٩ی حوزەیران دەستپێکردنی کۆمەڵکوژی کورد لە باشووری کوردستان

٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣ ڕۆژێکی خوێناوی بوو بۆ گەلی باشوری کوردستان، لەو ڕۆژەدا ٨٢ هاوڵاتی بێتاوانی شاری سلێمانی لە لایەن حزبی بەعسەوە بە ڕابەڕایەتی زەعیم سدیق کۆمەڵکوژ کران.

لە ٨/٢/١٩٦٣ حزبی بەعس کودەتایان بە سەر عەبدولکەریم قاسم  ئەنجامدا و لە ناو وێستگەی تەلەفزیۆنیدا عەبدلکەریم قاسم و چەند هاوڕێیەکی نزیکی کۆمەڵکوژکران، لە دوای ئەوەوە حزبی بەعس دەستی گرت بەسەر حکومەتی عیڕاقدا و بە سەدان ئەفسەر و پلە باڵای حکومەتەکەی عەبدولکەریم قاسمی لەناوبرد.

ڕژێمی بەعس لە سەرەتای کودەتاکەیانەوە پەیوەندیان بە سەرکردایەتی شۆڕشی کوردەوە کرد و چەندین بەڵینی گەورەیان بە کورددا، نمونەی لامەرکەزیەت بۆ کوردستان، بەڵام لەگەڵ دامەزراندنیان لە بەڵێنەکانیان پەشیمان بوونەوە و بە بیانۆی جۆراوجۆر هەوڵی هەڵگیرسانی شەڕیاندا لە باشوری کوردستان.

لە ڕۆژی ٨/٦/١٩٦٣ بە سەرکردایەتی زەعیم سدیق، حزبی بەعس هێزی ڕەوانەی ئەزمەر و گۆیژەی شاری سلێمانی کرد. لەو کات و ساتەدا پێشمەرگە ڕوبەڕویان دەبێتەوە و لە ناوچەکە پاشەکشە دەکەن، بەڵام حزبی بەعس بە شێوەیەکی دیکە ڕەق و تورەیی خۆی لە بەرامبەر ئەو بەرگریەی پێشمەرگە ڕشت.

لە ڕۆژی ٩/٦/١٩٦٣ کە دەکاتە ڕۆژێک دوای ئەو پێکدادانەی نێوان پێشمەرگە و حزبی بەعس، بە فەرمانی زەعیم سدیق قەدەغەی هاتوچۆ لە شاری سلێمانی ڕاگەیەندرا بە بەهانەی گەڕان بە دوای چەک و پێشمەرگەدا. لەو ڕۆژەدا حزبی بەعس ٨٢ کەسی لە مامۆستا و کاسبکار و گەنجی بێ تاوان دەستگیرکرد و لە نزیک (حامیە) کە دەکاتە پارکی ئازادی ئێستا، ئەو ٨٢ کەسە بە دڕندانەترین شێوە لەوێ گولەباران دەکرێن و دەنێژرێن.

دوای ئەو ڕووداوە حزبی بەعس بە فەرمی شەڕی لە بەرامبەر پێشمەرگە ڕاگەیاند و تاکو کۆتایی هاتنی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ بە سەدان هەزار کوردی باشوری کوردستان بە کیمیاباران، لە سیدارەدان و شاڵاوەکانی ئەنفال  کۆمەڵکوژ کرد.

ئەوەی کە جێگەی سەرنجە لەوەتەی حزبی کوردی و ڕێکخستنی کوردی بوونی هەیە لە باشوری کوردستان، بە قسەی بریقەدار و بەڵێنی قەبەی حکومەتی عێراق فریو دەخوات. بە درێژایی مێژوو هەر حکومەتێکی نوێ کە هاتبێتە سەر دەسەڵات لە عیڕاق سەرەتا کوردەکانی بە بەڵینە درۆییەکانی فریوداوە و پاشان هێرشی کردووەتە سەر کوردان.

ئەدیب لەتیف محەمەد بەڕێوبەری گشتی کارو باری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی دەربارەی ئەو کۆمەڵکوژیە و کارکردنی ئەو دەزگا حکومەتیە بۆ یادکردنەوەی ساڵانەی شەهیدانی ٩ی حوزەیران، بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند:" ٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣ ڕۆژێکی ڕەش بوە لە مێژوی کورد، لەبەر ئەوەی دەستپێکی سیستەمی بەعس و دەستپێکی لەناوچوونی کورد بوو. لە ساڵی ١٩٦٣ هەشتا و چوار گەنج و لاوی شاری سلێمانی دەستگیرکران و لە ناوچەت حامیەی سلێمانی گولەبارانکران".

ئەدیب لەتیف دەربارەی مەڕاسیمی ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژیە ڕایگەیاند کە ئەوان ساڵانە ئەو یادانەی کە پەیوەست بێت بە وەزارەتەکەیانەوە و ئەوەی مەرگەسات بێت بۆ وڵات و نیشتیمان، یادی دەکەنەوە بەڵام لەم ساڵەدا بە هۆی پابەندبوونیان بە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستیەوە و بوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ناتوانن ئەمساڵ ئەو یادە بکەنەوە.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد کە ساڵانە هەڵەیەک هەیە لە ڕاگەیاندنەکان کە ڕایدەگەیەنن ٨٢ کەس لەوێ شەهید بووە، بەڵام بەپێی داتا و ژمارە لای ئێمە ٨٤ کەس لەو ڕۆژەدا شەهید بوون.

هاوکات عادل عوسمان چالاکوانی مەدەنی لە شاری سلێمانی دەربارەی کۆمەڵکوژی ٩ی حوزەیران بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند:" بەداخەوەی لە پاش ئەو کۆمەڵکوژیە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پارکەی وەکو سومبولێک بۆ ئەو کۆمەڵکوژیە نەناساند، بەڵکو کردی بە جێگایەک کە بۆ کات بەسەر بردن و پیاسە کردن بەکار بهێنرێت".

دەربارەی کارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بنەبڕکردنی عەقڵیەتی فاشیست و بەعسی لە پاش کۆتاییهاتنی حزبی بەعس عادل عوسمان پێی وابوو تێکۆشانی گەل لە عێڕاقدا بە گشتی و هێزە دەسەڵاتدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی گۆڕینی عەقڵیەتدا نەبووە بەڵکو لە ئاستی گرتنە دەستی دەسەڵاتدا بووە بەهەر شێوەیەک بێت. ئەمەش هەلومەرجێکی دروست کردووە زۆرتر ناکۆکیەکان گەشە بکات بۆ ئەوەی توندوتیژی بەرهەمبێتەوە و هێڵێکی فاشیستی گرێدراو بە دەرەوە دروست ببێت.

ف.ق