغدا گرووپێکی پێکھێناوە بەناوی "لاوانی کورد" و گۆڤارێکیشی بەناوی "دیاری لاوان" بڵاوکردووەتەوە.

ئیبراھیم ئەحمەد دامەزرێنەر و لێپرسراوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژێکاف) لە باشووری کوردستان بوو. مەڵبەندی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان ڕۆژھەڵاتی کوردستان بووە. کە سەروەریی دامەزراندنی کۆماری مەھاباد (مەھاباد ١٩٤٦)ی ھەیە لەگەڵ‌ ھەڤاڵەکانیدا توانیبووی لەزۆر ناوچەی کوردستان لق بۆ کۆمەڵەی ژێکاف و پاشان بۆ حدک بکاتەوە. پاش ڕووخانی کۆماری مەھاباد لەساڵی ١٩٤٧دا، ئیبراھیم ئەحمەد و لقی ژ - ک، لەپاش کۆبوونەوەیەک بڕیاریاندا بچنە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان. ئیبراھیم ئەحمەد بە سەرۆکی لقی سلێمانیی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵبژێرا.

لەساڵی ١٩٤٨ پاش ئەوەی دەسەڵاتداریی ئەو کاتەی عێراق بەربووە گیانی شۆڕشگێڕانی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان، ئیبراھیم ئەحمەد بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک زیندانیکرا. ئەو کاتەی ئازادکرا تا ھەڵگیرسانی شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ی عێراق ڕێگایی خەباتی نھێنی گرتە بەر.

لە شوباتی ساڵی ١٩٥١ لە میانەی کۆنگرەی دووەمی پارتی لە شاری بەغدا بەکۆی دەنگ، ئیبراھیم ئەحمەد بەسکرتیری گشتی پارتی ھەڵبژێردرا. ھەر لەمیانەی ھەمان کۆنگرەدا لەسەر پێشنیازی ئەو، ناوی «پدک» گۆڕا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان-ئێراق. لەسەر کار و چالاکی ڕامیاری، لە ھاوینی ساڵی ١٩٥١ لە سلێمانییەوە بۆ کەرکووک گوێزرایەوە. لەساڵی ١٩٥٣ کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتی ئێبراھیم ئەحمەد کرا و لەم کۆنگرەیەدا دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتان و لاوان و قوتابیان پەسەندکرا.

لەساڵی ١٩٦١ ئیبراھیم ئەحمەد وەک سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان و و سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات کاری دەکرد، پێش داخستنی ڕۆژنامەی خەبات و ھەڵگرتنی مۆڵەتی حیزبەکەی لە کۆتایی ساڵی ١٩٦١ ناچاربوو بەغدا بەجێبھێڵێت و خۆی بشارێتەوە. لەگەڵ ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول ڕویکردۆتە شاخ و لەڕووی ڕامیارییەوە شۆڕشەکەی بەڕێوەبردووە. لەساڵی ١٩٦٤ تا ساڵی ١٩٧١ سکرتێری باڵی مەکتەب سیاسیى پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. پاش ھەرەسی شۆڕشەکە، ڕوودەکاتە ھەندەران و زۆربەی ژیانی لەشاری لەندەنی پایتەختی بریتانیا گوزەراندووە.

ئیبراھیم ئەحمەد ھەر لەسەرەتای ژیانییەوە دەستی داوەتە کاری نووسین و ڕۆژنامەوانی، ھەربۆیە لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا، لە ڕۆژنامەی ژیان کاریکردووە و نۆبەرەی نووسینەکانی لەوێ بڵاوکردووەتەوە. لەبەر شارەزایی لە نووسیندا، پیرەمێردی شاعیر و خاوەنی ڕۆژنامەی ژیان لە نووسێنێکدا ستایشی ئیبراھیم ئەحمەد دەکات و دەڵێت:

  ژیان چاوەڕێی ئەم کوردییە ڕەوانەیە پیرەمێردیش بەھیوای نەوجەوانانە.

