چوار حزبی تورکمان و عەرەب لە کەرکوک داوای سەندنەوەی پۆستی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کورد دەکەن

ژمارەیەک حزبی عەرەبی و تورکمانی داوای سەندنەوەی پۆستێک دەکەن کە لەلایەن کوردەوە بەڕێوەدبرێت و ئەو لایەنە بە ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو تومەتبا

ئەمرۆ دووشەممە حزبی تورکمانی کە بریتی بوون لە بەرەی تورکمانی و حزبی دادپەروەری تورکمانی و حزبی وەفای تورکمانی لەگەل ئەنجومەنی عەرەبی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان خوێندەوە و لە بەیاننامەکەدا داوای گۆڕینی بەرێەوبەری نوێی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیان کرد کە ئەو پۆستەش پشکی نەتەوەی کوردە لە شاری کەرکوک.

هەروەها لە بەیاننامەی ئەو چوار حزبە تورکمان و عەرەبەدا، بەرێوەبەری ئۆفیسی کەرکوکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تێوەگلان لە ساختەکاری تۆمەتبار کراوە.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، حاتم تائی وتەبێژی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی وتی:"ئێمە لەگەڵ سێ حزبی تورکمانی بە هاوبەشی داوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی لقی کەرکوکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەین و مانەوەی ئەو پۆستە لەدەست لایەنێکی دیاریکراو ئەبێتە هۆی هەڕەشە بۆسەر نەتەوەکانی دیکەی کەرکوک، سەرەرای ئەوەی کە پێشتر نوێنەران و حزب جەماوەری عەرەب و تورکمان ئەو بناغەیەی کۆمسیۆنیان لەشاری کەرکوک ڕەتکردۆتەوە، بەڵام دانانی بەڕێوبەرە نوێیەکەی کۆمسیۆن لە کەرکوک پێمان دەڵێت لە ئێستاوە هەندێک لایەن دەیانەوێت لە ڕێگای ئەو بەڕێوبەرەوە کۆمەڵێک ئەجندا و بەرژەوەندی خۆیان جێبەجی بکەن و بە ئامانجی بەلاڕێدا بردنی دەستکەوت و خواستی دەنگدەری عەرەب و تورکمان."

هەروەها حاتم تائی لقی کەرکوکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بە ساختەکاری تومەتبار کرد لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ دا و وتی :"ئێمە داوای هەڵبژاردنێکی پاک و خاوێن و شەفاش دەکەین کە بەشداری هەموو لایەن و نەتەوەکانی تێدا جێگیر ببێت، چونکە ئێمە ئەزمونمان هەیە لەگەڵ ئەو بناغەیەی ئێستای کۆمسیۆن بەو پێیەی لەهەڵبژاردنی ساڵی ۲۰۱٨دا دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردنەکە کراوە و سەرۆکی کۆمسیۆنی کەرکوک و کابینەکەی ڕەتدەکەینەوە هەروەها قۆرخکردنی پۆستی بەڕێوبەری کۆمسیۆن لەکەرکوک ڕەتدەکەینەوە کە لەساڵی ۲۰۰٥ەوە لایەن نەتەوەیەکی دیار کراوە(کورد) بەڕێوەدەبڕیت."

ف.ق