گیراوانی سیاسی لە تورکیا ئەشکەنجە دەدرێن و سووکایەتییان پێدەکرێت

ڕاگەیەنرا کە ژنە زیندانیانی نەخۆش لە زیندانی دیلۆکی باکوری کوردستان بەسەر زەوییدا راکیشراون و لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە ئەشکەنجە دەدرێن و سووکایەتییا پێدەکرێت.

 

گولیستان ئال، ژنە زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی دیلۆک لەبارەی ئەو فشار و ئەشکەنجانەی پاسەوانە پیاوەکان بەسەر ژنانی دەهێنن نامەیەکی ئاراستەی دەرەوە کرد.

ئال لەبارەی دۆخی ژنە زیندانییە نەخۆشەکانی زیندانی دیلۆکەوە زانیاری بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ئەسرا دەمیر، کە ٣ هەفتە پێش ئێستا زیندانیکراوە، ئەشکەنجە دراوە، شەش پەراسوویان شکاندووە، جگەری تووشی کێشەیە و شانێکیشی شکاوە.

هەروەها ڕایگەیاندووە: ڕۆژی ٤ی تەموز/١٣ی پووشپەڕ پاسەوانەکان ڕژاونەتە ناو زیندانەکەوە و ئایسەل کایا ڤوروجو-یان بە زۆرەملێ بردووە بۆ زیندانی تاکەکەسی، لە زیندانی تاکەکەسیش پاسەوانە پیاوەکان ئازاریان داوە.

ئال ئەوەشی ڕاگەیاندووە، کە پاسەوانەکان لە ئەسرا دەمیریان داوە، ئەسرا کەوتووەتە سەر زەوی، پاشان لەسەر ئەرز ڕایانکێشاوە و بەو شێوەیە تا ناوەندی تەندروستییان بردووە.

ک-ش