دایە تایبەت ئینان بە بیرهێنرایەوە

دایە تایبەت ئینان کە لە کاتی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری سلۆپیدا لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە شەهید کرا، بە بیرهێنرایەوە.

دایە تایبەت ئینان لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆ لە شاری سلۆپی شڕناخ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە شەهید کرا و بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ تەرمەکەی لەسەر زەوی مایەوە، لە ٩هەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا لەو شەقامەی کە تێیدا شەهید کرا، بە بیرهێنرایەوە. یادکردنەوەکە بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و ڕێکخراوی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ی سلۆپی بەڕێوەچوو. بنەماڵەی دایە تایبەت، پەرلەمانتاری دەم پارتی شڕناخ نەورۆز ئویساڵ ئاسڵان، ئەندامانی مەجلیسی دایکانی ئاشتی، چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و هاوسەرۆکانی شارەوانی ناوچەکە بەشداری یادکردنەوەکە بوون.

پێش یادەکە، جەماوەر هەتاوەکو بەر دەرگای ماڵی دایە تایبەت ڕێپێوانیان کرد. بنەماڵەی ئینان بە وێنەی دایە تایبەتەوە پێشوازییان لە جەماوەرە کرد. پاشان جەماوەرە چوونە ئەو شەقامەی کە دایە تایبەتی تێدا شەهید کرا.

پەرلەمانتاری دەم پارتی شڕناخ نەورۆز ئویسال ئاسڵان، لە مەڕاسیمەکەدا قسەی کرد و دایە تایبەت و هەموو ئەو کەسانەی لە کاتی قەدەغەکردنەکەدا شەهیدکران، بەبیر هێنانەیەوە. نەورۆز ئویسال ئاسڵان وتی: "ئەم دڕندەییە لەبیر ناکەین کە لەسەر ئەم شەقامە کرا. لە کەسێتی بنەماڵەی تایبەتدا هەموو شەهیدان بە بیردێنینەوە. لە ساڵی ٢٠١٥ لە جزیرە، سلۆپی، نسێبین و هەزەخ کۆمەڵکوژییەکی مەزن ئەنجامدرا. لە کەسێتی دایە تایبەتدا مرۆڤایەتی لەسەر ئەم شەقامە کوژرا و چووە بن پرسیارەوە. تەرمی ئەو بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ و ٧ شەو لەسەر ئەم شەقامە مایەوە و ڕێگە نەدرا دایە تایبەت بگوازرێتەوە. لەو وێنەیەدا دڕندەییمان بینی. لە کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکیدا، لە شەهیدکردنی دایە تایبەتدا، لە شەهیدکردنی عایشە بورونتەکین دڕندەییمان بینی کە ئەم دەوڵەتە  دژایەتی گەل و ناسنامەی ئەم گەلە دەکات".

لە درێژەی قسەکانیدا نەورۆز ئویساڵ ئاسڵان گوتی: "لە شەهید کردنی دایە تایبەتەوە تاوەکو ئێستا هیچ بکوژێک زیندانی نەکراوە. ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک خاوەنداری لەو تاوانبارانە دەکات و دەیانپارێزێت. ئەمە تاوانە و قبوڵ ناکرێت و لە بیری ناکەین. تاوەکو بکوژان سزای خۆیان وەرنەگرن، تێکۆشان بەردەوام دەکەین. ناتوانن بە شەهیدکردنی دایە تایبەت ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن و سەرمان پێ نەوی بکەن".

دوای یادکردنەوەکە جەماوەرە چوونە سەردانی بنەماڵەی دایە عایشە بورونتەکین و مەلا حەسەن کە لە کاتی قەدەغەکردنەکە شەهیدبوون وبەو شێوەیە بە بیرهێنرانەوە.