ژینگەی کوردستانیش وەک گەلەکەی بۆ ئازادی پێداگیرە

بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر لە گوندی کۆرتەک و دەوروبەری ئاگرکەوتەوە. بەهۆی ئاگرەکەشەوە بە هەزاران دارودرەخت سووتان و ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵانی ناوچەکەش لەناوچوون.

دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر کە سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردنی بەسەر کورددا سەپاندووە، ڕۆژی ١١ی حوزەیران/٢٢ی جۆزەردان بە شێوەیەکی فەرمی ئاشکرا کرد کە دەست بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی داگیرکردنی باشووری کوردستان بکات. بێگومان ئەم هێڕشانە هێڕشی نوێ نین، بەڵکو چەندین ساڵە دەوڵەتی تورکیا بەهەموو شێوەیەک هێرش دەکاتە سەر تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی کورد، تێکۆشان و بەرخۆدانی گەلی کوردیش لەدژی ئەو هێرشانە، هەمیشە لە بەرزترین ئاستیدا بەڕێوەچووە.

هزری دەسەڵاتداریی دەوڵەتی تورکیا تەنها هێرش بۆ سەر تەڤگەری ئازادی گەلی کورد نییە، بەڵکو هەوڵ دەدات ژینگەی بەخێروبێری کوردستانیش تاڵان بکات و لەناوی ببات. ڕژێمی ئاکەپە بۆ دەسەڵات و دیکتاتۆریەتی خۆی، ژن، منداڵ، بەتەمەن و تەنانەت ژینگەی کوردستانیش دەکاتە ئامانجی هێرشەکانی خۆی. نموونەی هەرە بە ئازاری ئەوەش سۆلینا ی ساوایە کە لەگەڵ پێنج ئەندامی بنەماڵەکەی، لە ساڵی ٢٠٠١ لەسەر ڕێگای کۆرتەک، لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی سووپای تورکیاوە کوژران.

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە ئاژەڵ لەناوچوون و بە هەزاران داری ناوچەکە سووتان

دەوڵەتی تورکیای داگیرکەربە بەرنامە ساڵانە ئاگر لە سروشتی کوردستان بەردەدات. چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، جارێکی تر هێرشیان کردەوە سەر دەوروبەری گوندەکانی کۆرتەک. بەهۆی بوردومانەکانەوە، ئاگر لە ژینگەی بەهەشت ئاسای کوردستان کەوتەوە. بەهۆی ئەو ئاگرەشەوە بە هەزاران دارودروخت و زیندەوەرانی ناو ژینگەی کوردستان سووتان.

ئاگرەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە ناوچەیەکی بەرفراوان بەردەوام بوو، هەتا گەیشتە شوێنی مۆنۆمێنتی  سۆلینای ساوا کە بۆ یادکردنەوەی ئەو و بنەماڵەکەی دروست کرابوو. پاش هەوڵێکی زۆری دانیشتوانی هەرێمەکە، توانرا ئاگرەکە بکوژێنرێتەوە. کاتێک کە ئێمە خۆمان گەیاندە هەرێمەکە، بینیمان کە ژمارەیەکی زۆریش لە لەوەڕگاکان سووتاون. ئەو ئاژەڵانەی کە لە سووتان ڕزگاریان بووە، هەوڵ دەدەن لەناو سووتووی سروشتی کوردستاندا، سەرلەنوێ بژینەوە.

ک-ش