با گوێی لە دەنگی باڵندەکانیش نەبێت! -٢٥-

دەوڵەتی تورک لە رۆیشتن بەرەو ساڵی ٢٠٠٨ شێوازی ئەشکەنجەی بەدەر لە عەقڵی خستەکار. بە زۆر قژی ئۆجالان کورت کرایەوە، بۆ ئەوەى باڵندەکان لەسەری نەنیشنەوە و نەخوێنن، دارەکانی دەورووبەری زیندانە تاکە کەسییەکەیان بڕییەوە.

لە سیستمی ئیمراڵیدا و لە ساڵی ٢٠٠٦ بە دواوە سەپاندنی سزای ژووری تاکەکەسی، کە پێی دەوترێت "ئەشکەنجەى سپی" بووە سزا و  کردەوەیەکی ئاسایی. عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ١٢ی تەممووزی ٢٠١٦دا و کاتێک پارێزەرەکانی بینی پێی وتن، "بۆ چارەسەری و ئاشتی دەبێت رێگای سیاسەتی دیموکراتیکی بە روودا بکرێتەوە"، بەڵام رادیۆکەی، رۆژنامە و کتێب لە ژوورەکەى وەرگیرانەوە. رێگایان نەدا رۆژانە بچێتە شوێنی هەوا وەرگرتن، سزای ژووری تاکەکەسیی بۆ ماوەى ٢٠ رۆژ بەسەردا سەپێنرا. ئۆجالان، کە هەر خۆی لە ژوورێکی تاکەسیدا رادەگیرا، جارێکیتر و بۆ ٢٠ رۆژ لە ژوورێکی تاکەکەسی، کە هەموو دیوارەکانی سپی بوون، دەبوو بە تەنها بمایەتەوە. ئۆجالان بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە دژی ئەو سزایە نووسراوی بۆ لیژنەى دیسیپلینی زیندان نووسی و رایگەیاند، بە بەردەوامی باس لە بیر و رامانی خۆی لەسەر چارەسەریی دیموکراتیک دەکات و دەیانخاتەڕوو.

"لە قسەکانمدا ئەوەى کە زۆرتر لە هەموویان بێزارم دەکات ئەوەیە، کە هەر دوو لایەنەکە دۆخی قورس و زەحمەتی من بۆ خۆیان وەک دەستکەوتێک بەکار دەهێنن. من هەوڵ دەدەم بێ راوەستاندن ئەوە بڵێم، کە ئەوە بە راست نازانم. من ئەوە هەم بۆ پەکەکە و هەم بۆ دەوڵەت دەڵێم، چونکە لێکدانەوە و حساباتی هەڵە دەکەن. ئەگەر هیچ رێگایەک بۆ لێدەرچوون، بۆ چارەسەری نەخرێتەڕوو، ئەی ئەو هەزاران مرۆڤە لە چیاکاندا چی بکەن؟. دەستنیشانکردنێکی بابەتیانەیە ئەوەیە، ئەگەر رێگای چارەسەری بە یاسا دابخرێت، ئەوا شەڕ قورستر دەبێت، کێشە قورسەکان جەماوەر وەردەسوڕێنێت بۆ تەقینەوە. ئەوە فەرمان نییە. من جارێکیتر رایدەگەیەنم، بۆ ئەوەی بە هەڵە لێکنەدرێتەوە، هۆشداری و پێشنیازەکانم دیسانەوە دووبارە دەکەمەوە، بە شێوەیەکی مێژووی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە بەرپرسیاری بجوڵێنەوە و ببنە خاوەن هەڵوێست، پێشنیازی سەرەکیم ئەوەیە، کە ئەرکی خۆتان بەرامبەر بە ئاشتی و چارەسەریی دیموکراتیک بەجێبهێنن".

