چواردەیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ژنە شۆڕشگێڕ وهونەرمەند مەرزیە فەریقی بەرزڕاگیرا

لە گۆرستانی سەیوانی شاری سلێمانی بە دەسپێشخەری کۆمپانیای گزینگی بەرەبەیان و بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکان یادی چواردەیەمین ساڵی کۆچی دوایی مەرزیە فەریقی ژنە شۆڕشگێڕوهونەرمەند لەسەرگۆڕەکەی کرایەوە.

لە چواردەیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ژنە شۆڕشگێر و هونەرمەند مەرزیە فەریقی لە لایەن کۆمپانیای گزینگی بەرەبەیان لە سلێمانی لەسەر مەزاری پیرۆزی یادی کرایەوە و کورتەیەک لەسەر ژیانی مەرزیە فەریقی خوێنرایەوە. لە کاتی مەڕاسیمەکەدا هەر یەک لە کۆمپانیای گزینگی بەرەبەیان، نوێنەری بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی، ڕێکخراوی نوێگەر، کۆمەڵەی ژنانی ئازادی کوردستان و یەکێتی ژنانی کوردستان وتاری خۆیان پێشکەش کرد.

لەسەر ناوی نوێنەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی ئازاد بایز وتارێکی پێشکەش کرد و وتی:" مەرزیە فەریقی وەک هونەرمەندێک و شۆڕشگێڕێک تەواوی ئەرکی نیشتیمانی و نەتەوەیی خۆی پێک هێناوە و لە ژیانی تاراوگەشدا لە کەناڵی مێد تیڤی وەک پێشکەشکارێکی سەرکەوتو کاری کردووە".

لەسەر ناوی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی کوردستان- کەژار جوانە سنە قسەیکرد و باسی لە ژیاننامە و تێکۆشانی مەرزیە فەریقی کرد و وەکو ژنێک، دایکێک، هونەرمەندێک و شۆڕشگێڕێک ناوی برد و لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە هاوڕێیەتی نێوان مەرزیە فەریقی و عەبدوڵا ئۆجەلانی کرد و وەک هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە بەرز نرخاندی و باسی لە تێکۆشانی نەتەوەیی مەرزیە فەریقی کرد.

ڕوبار ئەحمەد لەسەر ناوی ڕێکخراوی نوێگەر قسەیکرد و وتی:"بێگومان مەرزیە فەریقی وەک هونەرمەندێک وەک شۆڕشگێڕێک لە دەستدانی بۆ ئێمە کۆسپێکی گەورەیە و سەری ڕێز و نەوازش بۆ خانەوادەی بەڕێزیان دادەنوێنین، ئێمە لە کەسایەتی نەتەوەیی هونەرمەند تەواوی هونەرمەندانی کوردستان بە بیر دێنینەوە و پەیمان دەدەین هونەری ئازادی بکەینە ڕێچکەی تێکۆشانی خۆمان و ببینە پارێزوانی ڕەسەنایەتی نەتەوەکەمان".

لە کۆتایشدا بەشدار بوان لەسەر وەسیەتی مەرزیە فەریقی لەسەر مەزاری پیرۆزی گوێبیستی گۆرانیەکی بوون و کۆتاییان بە مەڕاسیمەکە هێنا.

ک-ش