داوا دەکرێت کۆمەڵکوژی ٩ی حوزەیرانی ١٩٦٣ بە جینۆساید بناسرێت

گرووپى ناسنامەى کوردستان لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ٩ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣ـدا بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتییان ئاراستەی دەسەڵات و حکومەت کرد و داوایانکرد ئەو کۆمەڵکوژییە بە جینۆساید بناسرێت و بکەرانی بە سزا بگەیەندرێن.

ئەمڕۆ، لە تەنیشت مۆنۆمێنتی شەهیدانی ٩ـی حوزەیران لەسەر مەزاری شاعیر شێرکۆ بێکەس لە شاری سلێمانی، گرووپى ناسنامەى کوردستان، لە ساڵیادى کۆمەڵکوژیى ٩ـى حوزەیرانى ساڵى ١٩٦٣ بەیاننامەیەی بڵاوکردەوە.

بەیاننامەی گرووپەکە لەلایەن ستارە عارف، چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنی خوێندرایەوە تێیدا هاتبوو، دەبێت عێراق داوای لێبووردن لە کوردی باشووری کوردستان لەپای جینۆسایدکردنی بەردەوام و وتیشی: لەو ڕۆژگارانەدا دادگایەکی نیودەوڵەتی نەبوو تا ڕێگربێت لەم تاوانە گەورانەی بەسەر گەلی کوردا هێندراون، لەبەرامبەرئەوە داوا دەکەین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی پەیماننامەی ڕۆما واژۆ بکات، بۆ ئەوەی گرنتی دوبارە نەبوونەوەی کۆمەڵکوژیی و جینۆسایدکردنی کورد لەم پارچەیە بکرێت.

باسی لەوەش کرد، وەک چۆن زۆرینەی شەهیدانی تاوانی ئەنفال و هەڵەبجە بێگۆڕ و شوێنبزرن ژمارەیەکی زۆری گۆڕی بە کۆمەڵیان هەڵنەدراوتەوە و تاوانبارانیان بەسزا نەگەیەندراون، جینۆسایدی ٩ـی حوزەیرانیش بەهەمان شێوە نە بە دوای بێسەروشوێنەکانیاندا گەڕاون و ناویان ساغکراوەتەوە و نە تاوانبارانیان بەسزا گەیاندراون و نەقەرەبووی کەسوکاریان کراوەتەوە، بەپێچەوانەوە بکوژانی سەرەکی ٩ـی حوزەیران هەروەک جینۆسایدی ساڵانی هەشتاکان و پێشتریشمان لەلایەن دەسەڵاتی ستەم کارەوە پارێزران و لەسزا و دادگا ڕزگار کراون.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، گرووپی ناسنامەی کوردستان داوایان کرد کاربکرێت بۆ بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی ٩ـی حوزەیران.

لە ڕۆژی ٩ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣ـدا، لە شاری سلێمانی ٨٢ هاوڵاتی بێتاوان لەلایەن گەورە جەلادی ئەوكاتی بەعس زەعیم سدیقەوە شەهیدكران، ئەوەش بووە بە دەستپێكی تاوانە دڕندانەكانی بەعس دژ بە گەلی كورد و تا گەیشتە تاوانی كیمیاباران و ئەنفالی خەڵكی كوردستان.

هـ . ب