چالاکییەکانی "دەنگ بە ئازادی بدە": پێداگری لەسەر گۆشەگیری، پێداگرییە بۆ شەڕ

کەسوکاری زیندانیان لە چالاکییەکانی "دەنگ بە ئازادی بدە" لە مێرسین و ئیزمیر پەیامی، "لە ئیمرالی هیچ یاسایەک نییە. پێداگریی لە گۆشەگیری واتە پێداگریی لە سەر شەڕ"یان دا.

چالاکییەکە لە شاری مێرسین لە بەردەم زیندانی کەمپی تارسوس بەڕێوەچوو. ئەندامان و بەڕێوبەرانی دەم پارتی لە مێرسین و ناوچەکانی و دایکانی ئاشتی و ئەندامی پەرلەمانی دەم پارتی مێرسین و جەماوەرێکی زۆر لە کەسوکاری زیندانیان بەشداریان لە چالاکییە کرد. لە میانەی چالاکییەکەدا چالاکوانان پێشبەندی، "گۆشەگیری تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی"یان لەبەر کردبوو و بەردەوام دروشمی "زیندانیانی سیاسی کەرامەتمانن" و "بژی بەرخۆدانی زیندانیان"یان وتەوە.

'با گفتوگۆ و دانوستان دەست پێ بکرێت'

 ڕەشات ئاشان، هاوسەرۆکی دەم پارتی شارەکە، داوای کۆتایی هێنان بە گۆشەگیریی توند و ڕێگری لە زانیاری ڕەهای لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد. ئاشان ئاماژەی بەوەشکرد، پێداگریی لە گۆشەگیری بە واتای پێداگریی لە شەڕە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لێرەوە داوا لە حکومەت دەکەین؛ کۆتایی بە گۆشەگیریی سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بهێنێ و ئامادەکارییەکانی بۆ پێک بێنن تا کوو ڕۆڵی خۆی لە ئاشتیدا بگێڕێت. لە تورکیا و کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ تادێت قورستر دەبێتەوە. هۆکاری شەڕەکان ئەوەیە کە دەسەڵاتداران ئاشتی ناخەنە بواری کارەوە و ڕێگە بە هەوڵەکانی گفتوگۆ نادرێت. بە هەرحاڵ دەبێت کۆتایی بەم شەڕە بهێنرێت و گۆشەگیری لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت. بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێت، ئەگەر کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر نەکرێت، ئاشتی لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو نادات. ئێمە لێرەوە ئیدانەی ئەو کەسانە دەکەین کە پێداگری لەسەر سیاسەتی شەڕ دەکەن. چارەسەری کێشەی کورد بە گفتوگۆ و دانوستان بەدی دێت."

 هەروەها پەرلەمانتار عەلی بۆزان لە چالاکییەکەدا قسەی کرد و وتی: "با یاسا لە زیندانی ئیمرالی جێبەجێ بکرێت، داوا لە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دەکەین؛ ئایا زیندانی ئیمرالی خاکی کۆماری تورکیا نییە؟ ئایا فرۆشتراوە بە ئەمریکا و ڕووسیا و هتد؟ ئایا ئێمە شتێک هەیە کە نازانین؟ بەس دەزانین لە ئیمرالی هیچ یاسایەک نییە. درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین هەتا لە دورگەی ئیمرالی یاسا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."

بەیاننامەکە دوای دانیشتنێکی ٥ خولەکی کۆتایی هات.

جێی ئاماژەیە بە هەمان مەبەست و داواکاریی لە ئیزمیر لە لایەن کۆمەڵەی پشتیوانی و هاوکاری بۆ بنەماڵەی زیندانیان، بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا)، نوێنەری پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە ناوچەی ئەگەیە، چالاکییان بەڕێوە برد و داوای هەڵگرتنی گۆشەگیری ئیمرالی-یان کرد و وتیان بۆ ئاشتیەکی کۆمەڵایەتی، با دەنگ بە ئازادی بدەین".

لە چالاکییەکەدا مەدینە کایماز، ئەندامی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی و بنەماڵەی زیندانیان، قسەی کرد و وتی: "ئێمە بەبێ جیاوازی نێوان تورک و کورد ئاشتیمان بۆ هەموو جیهان دەوێت. تا سەرۆکی گەلی کورد لە زینداندا بێت، ئەم زوڵم و چەوساندنەوەیە کۆتایی نایەت و لە تورکیا ئاشتی بەدی نایەت."

چالاکییەکە بە دروشمی ،"نا بۆ گۆشەگیری زیندانیان بەڵێ بۆ ئازادیی"، "بژی بەرخۆدانی زیندانان" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.