ملیۆنەها کەس: ئۆجالان ئیرادەی سیاسیی منە

لەو رۆژانەدا، کە سیستمی ئەشکەنجەى دەوڵەتی تورک لە سنوور تێپەڕیبوو، کوردانیش ئەرکی یەکەمی کەمپەین و هەڵمەتە مێژووییەکەیان، کە ماوەى ١٠ مانگ بوو بەردەوامبوو، بەرەو کۆتایی دەبرد. ئەنجامەکانی هەڵمەتی بزووتنەوەى هاووڵاتییان ئازاد، کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ – ٢٠٠٦ دا لە تورکیا و کوردستان بە ناوی "هەڵمەتی ئۆجالان ئیرادەی سیاسیی منە" دەستپێکردبوو، لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦دا لە ئەنقەرە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا بۆ رای گشتی ئاشکرا کرا. سەرباری ئەوەى سەدان هەزار چالاکوانی هەڵمەتەکە لەلایەن پۆلیسی تورکەوە دەستگیرکران، بەڵام ٢ ملیۆن و ٢٤٣ هەزار کەس وتیان، "من کوردستانییەکم و عەبدوڵا ئۆجالان لە کوردستان بە ئیرادەی سیاسیی خۆم دەزانم و قبوڵێ دەکەم" و هەڵمەتەکەیان ئیمزا کردبوو. لەو ئیمزایانەدا ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزاریان لە ئەوروپا کۆکرابوویەوە.

ئەو کەمپەین و هەڵمەتە، کە لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوامیی پێدرا، ئیمزاکانی ١٠ ملیۆنی تپەڕاند. بێگومان ئەوە یەکەمجار نەبوو، پێشتر بە ناوی جیاجیاوە بۆ ئەوەى گۆشەگیری لەسەر ئیمراڵی تێکبشکێنرێت، بۆ باشکردنی دۆخی تەندروستی و ژیانی ئۆجالان و لە هەموویان گرنگتر بۆ ئازادکردنی ئۆجالان ٢ کەمپەین و هەڵمەتی تری جەماوەری رێکخرابوون.

*زیندانیان لە زیندانەکانی تورکیا و کوردستاندا لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠١دا بە ناوی "کەمپەینی خاوەنداریکردن لە رێبەرایەتی و پاراستنی رێبەرایەتی" دەستیان بە رێکخستنی یەکەم کەمپەین کرد. زیندانیان لە چوارچێوەیى کەمپەینەکەیاندا چالاکیی مانگرتن لە خواردن بە شێوەی دەوری و نەچوون بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن و دیدارە کراوەکانیان رێکخست. ئەو کەمپەینە کە لە زیندانەکاندا دەستیپێکرد، لە ماوەیەکی کورتدا لە شارەکانی کودستان و دواتر لە شارەکانی تورکیا و ئەوروپا بە رێپێوانی گەورە و کۆنفرانسی رۆژنامەوانی درێژەى پێدرا. ئەو کەمپەینە لە ١٥ی شوباتی ٢٠٠٣دا کۆتایی پێهات.

*کەمپەینی "ئازادی بۆ رێبەراتی" بە پێشەنگایەتیی بزووتنەوەى گەنجانی سەربەخۆ (BAGEH) لە ١ی شوباتی ٢٠٠٤دا دەستیپێکرد و تاوەکو ١ی ئایاری ٢٠٠٤ بەردەوامبوو. لەو کەمپەینەدا سەدان هەزار ئیمزا لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ ئازادیی ئۆجالان کۆکرانەوە و رادەستی پەرلەمانی تورکیا کران.

شێوازی نوێ خرایە کار

دوای ئەوە ئیرادە و ورەی ئۆجالان بە هیچ یەک لە شێوازەکانی ئەشکەنجە و گۆشەگیری تێکنەشکا و ملیۆنەها کەس لە دەوری کۆبوونەوە، دەوڵەتی تورک لە ئیمراڵی دەستی بە تاقیکردنەوەى شێوازی نوێی ئەشکەنجە کرد. لەسەر ئەگەری ئەوەى، کە رەنگە ئۆجالان ژەهرخوارد کرابێت، لە ساڵی ٢٠٠٧دا نمونەکانی قژی وەرگیرابوون و لە ئیتالیا و سوید لە دوو تاقیگەدا پشکنینیان بۆ کرا. پشکنینی تاڵە قژەکانی رێبەری گەلی کورد، کە دەبوو لەبارەى تەندروستیی ئۆجالانەوە زانیاریی دڵنیاکەرەوەیان لێوەرگیرابێت لەلایەن گەلی کورد و ئازادیخوازانەوە چاوەڕوانی بڵاوکردنەوە ئەنجامی پشکنینەکان دەکرا. ئەو راگەیاندراوەی، کە رای گشتی تامەزرۆی بوون لە ١ی ئاداری ٢٠٠٧دا لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتالیا بڵاوکرایەوە، کە رێبەری گەلی کورد لە کۆتایی ١٩٩٨ و سەرەتای ١٩٩٩دا بۆ ماوەى ٦٦ رۆژ تیادا مابوویەوە.

