کەنەکە: دەرفەت نەدەنە داگیرکەران بۆ خۆشکردنی ئاگری ناکۆکیی ناوخۆیی
لەبارەی ئاڵۆزییەکانی زینێ وەرتێ، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە یەنەکە و پەدەکە کرد کە هێزەکانیان بکشێننەوە.
لەبارەی ئاڵۆزییەکانی زینێ وەرتێ، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە یەنەکە و پەدەکە کرد کە هێزەکانیان بکشێننەوە.
ڕاگەیەنراوی کەنەکە بەم شێوەیەیە:
"لە بەیاننامەکەی کەنەکەدا ئاماژەی بە کۆرۆنا کردووە کە ڕووبەڕووی جیهان بووەتەوە و ڕایگەیاندووە: لەم دۆخەدا خەڵکی هەرێم سەرباری هەموو کێشەو نیگەرانیەکانیان، دانیان بەخۆدا گرتووەو بەرپرسانە لەگەڵ دۆخەکەدا هەڵسوکەوت دەکەن، کەچی بەداخەوە رێک لەم کاتە ناسکەدا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە دوو هێزی هەرە باڵادەستی هەرێمی کوردستانن و بەرپرسیارێتی بەڕیوەبردن و پاراستنی خەڵکی کوردستانیان لەسەر شانە، لە زینی وەرتێ ، هێزەکانیان لەبەرامبەر یەکتر کۆدەکەنەوە، ئەم هەڵوێستەش دلەڕاوکێ و نیگەرانیەکی زیاتری بۆ خەڵکی کوردستان درووستکردووە.
بێگومان ئەم دۆخە بۆ داگیرکەران و نەیارانی کوردستان دەرفەتێکە کە هەمیشە خەونیان پێوە بینیوەو کاریان بۆ کردووە، ئەوەتا هەر لەم کەشوهەوایەدا، دەوڵەتی تورکیا چەند جارێک بۆردومانی هەمان ئەو ناوچەیەی و بناری قەندیلی کرد، هەمانکات بە فڕۆکە ی جەنگیی هێرشی کردە سەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور کە لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە و ماوەیەکیشە بە دەست گەمارۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەناڵێنێت، لە هێرشەکەشدا ژن و منداڵ بوونە قوربانی، ئێمە وێڕای ئەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خەڵکی کوردستان ریسواو شەرمەزار دەکەین، داوا ئەکەین گەلی کوردستان و هیزە سیاسییەکانی هۆشیار بن و دەرفەت نەدەنە داگیرکەران بۆ خۆشکردنی ئاگری ناکۆکیی ناوخۆیی.
دەوڵەتی تورکیا و نەیارانی دیکەش هەر بەوەندە راناوەستن، هەموو تواناکانیان بۆ بەرپاکردنی شەڕێکی ماڵوێرانکەری ناوخۆ بەکاردێنن، تا لەو رێگایەوە کوردان لاوازبکەن و دواجار هێرشی بەربلاوی خۆیان بۆ سەر خەڵکی کوردستان و دەستکەوتەکانی کە بە خوێنی دەیان هەزار شەهید و رەنج و تێکۆشانی سەدان هەزار تێکۆشەر بەدەستهاتوون، دەستپێبکەن.
گەلی کوردستان لە ئێستادا وەک هەموو گەلانی جیهان، پێویستی زیاتری بە پشتگیریی ناوخۆیی و یەکڕیزی و تەبایی هەیە، نەک هەنگاونان بە ئاقاری ناکۆکی و شەڕی ناوخۆیی، ئەگەر گەلانی دنیا بەدەست دەردو پەتایەکەوە ئەناڵێنن، ئەوا گەلی کوردستان لەبەردەمی مەترسی زۆر گەورەتریشدایە کە هێزە نەیارە دراوسێکانی خۆیان بۆ مەڵاس داوە.
"هێزە ناپێویستەکانیان لەبەرامبەر یەکتر و ئەو هێزە نوێیانەی هێناویانەتە ئەو ناوچەیە بکێشننەوە، کێشە و ئاریشەکان بە دیالۆگ و بە رێگای ئاشتی و بەرپرسانە چارەسەر بکەن، ئێمە بە هەموو توانەیەکمانەوە ئامادەی هەموو هاوکارییەکین، لە هەموو کەناڵی پەیوەندییەکانمانەوە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەو دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەریین بۆ ئاساییکردنەوەی ئەو رەوشە نەخوازراوە.
داوا لە سەرجەم پارت و رێکخراوە کوردستانیەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان و کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیری و ئەکادیمیی کوردستان دەکەین، کە بە هەڵوێستی جوامێرانەی خۆیان رۆڵی ناوبژیوان و کاراکتەری هێورکردنەوەی ئەم دۆخە ببینن و داوا لەئەندام و لایەنگرانی ئەو دوو هێزە و خەڵکی کوردستانیش بە گشتی دەکەین زیاتر دان بە خۆیاندا بگرن، هێرشی میدیایی و کەناڵەکانی سۆشیالمیدیا لەبەرامبەر یەکتر راگرن و ئاگری ناکۆکیی زیاتر خۆش نەکەن".
ف.ق