بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە بەبۆنەى ٤٩یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەنەکەوە کە لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ لە ١ـی حوزەیرانى ساڵی ١٩٧٥ دامەزراوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەدا تاڵەبانی ڕایگەیاند: ئەوەی لە ڕابردوودا لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان کردوومانە، بە هەمان ڕۆحییەتەوە بەردەوامیی پێدەدەین و دەمانەوێت ئاشتییەکی هەمیشەیی و دوور لە ململانێی نابەجێ ناوچەکە بگرێتەوە.
سەرۆکی یەنەکە دەشڵێت: جەخت لە قووڵکردنەوەی ئاشتی و پێکەوەژیان دەکەینەوە، دەرگای کاری پێکەوەییمان کراوە بووە و هەروا دەمێنینەوە، ڕێزی تەواو لەسەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی تری کوردستان دەگرین و دەمانەوێت جیاوازییەکان بخەینە خزمەت ئامانجەکانەوە، ناکۆکییە ناوخۆییەکان پێکەوە چارەسەر بکەین و بە ئیرادە و هێزێکی زیاترەوە لە دەرەوە دەربکەوین.
هەروەها بافڵ تاڵەبانی جەختیکردەوە، کوردستان پێویستی بەهەمووانە و دەنگمان پێکەوە زوڵاڵترە، یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیمان زامنی پاراستنی مافەکانمان دەکات و ئەزموونەکانی رابردوو سەلماندوویەتی دووبەرەکی خزمەتی هیچ لایەک ناکات، پێویستە بە خەونێکی گەورەتر و نیشتمانیترەوە هەنگاوبنێین و چاومان لە خۆشگوزەرانیی خەڵک و داهاتووی گەشی کوردستان بێت.
هـ . ب