کارگەکانی سەربە مەهەپە ژوورەکەى ئۆجالانیان بۆیاخ کرد

بەپێی ئەنجامی راپۆرتی پشکنینەکان، کە ئیمزای دەستەى شارەزایان و پسپۆڕانی بەسەرەوە بوو، لە تاڵە قژەکانی ئۆجالاندا رێژەى کرۆم و ئلمنێت (توخم) سترۆنسیوم لە رێژەی ئاسایی زیاتر بوون و ئەوەش مەترسیی جدیی لەسەر تەندروستیی دروستکردبوو. بە کورتی لە تاڵە قژەکانی ئۆجالان دا ئەوە دەستنیشانکرابوو، کە ئۆجالان ژەهرخوارد کراوە. دوای کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەى شاری رۆما، لایەنە کوردییەکان یەک لە دوای یەک راگەیاندراویان بڵاوکردەوە. موراد قەرەیلان بۆ رای گشتیی راگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە رێبەری گەلی کورد لە رێگەى بۆیاخی ژوورەکەیەوە ژەهرخوارد کرابێت، چونکە کاری بۆیاخەکردنی ژوورەکەیان داوەتە کۆمپانیا و لایەنەکانی سەر بە مەهەپە و زانیاریی ئەوەیان لە بەردەستدایە، کە کارگەکانی سەر بە مەهەپە ماددەی ژەهراوییان تێکەڵی بۆیاخی ژوورەکەی رێبەر ئاپۆ کردبێت.

تەندروستیی ئۆجالان تەندروستیی ئێمەیە!

دەنگی "با شاندێکی بێلایەن بڕوات بۆ ئیمراڵی و دەست بە لێکۆڵینەوە بکات" لە ناو رای گشتیی کوردداندا بەرزبوویەوە. لە ناو رژێمی ئەنقەرەدا رێگا بەرووی ئەو هەڵوێستەدا، کە چاوەڕێی دەکرا، نەدەکرایەوە. لەبەر ئەوەش سەرەتا لە ئەوروپا و لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و کوردستان سەدان هەزار مرۆڤ رژانە سەر شەقامەکان و رایانگەیاند، "تەندروستیی ئۆجالان تەندروستیی ئێمەیە" و لە دژی ژەهراویکردنی ئۆجالان داوایانکرد، هەمەلایەنە و شانبەشانی یەکتر بجوڵێنەوە. دوای ئەوەى یەکێتیی ئەوروپا، ئەنجومەنی ئەوروپا و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا گوێی لە خۆپیشاندانەکان نەگرت، رێپێوان و چالاکیی ناڕەزایەتیی مەدەنیى کوردان لە ستراسبۆرگی فەرەنسا لە ١١ی نیسانی ٢٠٠٧ دا دەستیپێکرد و ١٨ سیاسەتمەداری کورد و چالاکوان دەستیان بە چالاکیی مانگرتن لە خواردنی بێسنوور کرد.

بە ژیان بەرخودان و بەرەنگاری بکەن

ئەو چالاکییەی مانگرتن، کە ٥٠٠ کەسیش بە شێوەى دەوری تیایدا بەشدار بوون، لە رۆژی ٣٩هەمیندا و دوای پەیامی رێبەری گەلی کورد، کە وتی بە "بە ژیان بەرخودان بکەن" کۆتایی پێھات. هەروەها لە هەمان کاتدا ٨ پەرلەمانتاری ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ئەوەى شاندێکی سەربەخۆ چارەسەری ئۆجالان بکەن، دەستیان بە کەمپەینی ئیمزا کۆکردنەوە کردبوو. کوردستانیان لە ئەوروپا بۆ ئەو کەمپەینە لە ماوەی یەک هەفتەدا ١٠٣ هەزار و ٤١٧ ئیمزایان کۆکردەوە، لە ١١ی ئایاری ٢٠٠٧دا ئیمزاکان رادەستی لیژنەى بەرێوەبەریی کۆمیتەى پێشگرتن لە ئەشکەنجەى ئەنجوومەنی ئەوروپا (سی پی تی - CPT) کران و بەو هۆیەوە سی پی تی بڕیاریدا، شاندێک رەوانەى ئیمراڵی بکات.

