چالاکوانانی نێودەوڵەتی داوای پشتیوانی بۆ شۆرشی کوردستان دەکەن

لە دژی خیانەتی پەدەکە و تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لەبەرامبەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، گروپێکی چالاکوانانی نێودەوڵەتی داوا لە یەکێتی ئەورپا، دەوڵەتانی ناتۆ دەکەن کە خاوەن هەڵوێست بن، پشتگیری تورکیا و پەدەکە نەکەن.

گروپێکی چالاکوانی نێودەوڵەتی ویستیان لە سنوری فیشخابورەوە بچن بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام لە لایەن پەدەکەوە و لە سنور ڕێگریان لێکرا، ئەو گروپە لە دژی ئەو ڕێگریانە پەیامێکی ڤێدیوۆییان بڵاوکردەو ە ڕێگریەکانی پەدەکەیان شەرمەزار کرد.

هاوکات ئەو گروپە ئەو ڕێگریە بە تاوان دەزانن، پێیان وایە گەمارۆیەکی هاوبەشی تورکیا و پەدەکەیە لە دژی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان هەیە.
 

ئەو گروپە لە پەیامە ڤێدۆیەکەدا بەم شێوەیە خۆیان دەناسێنن:"ئێمە وەک گروپێک چالاکوانی نێودەوڵەتی کە  لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان پێکهاتوین بۆ پێشکەشکردنی هاوسۆزییەکی کردەیی بۆ گەلی  شۆڕشگێر لە ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە بە (ڕۆژاڤا) ناسراوە لێرەین."

بەم شێوەیە باسی ڕێگریەکانی پەدەکە دەکەن لە سنوری فیشخابور و دەڵین:" سەرەتا ئێمە گەیشتینە باشووری کوردستان،  دواتر چوین بۆ  دەروازەی فیشخابور بۆ سنوورنی نێوان باشور و ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ ئەوەی بچین بۆ رۆژئاوای کوردستان بەڵام  لە ئێستادا ئەو دەروازەیە، لە لایەن پەدەکەوە، کۆنترۆڵ کراوە هاوکات  پارتی دەسەڵاتداری  باشووری کوردستانە،  ڕیگریمان لێکرا بۆ ئەوەی بچین بۆ ڕۆژئاوای کوردستان. بە داخەوە پەدەکە بە هاوبەشی لەگەڵ  تورکیا گەمارۆیان خستۆتە سەر  ئیدارەی خۆسەری . به‌ هۆی ئەو گەمارۆدانەی پەدەکەوە  ئێمە نەمان توانی بچین  بۆ ڕۆژئاوای کوردستان."

هاوکات ئەو گروپە لە هەڵویستی پەدەکە نیگەرانن و دەڵێن:" ئێمە ئیدانەی گەمارۆی هاوبەشی تورکیا و پەدەکە دەکەین کە دانیشتوانی مەدەنی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەکاتە ئامانج. هەروەها شەڕی نایاسایی تورکیا لە دژی بزووتنەوەی ئازادی لە کوردستان شەرمەزار دەکەین. شتێکی قێزەونە کە دەوڵەتانی دیکەی ناتۆ لە بەرامبەر تاوانە جەنگییەکانی تورکیادا بێدەنگ و هاوبەشن، وەک بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، گەیاندن و فرۆشتنی  چەک بە تورکیا و بە قەدەغە کردنی پەکەکە وەک پشتیوانێک بۆ دەوڵەتی فاشیستی تورک بێ بیانووە. دەبێت ئەمە کۆتایی پێبێت.

ئێمە داوای کردنەوەی سنوور و کۆتایی هێنان بە گەمارۆ دەکەین. پێویستە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا کۆتایی بە قەدەغەکردنی پەکەکە بهێنن، واز لە پشتیوانیکردنی تورکیای فاشیست بهێنن و ڕێگری نەکەن لە چالاکوانانیی شۆڕشگێڕ لە سەرانسەری جیهان بۆ چوون بۆ ڕۆژئاوای کوردستان. "

هاوکات لە قسەکانیاندا داوای هاوکاری نێودەوڵەتی دەکەن بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەم شێوەیە درێژە بە پەیامەکەیان دەدەن:"داوا لە هەموو چالاکوانانی نێودەوڵەتی و خەڵکی دیموکراسی خوازی جیهان دەکەین کە پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن و خەبات بکەن بۆ ئاشتی لە کوردستان. ئێمە پشتیوانێکی تەواو بۆ شکاندنی گەمارۆ دەکەین لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش لە مانگی داهاتوو گروپی دووەمی چالاکوانی نێودەوڵەتی  دێن بۆ کوردستان بۆ پشتیوانی کردنی شۆرش لە کوردستان و  شکاندنی گەمارۆکان، و چی پێویست بێت دەیکەین."

وێرای ڕێگریەکان لە کۆتایی قسەکانیان ئەو گروپە ئاماژە بەوە دەکەن کە درێژە بە چالاکیەکانیان دەدەن  و دەڵێن:"سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە ڕێگریمان لێکرا، نەمان توانی سنور تێپەرێنین بەڵام  ئەمە تەنیا بەشێکە لە خەباتی بێئەندازەمان لە دژی فاشیزم و میلیتاریزم و پیاوسالاری. هەرگیز هەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد کۆتای نایەت".

ف.ق