چاودێرانی سیاسی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بۆ لاوازکردنی کوردە

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی و سیاسی ناکات لە تورکیا. ئەو کارە  بۆ لاوازکردنی شۆڕشی کوردە لە باکوری کوردستان، بەڵام شۆڕشی کورد بەردەوام لە بەهێز بووندایە.

چاودێرانى سیاسی پێشیانوایە نەمانی گۆشەگیری لە سەر ئۆجالان لە بەرژەوەندیی تورکیایە، چونکە ئیستا ئۆجالان قسە لە سەر پێکەوە ژیان دەکات، بەڵام ئەردۆغان بڕوای بە ئاشتی و پێکەوە ژیان نییە.

ئەحمەد رەفیق چاودێری سیاسی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "گۆشەگیریی سەر ئۆجالان خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی ناکات لە باکوری کوردستان و پرۆسەی سیاسی لە تورکیا، لە ساڵانی رابردوو ئۆجالان پەیام و دونیا بینینی تایبەتی هەبووە لە سەر پرۆسەی سیاسی بە گشتی لە تورکیا و بە تایبەتی پرۆسەی چارەسەری کورد لە تورکیا، ئەوەی ئێستا تورکیا دەیکات بە خوێندنەوەی ئێمە هەڵوێستێکی نامرۆڤانە و ناسیاسییانە و نا دبلۆماسییانەیە و دەچێتە قالبی دژایەتیکردنی تەواوی گەلی کوردستان".

ڕاشیگەیاند: "گۆشەگیریی سەر ئۆجالان ئەوەندەی زیان بە تورکیا دەگەیەنێت ئەوەندە زیان بە بزووتنەوەی چەکداری و شۆڕشگێڕیی کورد ناگەیەنێت، چونکە بینیومانە لە ماوەی ١٩ ساڵی رابردوو ئۆجالان دەست بەسەرکراوە و ئێستاش لە گۆشە گیریدایە، بەڵام بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد پاشەکشەی نەکردوووە و بەڵکو بەهێزتر بووە، لادانی گۆشەگیری لەسەر ئۆجالان لە بەرژەوەندیی تورکیایە، چونکە ئێستا ئۆجالان قسە لە سەر پێکەوە ژیان دەکات".

هاوکات ئارام پەشێو چاودێری سیاسی بۆ بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: "تورکیا پێیوایە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان و دەستگیرکردنی سەرکردەکانی باکور دەبێتە هۆی لاوازکردنی شۆڕشی کورد، بەپێچەوانەوە هەمیشە دەبینین کاتێک گوشارێکی لەو شێوەیە دروست دەکەن گەلی باکور خۆشەویستییان بۆ نیشتیمان و شۆڕشەکەیان زیاد دەکات".

وتیشی: "دوای ئەوەی دادگای ئەوروپا بڕیاری ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاشی دەرکرد، تورکیا دەیەوێت هەمان گۆشەگیریی ئۆجالان بسەپێنێت بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش – یشدا. ئەگەر دادگای ئەوروپا ئەوەندە مرۆڤ دۆستە ئەوا پێویستە پاڵەپەستۆیەکی  زۆر بکەنە سەر تورکیا تا گۆشەگیریی سەر ئۆجالان لادەن و سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکەن".

هەروەها بورهان حاجی سلێمان ڕایگەیاند: "گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە یەکێتیی ئەوروپا ئەدائی زۆر لاوازە کە خۆی بە خاوەنی کەیسی مافی مرۆڤ دەزانێت، تورکیا دەیەوێت لەم رێگایەوە پەیامەکانی ئۆجالان قەتیس بکات و نەهێڵێ پەیامەکانى بگات، کە کاریگەریی تەواوی لە سەر کوردستان و تورکیا و ناوچەکە هەیە".

ڕاشیگەیاند: "تورکیا دەیەوێت ئەو خیتابەی ئۆجالان نەگاتە ناو کۆمەلگای سیاسی و نێودەوڵەتی و ناوەندە سیاسی و جەماوەری و رۆشنبیری کوردی، لە هەمان کات تورکیا دەیەوێت درێژە بە سیاسەتی شۆڤێنیی خۆی بدات بەرامبەر بە پرسی ڕەوای گەلی کورد چونکە هەر دەرکەوتنێکی بەرێز ئۆجالان هیوا بەخش دەبێت بۆ گەلی کورد".

ر.م