شاندەکەى سی پی تی لە رۆژانی ١٩ – ٢٢ی ئایاری ٢٠٠٧ دا رۆیشتن بۆ ئیمراڵی لەبارەی پەیوەندیی رێبەری گەلی کورد لەگەڵ دونیای دەرەوە و تەندروستیییەوە چەند پێشنیازێکیان خستبووەڕوو. دەوڵەتی تورک جارێکیتریش گوێی لە سی پی تی نەگرت و لە ئیمراڵی درێژەی بە گۆشەگیری و دۆخ و تێزی "مردن لە سەرزەمینە دوورە دەستەکاندا" دا. لەو رۆژانەدا گەشەسەندنێکی گرنگ لە ٢٠٠٧ روویدەدا. لیژنەى گشتیی ٥هەمین کۆنگرەى – گەل لە نێوان ١٦-٢٢ی ئایار کۆبوونەوە و پلانی گۆڕینی مۆدێلی رێکخستنی بزووتنەوەى ئازادیی کوردیان داڕشت.

دامەزراندنی کەجەکە

لە کۆبوونەوەى دەستەى گشتییدا بە بەشداری ٢١٣ نوێنەر لە کوردانی هەر چوارپارچەى کوردستان و کوردانی دیاسپۆرا، کۆما کۆمەڵێن کوردستان (کەکەکە - KKK)، کە لە چوارچێوەى پرادیگمای عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورددا دامەزرابوو و گۆڕدرا بۆ کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - KCK). کەجەکە جیاوازییەکەى لە کەکەکە ئەوەبوو، وەک سیستمی چەتری نوێنەرانی هەموو پارچەکان کاری دەکرد. لەو رۆژانەدا کاتێک کەجەکە راگەیاندرا ئۆجالان لەو بارەیەوە وتی، "سیستمی کەجەکە سیستمی دیالکتیکی کۆمەڵگەى دیموکراتیکە. کوردانی هەر پارچەیەک دەبێت لەگەڵ دەوڵەتەکاندا دیالۆگ بکەن و رێبازێکی دیموکراتیک پێش بخەن. ئەوە نە لە دژی هەم رەش و هەم سپیە. بۆ نمونە کورد لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە پێکەوە دەژین، پێکەوە تێدەکۆشن، بەڵام دەبێت ئەوە وەک رەش و سپی نەبینن و یەکتر لە ناو نەبن.

بە تایبەتی دەبێت کورد بە هۆشمەندیی نەتەوەی دیموکراتیک تێبکۆشێت. بۆ ئەوەش کەجەکە نوێنەرایەتیی هەموو کوردان دەکات، لە هەر پارچەیەک بە ناوی کوردانەوە سیاسەت دەکات. کەجەکە لە ئێران، تورکیا، سوریا و تەنانەت لە عێراقیش دەتوانێت بە ناوی کوردانەوە چاوپێکەوتن ئەنجام بدات، دەتوانێت لەگەڵیاندا دیالۆگی دیموکراتیک پێش بخات. تورکیا ئەگەر بیەوێت کێشەکانی لەگەڵ من چارەسەر بکات، من بە سیفەتی سەرۆکی کەجەکە چاوپێکەوتن دەکەم و دەدوێم.

پشتبەستووە بە خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک، سیاسەتی دیموکراتیک، کۆمەڵگەى دیموکراتیک و کۆماری دیموکراتیک. ئەوە ئەو سیستمەیە، کە من پێی دەڵێم، کەجەکە و فۆرم و شکڵێکە بۆ کوردان گونجاوە، چونکە کێشەى کورد بە سیاسەتە فاشیستییە نەتەوەییەکان و بە ئیسلامی سیاسیی چارەسەر نابێت. ئەوان لەو بابەتەدا هیچ پرۆژەیەکیان نییە. خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک گونجاوترین چارەسەرییە، کە دەکرێت بەدی بێت. من ئەوەم لە پارێزنامە جیاجیاکانی خۆمدا بە وردی و داتاوە نووسیوە، دەزانم، کە فیدراسیۆنیش دەتوانێت چارەسەری بەدیبهێنێت".

راگەیاندنی کەجەدە (دەتەکە)

یەکێک لە کۆڵەکەکانی تری رێکخستنکردن، کە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستنیشانیکردبوو، لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧دا لە ئامەد راگەیاندرا. لەو رۆژەدا بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک بە ناوی کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە - KCD) راگەیاندرا، کە هەموو رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە ژێر چەترێکدا کۆکردەوە. لە راگەیاندراوی کەجەدەدا بۆ ئۆجالان دەربڕینی "رێبەری گەلی کورد" بەکار هێنرابوو و داوا کرابوو کە ئۆجالان لە ئیمراڵی بۆ شوێنێکی تر بگوێزرێتەوە و کێشە تەندروستییەکانی چارەسەر بکرێن، لەسەر بنەمای ئیتنیک و خاک داوای خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک و ئەنجومەنە هەرێمییەکان (پەرلەمان) کردبوو.

