چالاکوانانی مەدەنیی کەرکوک: ئامانجی تورکیا لەنێوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە
چالاکوانانی مەدەنی لەشاری کەرکوک دەلین: " ئامانجی ڕاستەقینەی هێرشەکانی تورکیا لەنێوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە نەک شەڕی هێزێک."
چالاکوانانی مەدەنی لەشاری کەرکوک دەلین: " ئامانجی ڕاستەقینەی هێرشەکانی تورکیا لەنێوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە نەک شەڕی هێزێک."
دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١ دەستی بە هێرشی فراوانی داگیرکەری بۆ سەر دەڤەرەکانی ئاڤاشین، مەتینا و زاپی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا کرد، هێرشەکانی بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان بەردەوامە، و لەو هیرشەدا چەکی قەدەغە کراوی بەکارهێناوە. هەروەها دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەم چوارچێوەیەدا دەستی بە سووتاندنی دارستانەکانیش کردووە و دارستانەکانی باشوری کوردستان قڕ کردووە و دارەکان دەبڕێتەوە و سامان و ژینگەی کوردستان تاڵان دەکات.
رۆژ لەدوای رۆژ لەگەڵ چڕبوونەوەی هیرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، باشورییەکان هەست بە مەترسی دۆخەکە و هەوڵە داگیرکەرییەکانی تورکیا دەکەن، کە ئامانجی لە نێوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، بۆیە چالاکوانان درک بەو مەترسیانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەکەن و لەو چوارچێوەیەدا چالاکوانانی شاری کەرکوکیش هۆشداری دەدەن کە پێشێلكاری و هێرشەکانی تورکیا دەبێتە هۆی تێکدانی پێکەوەژیان لەنیو کۆمەڵگای باشوری کوردستان و عێراق.
"پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان بەبیانوی پاراستنی ئاسایشی ووڵات دەخەنە مەترسییەوە"
حەسەن حوسێن چالاکوانی مەدەنی دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە نێو خاکی باشوری کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: " بەداخەوە ناوچەکەمان ململانێ و شەڕی بە وەکالەتی تێدایە، بەتایبەتی هەردوو ووڵاتی تورکیا و ئیران بەبیانووی پاراستنی ئاسایشی ووڵات دەستوەردان و هێرش و داگیرکاری دەکەن لەناو خاکی کوردستاندا، تورکیا بوونی گەریلاکانی پەکەکە وەکو بیانویەک بەکار دەهێنێت بۆ شەرعیەت دان بە هێرشە داگیرکارییەکانی."
هەروەها سەبارەت بە مەترسییەکانی تورکیا لە عێراق و باشوری کوردستان ئەو چالاکوانە مەدەنیە ووتی: "ئێمە وەکو چالاکوانی مەدەنی ئەو هێرش و دەستدرێژیانەی تورکیا بە مەترسی لەسەر پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکە دەبینین، هەروەها ئەو هێرشانەی تورکیا پێشەڵکارییە بەرامبەر بە مافی مرۆڤ."
" خەونێکی نەزۆکی عوسمانییە و مەترسییە بۆسەر داهاتووی عێراق و هەرێم"
هەروەها حەسەن حوسێن ووتیشی: "داوا لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە سنورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنێن، چونکە مەترسییە بۆسەر داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان."
سەبارەت بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵ بۆسەر تورکیا ووتی: '' ئەوە ئەستەمە چونکە لەجیهانی ئەمڕۆدا شتێکی وەها ئاسان نیە، ئەوە تەنها خەونێکی نەزۆکی دەوڵەتی عوسمانییە."
"بەرژەوەندیی کەسی و حیزبی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە"
سەبارەت بەهاوکاری کردنی داگیرکەران لەلایەن هێز و لایەنی کوردی ئەو چالاکوانە ووتی: " ئەگەر هەر لایەنێکی کوردی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەی و نیشتمانی مامەڵە لەگەڵ نەیارانی نەکات بەڵکو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی کەسی و حزبی مامەڵەی لەگەڵ بکات ئەوە دۆخی گەل و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە."
لەکۆتایدا ئەو چالاکوانە باسی لە تێکدانی ژینگەی کوردستان کرد لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە ووتی: " لە ئێستادا دەوڵەتی تورک دەستی بە تێکدانی ژینگەی کوردستان کردووە، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر تەواوی هاووڵاتییان دەبێت و پێویستە تەواو لایەنە پەیوەندیدارەکان و چالاکوانانی مەدەنی کار لەسەر ئەوە بکەن، کە دەنگی ناڕازی بگەیننە نەتەوە یەکگرتووەکان تا سنوریک بۆ دەستدرێژیەکانی تورکیا بۆسەر ژینگەی بگیرێتەبەر."
"تورکیا چەکی قەدەغە کراوی بەکارهێناوە و ئامانجی لەنێوبردنی هەرێمی کوردستان"
هەروەها بەختیار محەمەد کە چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەنووسە، سەبارەت بە چرکردنەوەی هێرشەکانی تورکیا بە شیوەیەکی دڕندانە، ووتی: "لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دەوڵەتی تورک حەزە شەڕانگێزییەکانی زیاتر دەردەخات، کە بەم دوایانە بینیمان هێرشەکانی چرتر کردووەتەوە چەکی قەدەغە کراو و هێزی زیاتر بەکارهێناوە."
بەختیار محەمەد سەبارەت بە ئامانج لەهێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا ووتی: " تورکیا بوونی هێزیکی چەکداری لەنێو خاکی باشوری کوردستان وەکو بیانو بەکار دەهینێت، بەڵام ئامانجی ڕاستەقینەی تورکیا لەنێوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، چونکە تورکیا بوونی قەوارەیەکی کوردی قەبوول نیە."
ووتیشی: " تورکیا بەو هێرشانەی پەیامێک دەدات بە گەلی کورد کە ئێوە بۆتان نیە خاوەن قەوارەی خۆتان بن."
"ئەمە هەڵمەتێکی فراوانی قڕکردنە"
هەروەها بەختیار محەمەد ووتیشي: "پێویستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بێدەنگ نەبن لە ئاستی ئەم هێرشانە، چونکە مەترسییە بۆسەر تەواوی ووڵات، چونکە مەترسی تەنها لەسەر کەسەکان نەماوە، بەڵکو مەترسی لەسەر ژینگە و ئۆکسجین و سامانی ئاژەڵی عێراقیش هەیە بەهۆی هێرش و دەستدرێژییەکانی تورکیاوە، کە ئەمەش هەڵمەتێکی فراوانی قڕکردنە و پێویستە هەڵمەتێکی بەرفراوانی وەڵامدانەوە بۆ ئەم دۆخە بکرێت تا ئەم هێرشانە ڕابگیرێت."
"ئەم بێدەنگییە جێگای داخە"
لە کۆتایدا بەختیار محەمەد چالاکوان و رۆژنامەنووس ووتی: " زۆر جێگای داخە کە هەر دوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان بێدەنگن لە بەردەم ئەم هێرش و پێشێلكاری و داگیرکارییەی تورکیا و پێویستە خەباتی جەماوەری ئەنجام بدرێت لەدژی ئەو هێرشە داگیرکارییانە."
ژ.ت