بەرەی پشتیوانیی گەلی باشووری کوردستان سڵاوی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا کرد
بەرەی پشتیوانی گەلی باشووری کوردستان هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر ڕۆژئاوا شەرمەزار کرد و سڵاوی لە بەرخۆدانی گەل کرد.
بەرەی پشتیوانی گەلی باشووری کوردستان هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر ڕۆژئاوا شەرمەزار کرد و سڵاوی لە بەرخۆدانی گەل کرد.
بەرەی پشتیوانی گەلی باشووری کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لە بینای نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە شاری سلێمانی، دەربارەی هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا و بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە شاری سلێمانی، فەتحوڵا حوسەین ڕایگەیاند ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی تورک لەناوبردنی گەلی کوردە و گوتی: " ەگەر شاری حەلەب داگیربکرێت دەبێتە هەشتەم شاری کوردیی کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا دەستی بەسەردا دەگیرێت ئەمەش ئەو ڕاستییەیە کە دەوڵەتی تورک دوژمنایەتییەکی گەورەی بەرامبەرمان هەیە، لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا لە ژێر هێرشی داگیرکاریی و هەڕەشەدایە و لەبەردەم لەناوبردندایە داوا لە هەموو هێزە کوردستانییەکان دەکەین هەڵوێستیان هەبێت گەلی کورد لە کانتۆنی عەفرین، شەهبا و شاری حەلەب لەژێر هەڕەشەی گەورەدان، بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەت عێراقی دەکەین، بێنە دەنگ و هەڵوێستیان هەبێت."
حوسەین لە درێژەدا گوتی: " داواکارم دەرگای فیشخاپوور و سێمالکا بکرێتەوە تا بتوانین یارمەتی و هاوکاری خەڵکی باشووری کوردستان بگەیەنینە ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و پێویستمان بە هەڵوێستی نیشتمانیی و یەکدەنگی هەیە".
ئەندامی بەرەی پشتیوانی گەل، بەختیار مستەفا گوتی: "گەلەکەمان لە ژێر هەڕەشەدان بۆیە وەک بەرەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ناوەند و ڕێکخراوەکانی بواری دیموراسیی و مافی مرۆڤ دەکەین بێنە دەنگ و لە بەرامبەر ئەم کوشتن و داگیرکارییە هەڵوێست بنوێنن و ڕێگری بکەن، هەروەها دەرچەیەک بۆ ئەو هاوڵاتییانە بدۆزنەوە کە گەمارۆ دراون."