بنەماڵەی دەنیز بولبون: پێویستە بکوژ ئاشکرا و دەستگیر بکرێت
بنەماڵەی دەنیز جەودەت بولبون، لە بینای نوێنەرایەتی کەنەکە لە باشوری کوردستان، کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی بەست، بانگەوازیان لە حکومەتی باشوری کوردستان کرد، بکوژی کوڕەکەیان ئاشکرا و دەستگیربکەن.
بنەماڵەی دەنیز جەودەت بولبون، لە بینای نوێنەرایەتی کەنەکە لە باشوری کوردستان، کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی بەست، بانگەوازیان لە حکومەتی باشوری کوردستان کرد، بکوژی کوڕەکەیان ئاشکرا و دەستگیربکەن.
نوێنەری کەنەکە لە باشوری کوردستان، دەنیز جەودەت بولبون، لە ١٨ ی ئەیلول لە بینای کەنەکە لەلایەن دەوڵەتی تورک و پەدەکەوە کوژرا. هەرچەن نزیکەی مانگێک بەسەر ڕووداوەکە تێپەڕ دەبێت، هێزەکانی ئاسایشی پەدەکە تا ئێستا هیچ لێدوانێکیان نەداوە. بنەماڵەی دەنیز بولبون لە بینای کەنەکەی هەولێر، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان بەست، داوایان کرد، بکوژی کوڕەکەیان دەستگیر بکرێت.
باوکی دەنیز بولبون، جەودەت بولبون، گوتی: "ماوەی ٢٤ ڕۆژە کوڕەکەمان کوژراوە، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرنەکراوە و لایەنە ئەمنییەکانیش هیچیان لەسەر رووداوەکە نەدرکاندووە، داواکارین بکوژی کورەکەمان ئاشکرا بکرێت".
بولبون ڕایگەیاند، دەنیزی کوڕی بەبێ تاوان لە شاری هەولێر کوژرا، گوتی: "کوڕەکەمان مامۆستای زمانی کوردی بوو، کێشە و گرفتی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبووە، بۆیە جێگای شانازیی بنەماڵەکەمانە کوڕەکەمان لەسەر دۆزی ئازادی گەلی کورد شەهیدکراوە".
باوکی دەنیز هەروەها گوتی: "چەند ڕۆژێکە لەشاری هەولێرین، لەسەر رووداوەکە سکاڵامان لە دادگا و ئاسایشی هەولێر تۆمارکردووە، تاوەکو بکوژەکەی دەستگیربکرێت و بکەری ڕووداوەکە بدۆزرێتەوە و بۆ ڕای گشتی کورد و جیهان ئاشکرا بکرێت، کە کێ و کام هێز لە پشت ڕووداوەکە بووە؟".
باوکی شەهید بانگەوازی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کرد، بکوژ و ئەو کەس و هێزانەی لەپشتی ڕووداوەکەن ئاشکرا بکرێن، هۆی کوشتنی کوڕەکەیان ئاشکرا بکرێت، بۆچی کەسێکی سڤیل و بێتاوان دەکوژرێت؟.