رێکخراوەکانی مەبیادەر و توئای دەر کە رێکخراوی تایبەت بەو بنەماڵانەن کە کەسوکاریان لە شەڕدا ژیانیان لەدەستداوە و هەروەها ئەوانەی زیندانی کراون، لە ئامەد کۆبوونەوەیەکیان لە ژێر ناوی "کاتی خاوەنداری لە بەهاکانە" لە ئامەد سازکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کەسکین بایندر هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) قسەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، تێکۆشانی ئازادی نیوسەدەی رابردوو زۆر بەهای خوڵقاندووە و پێویستە خاوەنداری لەو بەهایانە بکرێت و ئەوەشی خستەڕوو کە هەنگاو بە هەنگاو گوڕ بە تێکۆشان دەدەن و جەختی کردەوە، "بەو بیر و بڕوایەوە خاوەنداری لە خاک، هێز، زمانی خۆمان دەکەین و کوردستان دەپارێزین. ئێمە لە چوارپارچەی کوردستان بە پێشەنگایەتی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبینە خاوەن قەوارە. دەووڵەتی تورکی داگیرکەر دەیەوێت ئێمە لە بەهاکانمان داببڕێنێت و دەیەوێت زیاتر دابەشمان بکات و لەیەکتر دامانبڕێنێت. بەڵام بەهاکانمان ویادەوەریمان رێنیشاندەرمانن. ئێمە تا سەر خاوەنداری لە بەها و دەستکەوتەکانمان دەکەین و دەیانپارێزین. تا ئازاد دەبین درێژە بە تێکۆشان دەدەین."
بایندر لە درێژەدا وتی، گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان وەک پەنابەری لێهاتووە و رایگەیاند، "کەی دەبێت با ببێت، چەندە دژوار دەبێت با ببێت، رۆژێک دێت گەلەکەمان مافەکانی بەدەستدەهێنێت و کورد خۆی بەڕێوەدەبات و هەرگیز بەرامبەر بە ستەم و زۆرداری سەردانانوێنێت".
هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە باسی لەوەکرد کە بەردەنگ و موخاتەبی چارەسەری پرسی کورد رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە بەجۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "پرسی کورد چارەسەری هەیە، چارەسەریەکە ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە. کردنەوە دەرگای ئیمراڵییە. چارەسەری بە خوێن ناکرێت، بە سیاسەتی کۆلۆنیالیستی، داگیرکەری و قەیوم پرسی کورد چارەسەرناکرێت. بە دانپێدانان، قەبوڵکردن و ئازادی چارەسەری مسۆگەر دەبێت. ئەگەر ئێوە بە کوشتن چارەسەری دەکەن لەبەرامبەردا گەلی کورد تا کۆتایی خۆڕاگری دەکات. لەبەر ئەوەی گەلی کورد داوای زمان، کولتور، ناسنامە و خاکی خۆی دەکات. رۆژ رۆژی چارەسەری، ئازادی و تێکۆشانە. ئێمە وەک ژنان، گەنجان و هەموو رێکخراوەکانی کورد زیاتر پەرە بە تێکۆشان دەدەین. تا دوا دڵۆپی خوێنمان درێژە بە بەرخودان دەدەین".
کۆبوونەوەکە بە گفتوگۆ و خستنەڕووی رەخنە و پێشنیازەکان کۆتایی هات.
هـ . ب