چەکدارانی پەدەکە لە خوشکی وەدات حوسێن دەدەن و ڕۆژنامەوانێک دەڕفێنن

ئەمڕۆ لە دهۆک چەکدارانی پەدەکە بەزەبری هێز ڕێگریان کرد لە بەڕێوەچوونی ساڵیادی شەهیدکردنی وەدات حوسێن، هێرشیان کردە سەر خوشکی شەهید وەدات و ڕۆژنامەوان ئومێد بەرۆشکیان بە برینداری ڕفاند.

ئەمڕۆ بڕیاربوو خانەوادەی وەدات حوسێن و ئازادیخوازانی بادینان، بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدکردنی وەدات حوسێنەوە لەسەر گۆڕەکەی مەراسیمێکی یادکردنەوە ئەنجام بدەن، چەکدارانی پەدەکە بە زەبری هێز ڕێگریان لە بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە کرد و هێرشی کردە سەر بەشداربووان.

لەم بارەیەوە برای شەهید وەدات حوسێن، سەمەد حوسێن بە ڕۆژنیوزی گوت: "یەکێک لە پلە باڵاکانی ئاسایش چەندین وتەی ناخۆشی ئاڕاستە کردین، بە قۆناغە کڵاشینکۆف لە خوشکەکەمی دا، هەروەها ڕۆژنامەنووس و چالاکوان ئومێد بەرۆشکیان بە برینداریی و خوێنەوە خستە پشتەوەی ئۆتۆمبێلێک و بۆ شوێنێکی نادیار ڕفاندنیان".

چالاکوان و نوێنەری گیراوانی بادینان ئەیهان سەعید، گوتی: "پەلاماردانی دایک و خوشکی شەهیدانی قەڵەم پێشێلکردنی هەموو  یاسا و بەها و پرەنسیپێکی ئەخلاقییە، کە دوای تیرۆرکردنی هاوپیشەکانمان پەلاماری گوڕەکانیشیان دەدرێت، پێویستە مەسرور بارزانی واز بێنیت لەم ئەقلییەتە پۆلیسییە".

هەروەها گوتی: "ئەگەر مەسرور بارزانی سەرۆکی پێشووی دەزگای پاراستن و سەرۆکی حکومەتە ماوەبەسەرچووەکەی ئێستا، بکەری تیرۆرکردنی شەھید وەدات نیە، بۆچی تا ئێستا هیچ تاوانبارێک دەستگیرنەکراوە و بکوژ ئازادن و ڕێگرن لەوەی خەڵک و ھاوڕێکانی بچنە سەر گۆڕەکەی و دوای تیرۆرکردنمان گۆڕیشمان لێ قەدەغە دەکرێت؟!".