پۆلیسە بکوژەکەى مەزڵومی تەمەن ١٦ ساڵ سزا نەدرا

پۆلیسە بکوژەکەى مەزڵوم تورانی تەمەن ١٦ ساڵ لەلایەن دادگای دەوڵەتى تورکەوە سزای بەسەردا نەسەپێنرا!.

٢٨ی ئابی ٢٠١٥ / ٦ی خەرمانان لە ناوچەى قۆسەری مێردین مەزڵوم توران-ی تەمەن ١٦ ساڵ بە پاساوی ئەوەى گوێ بە "راوەستە" نەداوە لەلایەن پۆلیسێکەوە بە ناوی سولەیمان ئەسەنبۆگا-وە کوژرا. دانیشتنى دادگا لەسەر ئەو دۆسیەیە لە لقی یەکی دادگای سزا قورسەکانى مێردین بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنەکەى دادگادا پارێزەری مەزڵوم توران وتی "مەزڵوم رێک لە پشتەملییەوە کراوەتە ئامانج و گولـلەى پێوەنراوە، لەبەر ئەوەش تۆمەتبارەکە ئەوی راستەوخۆ کردووەتە ئامانج و تەقەى لێکردووە".

 لە بەرامبەردا داواکارى گشتیى دەوڵەتی تورک وتی "جێبەجێکردنى فەرمان یاسایە و سزای بۆ دەرناکرێت" و باسی لە یاسای سزای تورک ٢٤/١ کرد و داوایکرد بڕیارەکە رابگیرێت و سزا دەرنەکرێت.

لە ئەنجامدا دادگا بڕیاریدا، داواى زیندانیکردنى پۆلیسی بکوژ سولەیمان ئەسەنبۆگ رەتبکرێتەوە و دانیشتنی دادگای دواخست بۆ ١٨ی تشرینی یەکەم  / ٢٦ی رەزبەر.

ژ.ت