"بێریتان پەیمان و چالاکیی سەرکەوتن بوو"
گەریلاکانی یەژاستار و هەپەگە یادی ٢٨هەمین ساڵیادی شەهادەتی بێریتان گەریلای پەکەکە دەکەنەوە و رایانگەیاند، بێریتان پەیمان و چالاکیی سەرکەوتن بوو.
گەریلاکانی یەژاستار و هەپەگە یادی ٢٨هەمین ساڵیادی شەهادەتی بێریتان گەریلای پەکەکە دەکەنەوە و رایانگەیاند، بێریتان پەیمان و چالاکیی سەرکەوتن بوو.
گوڵناز کاراتاش بە نازناوی بێریتان لە مێژووی بزووتنەوەى ئازادی و بە تایبەتی بە مێژووی تێکۆشانی ژنانی کورددا بووە خاوەن پێگەیەکی زۆر گرنگ و واتادار. شەهید بێریتان لە بەرامبەر هێڵ و خەتی خیانەت بووە سیمبولی تێکۆشان و لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢دا لە شەڕێکی گەەورەدا خۆبەدەستەوەدانی قبوڵ نەکرد و خۆی لەسەر تاشە بەردێکی زۆر بەرزی چیای خواکورک هەڵدایە خوارەوە و بەرەو کاروانی ناکۆتا و لە بن نەهاتووی خۆی رۆیشت. شەهادەتی شەهید بێریتان لە کوردستان بووە بناغەیەکی بەهێز بۆ بە سوپابوونی ژنان و ئەمڕۆ لە کوردستان هەزاران ژن لەسەر حەقیقەت و راستییەکەى ئەو رێدەکەن و بۆ ژیانێکی ئازاد شەڕ دەکەن. لە ٢٨هەمین ساڵیادی شەهادەتی شەهید بێریتان دا گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بۆ بەرزراگرتنی یادی شەهید بێریتان بۆ ئاژانسەکەمان، ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان.
گەریلاکان سەرەتا لە کەسایەتیی قارەمانی گەورەدا شەهید بێریتان، یادی هەموو شەهیدانی شۆڕشیان بەرز راگرت و سەرنجیان خستەسەر ئیرادە و ورەی شەهید بێریتان، کە تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆمان بەردەوامە.
گەریلا هێڤیدار خەرزان وتی: ئێمە لە ٢٨هەمین ساڵیادی شەهادەتی شەهید بێریتاندا لە کەسایەتیی شەهید بێریتاندا یادی هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان، کە ئازایانە و فیداییانە شەهید بوون، بەڕێزەوە بەرز رادەگرین و یادیان دەکەینەوە و سەریان بۆ دادەنەوێنین. هەڤاڵ بێریتان بە ژیانی خۆی و شەهادەتەکەى خۆی هێڵێکی بۆ ئێمە دروستکردووە. ئەو هێڵە لە بەرامبەر خیانەت و لە بەرامبەر دواکەوتویدابوو و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێست و چۆنیتەتیی ژیانی لە دژیان بۆ ئێمە خستەڕوو.
بێریتان بووە هێڵی سەرکەوتن
لە مێژوو تاوەکو ئێستا ئەوەى دوژمن لە ناو کۆمەڵگەى کورددا پێشیخستووە رێگا و سێبەری خیانەتە کە بەسەرسەرمانەوەیە. هەڤاڵ بێریتان بە شەهادەتی خۆی ئەوەى نیشانداین، کە چۆن دەتوانین لە بنەڕەتەوە لە دژی ئەو دۆخ و رێگایە بوەستینەوە و تێکۆشین و شەڕ بکەین. لەبەر ئەوەش ئەوە ٢٨ ساڵە کۆمەڵگەى کورد، ژنانی کورد و بە تایبەتی ئێمە وەک گەریلاکانی یەژاستار لەسەر ئەو هێڵە دەڕۆین. هێڵێک، کە هەڤاڵ بێریتان بە شەهادەتی خۆی نیشانیداین ئەوە بوو، ئەو داگیرکەرییەی بەڕێوەدەچێت چۆن لە مێشکی خۆماندا پارچەى بکەین و ئەو پاراچانە چۆن بە مێشکی دوژمندا بڵاوبکەینەوە. لەبەر ئەوە هیڵێ هەڤاڵ بێریتان لە بە سوپابوونی ژنان دا پێشکەوتنی زۆر گەورەی دروستکرد.
