دادگای پەدەکە لە هەولێر سزای زیندانی بەسەر مامۆستایەکی ناڕازیدا سەپاند

جارێکی دیکە پەدەکە لە رێگەی دادگاوە و بە داتاشینی تۆمەتی بێبنەما سزای زیندانی بە سەر چالاکوانێکدا سەپاند، کە پێشتر بۆ داواکردنی مافەکانی بەشداری چەند گردبوونەوەیەکی کردبوو.

ئەمڕۆ، لە دادگای هەولێر، بە تۆمەتێکی ناڕەوا و داتاشراودا سزای ساڵێک و شەش مانگ زیندانیی بەسەر مامۆستای ناڕازیی لوقمان نەجم سەپێندرا.

لوقمان نەجم، پیشەی مامۆستا بوو لە دواناوەندی سیدەکانی سنووری ئیدارەی سۆران لە پارێزگای هەولێر، ڕۆژی ٢٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بە هۆی بەشدارییکردنی لە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان و داواکردنی شایستە داراییەکانی و ڕەخنەگرتنی لە دەسەڵاتی پەدەکە، لە لایەن چەکدارانی پەدەکەوە ڕفێندرا.

ئەمڕۆش، لە دادگایەکی شانۆ ئاسا و داتاشراودا، هاوشێوەی زیندانیانی دیکە بە تۆمەتی بردنی سێ کارتۆن پسکیت بۆ گەریلاکانى پەکەکە سزای ساڵێک و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

شایەنی باسە ئەمە جاری یەکەم نییە، دادگاکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە ئازادییخوازان، مامۆستایان، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بە تۆمەتی داتاشراو سزا بەسەریاندا دەسەپێنێت، بەڵکو هەرکەسێک ڕەخنە لە دەسەڵاتی پەدەکە بگرێت تۆمەتی ئەندام بوون لە پەکەکە و سیخوڕییبوونی بۆ دەوڵەتانی دیکە یاخود مەترسیی لەسەر دامودەزگاکانی حکومەتی دەداتە پاڵ و سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنێت.

سەپاندنی ئەو سزایە بەسەر مامۆستایەکی ناڕازی بە تۆمەتێکی داتاشراوی لەو جۆرە لە کاتێکدایە، پەدەکە نەک هەر ئاسانکاری بۆ هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک دەکات و بنکە و بارەگایان بۆ دروست دەکات، بەڵکوو ئاو و کارەبا و پێداویستی لۆجستیش بۆ ئەو بنکە و بارەگایانەی سوپای تورکی داگیرکەر دابین دەکات.