راگەیاندراوە هاوبەشەکە لە بەردەم بینای ئەنجوومەنی گەلی خانەسۆردا بە زمانی عەرەبی خوێندرایەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "ئێمە بە توندی بەرامبەر بە بڕیاری بەغدا – هەولێر دەوەستینەوە و قبوڵی ناکەین، چونکە ئەو بڕیارە ناکەوێتە خزمەتی خەڵکی شەنگال و هەموو پێکهاتەکانی. لەبەر ئەوەش ئەو رێککەوتنەوەى نێوان بەغدا و هەولێر بڕیارێکی سیاسییە".
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "هەر بڕیارێک، کە لە بەرژەوەندی و بە رەزامەندیی ئێمە نەبێت بە توندی رەتیدەکەینەوە. بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. داوایەکی تری سەرەکیمان ئاوەدانکردنەوەی شەنگالە. ئەو کەسانەی بەهۆی فەرمانەوەکەوە زیانیان بەرکەوتوە گارانتی و قەرەبوویان بۆ دابینبکرێت. دەبێت دەوڵەتی عێراق مافی کۆمەڵگەى ئێزدی لە هەموو روویەکەوە قبوڵ بکات. دەبێت بڕیار لە دەرەوەی ئیرادەی ئێزدییەکان نەدات و رێککەوتن لەگەڵ کەسانی جیا لە ئێمە واژۆ نەکات. بۆیە ئێمەی خەڵکی شەنگال لە ئاستی سەرەکیدا خاوەن مافین، کە هەموو شتێکی خۆمان وەک بەڕێوەبەریی خۆمان لە رووی سەربازی و خزمەتگوزاری، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە هەموو روویەکەوە و بە هەموو شێوەیەک بۆ خۆمان هەڵبژێرین. ئەوە مافی خۆمانە، کە خۆمان بپارێزین و ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق دا بکەین".
ژ.ت