کاتیکێش خوێندن تەواو دەکات، دیسان پیرەمێرد باسی دەکات و دەڵێت:

لە خوێندەوارە ھەڵبژێردراوەکانمان ئیبراھیم ئەحمەد کە کۆلێژی مافی تەواوکردووە.. ھتد.

لەساڵی ١٩٣٩ بۆ ساڵی ١٩٤٩ لەگەڵ مامۆستا عەلائەدین سەجادی گۆڤاری گەلاوێژ‌ دەردەکەن. ھەربۆیە ناچاردەبێت لەساڵی ١٩٤٤ دەست لەکاری میری ھەڵبگرێت. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی چەند ژمارەیەکی گۆڤاری ڕزگاریی پێبەخشرا و ھاوکاتیش بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەی خەباتـیشی دەکرد.

ئیبراھیم ئەحمەد بێجگە لەو ڕۆژنامانە خاوەنی ڕۆژنامەی کوردستانیش بوو، کە جەلال تاڵەبانی سەرنووسەری بووە. بەھۆی بڵاوکردنەوەی وتارێک بەڕووی دەسەڵاتدارانی عێراقدا، خەبات و کوردستان لەساڵی ١٩٦١ داخران و فەرمانی زیندانیکردنیش بۆ ئیبراھیم ئەحمەد دەرچوو.

لە گۆڕەپانی وێژەشدا ئیبراھیم ئەحمەدی نووسەر و پارێزەر چەندین کاری بەنرخی نووسیوە، ئەویش بەچەند شاکارێکی بەنرخ وەک "ژانی گەل"، "کوێرەوەری"، "دوا تیری کەوان"، "دڕک و گوڵ"، "هەرزکاری و هەژاری" و "ژیان و خەبات" و... ھتد. نامێلکەی "الاکراد و العرب" کە لەساڵی ١٩٣٧ بە عەرەبی نووسیویەتی ھەوڵێک بووە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان کورد و عەرەب لەوڵاتی عێراقدا.

ئیبراهیم ئەحمەد لە کاتى پارێزەریدا هەمیشە پشتیوانیى لە جوتیاران و هاووڵاتییانى ئاساییە کردووە و هەوڵی داوە لە دۆسیەکانیاندا لە دادگاکاندا سەرکەوتووبن.

ئیبراهیم ئەحمەد لە دواى ئەوەى دەچێتە بەریتانیا لەوێ گۆڤاری چریکەى کوردستان دەردەکات. لەو ماوەیەدا کە لە بەریتانیا بووە بە بەردەوامی بەشداریى کارو چالاکییە جۆراجۆرەکانى پەیوەندیدار بە دۆزی کوردەوە کردووە.

لە دواى دامەزراندنى پەکەکە بە رێبەراتیى ئۆجالان، ئیبراهیم ئەحمەد پەیوەندییەکى نەتەوەییانە لەگەڵ ئۆجالان دەبەستێت و لەئەنجامدا بڕیاری دامەزراندنى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان دەردەکرێت و ئیبراهیم ئەحمەد دەبێتە جێگری سەرۆکى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان.

ئیبراهیم ئەحمەد بە ئەزموونە بەرفراوانە سیاسی و رۆشنبیری و رۆژنامەوانی و ئەدەبییەکەیەوە تاوەکو دوا ساتەکانى ژیانى بە بەردەوامیى پشتیوانى لە خەباتى رەواى گەلی کورد لە هەموو بەشەکانى کوردستاندا کردووە.

ئیبراھیم ئەحمەد لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا و لە کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ڕۆژی ٨ی نیسانی ٢٠٠٠ / ٢٠ی خاکەلێوە لە لەندەن کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی گوێزرایەوە بۆ‌ سلێمانی و لە مەراسیمێکى جەماوەری دا لە گردی سەلیم بەگ بەخاک سپێردرا.

ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ خاتو گەلاوێژ ژیانى هاوسەرگیریی پێکهێنابوو و لەو ژیانە هاوبەشە بوونە دایک و باوکی پێنج کچ بە ناوەکانى هێرۆ، شاناز، هەتاو، لیلۆز و مژدە و دوو کوڕ بە ناوەکانى هەڵۆ و هاوڕێ-یە.

ر.م