ئەمڕۆ تەنها ژنان بە رێگاکەى هەڤاڵ بێریتان دا ناڕۆن، بەڵکو گەلی کوردی ئازادیخوازیش بەو رێگایەدا دەڕوات. دواینجار لە حەفتانین هەڤاڵمان شەهید رۆستەم جودی خۆبەدەستەوەدانی قبوڵ نەکرد و خۆی لەسەر تاشە بەردێکی بەرز هەڵدایە خوارەوە و ئەوەش نیشانەى ئەو هێڵە فیداییانەیە. ئێمەش وەک جەنگاوەرانی ژنی ئاپۆیی دەمانەوێت تاوەکو دوا هەناسە لەسەر ئەو هێڵە بڕۆین و درێژە بە تێکۆشانی خۆمان بدەین و شەڕ بکەین. وەک هەڤاڵ بێریتان وتویەتی، 'ئەوەى ژیانی من دروست دەکات شەڕی منە و شەڕ بۆ خۆی بونیاتنانە'.
تێکۆشان لە بەرامبەر خیانەتدا هاواری کرد
گەریلا نەواڵ عەگید وتی: ئێمە وەک گەریلا یادی ٢٨هەمین ساڵیادی شەهید بێریتان و شەهیدانی دۆزی کوردستان بە منەتدارییەوە دەکەینەوە. هاوڕێ بێریتان سەرباری ئەوەى شەڕڤانێکی یەکساڵەش بوو، بەڵام بە کەسایەتیی خۆی، بە ژیانی خۆی، بە هەڵوێستی خۆی و بە پەیوەستبوونی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ئەوەى سەلماند، کە جەنگاوەرێکی سەرکەوتووە. ئەو هەڵوێستەى لە ژیانیشدا بە روونی دەبینرا و دەیخستەڕوو. لەبەر ئەوەی هەڤاڵ بێریتان هەرگیز هەڵە و کەموکوڕیی قبوڵ نەدەکرد بە هەڵوێستەکانی خۆی هاوکات شەڕی خۆیشی لە دژی کەموکوڕییەکان نیشان دەدا.
هەڤاڵ بێریتان هەرگیز خۆبەدەستەوەدان و خیانەتی قبوڵ نەکرد و تاوەکو دوا فیشەکی خۆی شەڕی کرد و لە دوایدا بۆ ئەوەى چەکەکەشی نەکەوێتە دەست دوژمن چەکەکەى خۆی پارچە پارچە کرد و وەک جەنگاوەرێکی فیدایی خۆی لەسەر تاشە بەردێکی زۆر بەرزەوە هەڵدایە خوارەوە و رادەستبوونی قبوڵ نەکرد. سەرۆک ئاپۆ لەسەر شەهادەتبوونەکەى هەڤاڵ بێریتان ئارتەشبوونی ژنانی دامەزراند و ئەو ئارتەشە لەسەر ئەو بنەمایە تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆمان بە رۆح و ورەیەکی فیداییانەوە بەردەوامە. ئێمە وەک جەنگاوەرانی ژن تاوەکو ئێستا خۆمان لەسەر ئەو بنەمایە پێشخستووە، هەڵوێستی سەرەکییان ئەوەیە. لەو رێگایەدا تاوەکو ئێستا هەزاران هەڤاڵی ژنی فیدایی شەهید بوون. ئەوەش نیشانی دەدات، کە ئەو هەڵوێستەى بەرخودانی فیداییانە گەیشتووەتە چ ئاستێک. دیسانەوە وەک شوێنکەوتوی هەڤاڵ بێریتان، شەهید رۆستەم-یش خیانەت و خۆبەدەستەوەدانی قبوڵ نەکرد و وەک هەڤاڵ بێریتان خۆی لەسەر تاشەبەردێکی زۆر بەرزەوە لە حەفتانین هەڵدایە خوارەوە. ئێمەش وەک جەنگاوەرانی سەرۆک ئاپۆ بە رۆح و ورەی هەڤاڵ بێریتان دەمانەوێت بەشداربوونی خۆمان بەهێزتر بکەین، کەسایەتیی هەڤاڵ بێریتان لە خۆماندان دروست بکەین و ئیمەش وەک هەڤاڵ بێریتان بە ئامانجێکی بەهێز بگەین. ئێمە دیسانەوە لە کەسایەتیی هەڤاڵ بێریتان دا یادی هەمو شەهیدانمان دەکەینەوە و سەری خۆمانیان لە بەرامبەردا دادەنەوێینین. ئێمە دەڵێین، بەو رۆح و ورەیەوە سەرۆکایەتیی خۆمان ئازاد بکەین.