ئیدی بەسە!

لەو نێوانەدا لە ئیمراڵی یەک لە دوای یەک سزای ژووری تاکە کەسی بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورددا دەسەپێنرا، دۆخی تەندروستیی ئۆجالان زەنگی لێدابوو. تاوەکو دەچوو باری تەندروستیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد خراپتر دەبوو، سەپاندنی سزای ژووری تاکەکەسی یەک لە دوای یەک، سەپاندنی سزای دیسیپلین بۆ ٥ جار، بوو بە رۆژەڤی کۆنگرەى گەل لە نێوان ١١-١٦ی ئەیلولی ٢٠٠٧دا.

نوێنەران لەبارەی بەردەوامیی گۆشەگیری و ئەشکەنجەى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد وتیان، "ئیدی بەسە!" و ئەوە مۆری خۆی لە کۆنگرە دا. لەبەر ئەوە لە کۆنگرەدا بڕیارێک بە ناوی "ئیدی بەسە، رێبەری بژی بدە ژیان" دەست بە کەمپەینێک کرا، کە ملیۆنەها کەسی لە خۆ گرت. لەبارەى کەمپەینەکەوە راگەیاندرا: "کەمپەینەکەمان تاوەکو گارەنتیکردن و زەمانی ژیانی رێبەر ئاپۆ، لە زیندانی ئیمراڵییەوە بگوێزرێتەوە بۆ شوێنێکی تر، بە پێداگرییەوە درێژەى بە خۆی دەدات".

چاوپێکەوتنی بۆش – ئەردۆغان

بە گەیشتنە پاییزی ٢٠٠٧ هێشتا شەڕ لە کوردستان قورستر و زیاتر دەبوو. هەڵمەتی چوونە سەر لیوای کۆماندۆی سوپای تورک لە ئۆرەمار لەلایەن هێزەکانی گەریلاوە لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧دا، سوپای تورکی تووشی شۆک کرد، بووە هۆی ئەوە بە جارێک تورکیا و هێزە پشتیوانەکانی روو بەرەو کوردستان وەرسوڕێنن. لەبەر ئەوەش لە چاوپێکەوتنی ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ی نێوان جۆرج بۆش سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی تورک لە واشنتۆن دا باس لە "بەرەنگاربوونەوەى پەکەکە" کرا. دوای ئەو چاوپێکەوتنە بۆ پاکتاوکردنی پەکەکە لە ئاستی جیهانیدا قۆناغێکی نوێ دەستیپێکرد، لە ئیمراڵیش دەوڵەتی تورک ئەشکەنجە و گۆشەگیریی لە بەرزرترین ئاستدا خستبووە کار.

شێوازە نوێکانی ئەشکەنجە

دەوڵەتی تورک ساڵی ٢٠٠٨ لە ئیمراڵی دەستی بە سەپاندنی شێوازە نوێکانی ئەشکەنجە کرد، کە بە بیری کەسدا نایەن. دەوڵەتی تورک لە حوزەیرانی ٢٠٠٨دا بە زۆر قژی ئۆجالانی کورت کردەوە. ئۆجالان لە چاوپێکەوتنی رۆژی ٢ی تەممووزی ٢٠٠٨ لەگەڵ پارێزەرەکانیدا لەوبارەیەوە وتبووی، "قژیان کورت کردمەوە. دەوڵەت بەوە پەیامی 'ئێمە کەی بمانەوێت تۆ کۆنترۆڵ دەکەین، ئێمە چیمان بوێت دەتوانین ئەنجامی بدەین، تۆ لە دەستی ئێمەدایت، ٢٤ کاتژمێر لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایت' دا. لە دەستی مندا شێوازەکانی ئیمراڵی هەیە، شێوازەکانی زیندانەکانی تر هەیە. کورتکردنەوەى قژ لە دژی ئەوەیە. وتیان دەبێت ئێمە ئەوە بکەین. ئەوانیش وتیان، 'ئێمە ناچارین قژت کورت بکەینەوە'،".

'سزای دیسیپلین' وەک ئامڕاز و کەرەستەیەکى هەڕەشە و تۆڵەکردنەوە لە مانگەکانی هاوینی ٢٠٠٨ لە بەرزترین ئاستی بێویژدانیدا دەسەپێنرا. لە نێوان مانگی ئایار و حوزەیران دا لە یەک رۆژەوە تاوەکو ٥٠ رۆژ سزای ژووری تاکەکەسی سەپێندرا. لە چاوپێکەوتنی پارێزەران لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دا لە ٢٣ی تەممووزی ٢٠٠٨دا راگەیاندرا، دوای کۆتایهاتنی سزای ٥٠ رۆژەی ژووری تاکەکەسی، بەڕێوەبەریی زیندانی ئیمراڵی پێیان وتبوو، "تۆ ٥٠ رۆژت تەواو کرد، ٥٠ رۆژی تری بە دوادا دێت". قژی ئۆجالان-یان بە بەرچاوی خۆیەوە سوتاندبوو، لەلایەن کارمەندانی زیندانە تاکەسییەکەوە بە بەردەوامی پشتەى دەرگای زیندانەکەی ئۆجالان دەکرایەوە و دادەخرایەوە، دیسانەوە رێگا نەدەدرا کتێب بخوێنێتەوە. رێبەری گەلی کورد لەو چاوپێکەوتنەدا لەوبارەیەوە وتبووی، "دوێنێش لەسەر بابەتی چوونەدەرەوە بۆ شوێنی هەواگۆڕکێ کێشە روویدا. بەڕێوەبەر بەبێ ئەوەى پێویست بکات، دەنگی خۆی بەرز کردەوە و هۆشداریی ئەوەیدا، کە کات کۆتایی هاتووە. دەیتوانی ئەوەش بە ئارامی بڵێت. کاتێک ئەوان بە زمانی خۆش شتەکان دەردەبڕن، من سپاسیان دەکەم، بەڵام بۆ وادەکەن، هێشتا من بە تەواوەتی لەوە تێناگەم. رەنگە ئامانجیان ئەوە بێت لە رووی دەروونییەوە بمخەن و ورەی من تێکبشکێنن، بۆیە من بە بەڕێوەبەرەکەم وت، "بەو شتە بچووکانە بەسەرمدا نەین'، چەک دەربنێنە گولـلەیەک بتەقێنە، هیچ دەنگ ناکەم، بەڵام بە شتی بچووکی وەها بەسەر مندا نەیەن. لەوبارەیەوە من سکاڵایەکم بەرزکردووەتەوە".

سەپاندنی سزاکانی بەدەر لە مرۆڤایەتی لە سیستمی گۆشەگیریی ئیمراڵی و ئەوانەى چوونەتە مێژووەوە بەمانەوە سنووردار نەبوون. ئەو دارانەى، کە لە دەورووبەری ژوورە تاکە کەسییەکەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورددا بوون، بۆ ئەوەى باڵندەکان لەسەری نەنیشنەوە و نەخوێنن بڕێندرانەوە. لە چاوپێکەوتنی ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨دا ئۆجالان باسی بابەتێکی کرد، کە بەدەرە لە هۆشی مرۆڤ و وتی، "لێرە ٢ داری لێ بوو، کە لە پەنجەرەى ژوورەکەى منەوە دیار بوون، بەڵام ئێستا نەماون. دوو رۆژ لەوە پێش ئەو دارانەیان بڕییەوە. من نەمدەخواست باسی بکەم، بەڵام ئیدی باسی دەکەم. بۆ ئەو دارنەیان بڕییەوە؟ باڵندەکان دەهاتنە سەر ئەو دارانە و دەنیشتنەوە، باڵندەکان دەیانخوێند، بە دەم باوە دەجوڵان و دەهەژان، شین بوون، بەس ئەوان نایانەوێت من بوونەوەرێکی زیندوو ببینم. لەبەر ئەوە دارەکانیان بڕییەوە، کاتێک سەیر دەکەم ئیدی دار نابینم. ئەوان ئەوەش تەحەمول ناکەن، کە دارێکیش ببینم. دیسانەوە دوێنی ژوورەکەیان سەروبن کردم. هەموو کاغەز و نامەکانیان پرش و بڵاوکردمەوە. دەزوویەکیشیان نەهێشتەوە، کە من نامەکانی خۆمی پێ ببەستمەوە، هەموویان پارچە کرد. هەتاوەکو من ئەوانەم رێکخستەوە زۆر ماندوبوم. ئەگەر من خۆم بە دەستەوە بەدایە دۆخەکە ئاوا نەدەبوو".

سبەی: قۆناغی خابوور و قەدەغەکردنى سەردانی پارێزەران

ژ.ت