ئەو بووەتە پێشەنگی هەموو رێبوارانی رێگای ئازادی
گەریلا شاهان دەمساڵ وتی: شەهادەتی شەهید بێریتان لە پێش هەموو شتێکەوە بۆ ژنی کورد، بۆ هەموو ژنانی جیهان و بۆ هەموو گەلی کورد زۆر مێژوویی و گرنگە. شەهادەتی هەڤاڵ بێریتان لە تێکۆشانی ژنانی کورددا سەردەمێکی نوێی بونیاتنا. دوای شەهادەتی شەهید بێریتان سوپای سەربەخۆی ژنانی دامەزرا. نمونەى ژنی تێکۆشەر و بەرخودێر و بەرەنگار لە کەسایەتیی هەڤاڵ بێریتاندا پێشکەوت و خوڵقا. هەڤاڵ بێریتان بە رۆح و ورەی فیدایی و بەرەنگارانەى ئەمڕۆش پێشەنگایەتیی شۆڕشی کوردستان دەکات.
ئێمە وەک جەنگاوەرانی پەکەکە دەڵێین، ئەو رێگایەى، کە شەهید بێریتان و هاوڕێیانی قارەمانمان خوڵقاندویانە، رێگا و ئەرک و بەرپرسیاریی سەرەکیی ئێمەیە. ئەمڕۆش هەمان ئەو هۆشمەندییە بەردەوامە. هەر چۆن لە ساڵی ١٩٩٢دا خواستیان بە خیانەتی کوردی خائین بزووتنەوەى ئازادیی پەکەکە پاکتاو بکەن، ئێستاش دەیانەوێت بە هەمان عەقڵییەتەوە لە باکووری کوردستان، باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان بە دەستی کوردانی خیانەتکار بزووتنەوەى ئازادیمان پەکەکە پاکتاو بکەن. لە بەرامبەر ئەو هەڵوێست و نزیکبوونەوەیەدا ئێمەش بە رۆحی شەهید بێریتان تێکۆشانی گەورەی بێهاتا بەڕێوەدەبەین. بێگومان هەموو شەهادەتێک زۆر گرینگ و واتادارە، بەڵام شەهادەتی شەهید بێڕیتان شەهادەتێکی ئاسایی نییە. شەهادەتی شەهید بێریتان لە هەمان کاتدا چالاکییی گەورە و سەرکەوتن بوو. لە بنەڕەتیشدا پەیامێکی مێژوویی بوو بۆ گەلی کورد. بەو چالاکییە جەهەری ژنی کورد دەرکەوت. کاتێک ئێمە لەو پەیامە ورد دەبینەوە، ئێمە ئەوە دەبینین، کە ژنانی کورد لەسەر رێگای ئازادی هەرگیز خۆیان رادەستی دوژمن ناکەن. ئێمەش وەک گەریلاکانی هەپەگە لەسەر ئەو میرات و کولتورە، کە پێشەنگەکانمان بۆیان جێهێشتووین رێدەکەین و تێکۆشانی بێ پسانەوە بەڕێوەدەبەین. خەونی شەهیدە قارەمانەکانمان بەدیدەهێنین و بۆ ئەوەش تێکۆشان ئامانجی سەرەکیمانە. ئێمە خەون و خەیاڵی شەهیدان بە شۆڕشی کوردستان تاجدار دەکەین. ئێمە دیسانەوە یادی هەموو شەهیدانمان بە ڕێزەوە بەرز رادەگرین.
ژ.ت