دەربارەی مەترسی پیلانگێڕییەکانی تورکیا و خیانەتی پەدەکە لە کەرکوک سیمینارێک بەڕێوەچوو

لە سەر مەترسییەکانی پێلانگێڕییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و مەترسیی هاوکارییەکانی خەتی خیانەت بەپێشەنگایەتیی پەدەکە سیمینارێک بۆ هاووڵاتیانی شاری کەرکوک ڕێکخرا.

ئێوارەی دوێنێ چوار شەممە لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان لەلایەن نووسەر و رۆژنامەنووس (حەسەن جودی)یەوە سیمینارێکی تایبەت پێشکەش کرا بەئامانجی هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لەسەر مەترسییەکانی سەر عێراق بەگشتی و مەترسییەکانی داگیرکاری دەوڵەتی فاشستیی تورک بەتایبەتی بۆ سەر کوردستان، لە سیمینارەکەدا ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ چین و تۆێژه‌ جیاوازەکانی شارەکە ئامادەبوون.

له‌ سه‌ره‌تادا هه‌مووان بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاکی شه‌هیدان خوله‌کێک ڕاوه‌ستان، پاشان حەسەن جودی رۆژنامەنووس و نووسەر سەرەتای قسەکانی بە باسکردنی هۆکاری سەرکەوتنی گەریلا دەستپێکرد، کە بەسادەترین چەک گەریلا توانیویەتی سەربکەوێت بەسەر دووەمین هێزی ناتۆ و گەورەترین هێزی خیاتدا، کە پەدەکەیە. پەدەکە بەدرێژایی مێژوو خیانەتی لە دۆزی نەتەوەکەی کردووە لە بەرژەوەندی داگیرکەران و دوژمنان دا.

حەسەن جودی سەبارەت بەنهێنی سەرکەوتنەکانی هێزی گەریلا ووتی: " چەند هۆکارێک هەیە، کە وایکردووە هێزی گەریلا بەسەر دوژمنان دا سەربکەوێت، ئەویش ئەوەیە، کە فاکتەری هەرە گرنگ لەو خاڵانەدا بریتییە لەو فەلسەفە و بیروباوەڕ و هیوایە، کە هەیانە و گەریلا خاوەن هزر و فەلسەفەی ئازادییە".

ووتیشی "ئەو شەڕ و ململانێیەی لەسەر خاکی عێراق ئەنجامدەدرێت دەتوانین بڵێین شەڕێکی جیهانییە، چونکە لەپێناو بەرژەوەندی کۆمەڵێک هێز و ووڵاتانی جیهان لەم جەنگەدا بۆ باڵا دەستبوونی خۆیان و باڵادەستبوونی بەژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی خۆیان، بۆ جێبەجێ کردنی ستراتیجی داگیرکاری و فراوانخوازی خۆیان دەیانەویت عێراق و باشوری کووردستان بخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە".

هەروەها حەسەن جودی دەربارەی شەڕی تایبەت دژی گەلی کورد و هێزی ئازادیخوازی کورد ڕایگەیاند: "لە ئێستادا دوژمن هەوڵدەدات لە ڕێگەی شەری تایبەت و درۆکردن لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە چەواشەکاری ئەنجامبدات چونکە دوژمن تەنها دەتوانێت لە ڕێگەی تەکنەلۆجیا و شەڕی تایبەتەوە شەڕ بکات و هیچ سەرکەوتنێکی نەماوە، پێویستە گەلی عێراق درک بە مەترسییەکان بکات کە ئەوەی لە عێراق بەڕێوەدەچێت پیلانگێڕییەکی گەورەیە، کە بەڕێوەدەچێت دژی گەلی کورد و گەلانی عێراق بەگشتی، پێویستە گەلی کورد و گەلانی عێراق هەڵوێستیان هەبێت لە بەرامبەر پیلانگێڕییەکان، ئەو شەڕەی لە دژی باشوری کوردستان بەڕێوەدەچێت بەپارەی دزراوی مووچە و پارەی خزمەتگوزاری خەڵکی باشور بەڕێودەچێت".

هەروەها سەبارت رۆڵی مستەفا کازمی و هاوکاریکردنی تورکیا ئەو چاودێرە سیاسییە ووتی: "مستەفا کازمی هاوکاری تورکیا دەکات و ئامادەیە سەروەری ووڵاتەکەی پێشێل بکرێت بەشێک لە خاکی ووڵاتەکەی داگیر بکرێت تەنها لە پێناو مانەوەی لە دەسەڵات، چونکە کازمی بۆ مانەوەی لەدەسەڵات پێویستی بە دەنگی هێزە عەرەبە سوننەکانی نزیک تورکیا هەیە، لەکاتێکدا ٥٠ بنکەی سەربازی تورکیا لە خاکی عێراق بوونیان هەیە. مستەفا کازمی بێدەنگە لە بەرامبەر داگیرکاریی تورکیا و کەچی هێرش دەکاتە سەر خەڵکی سڤیڵ لە شەنگال، کە ئەمەش مانای ئەوەیە سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشێلکاری لەدژی ووڵاتەکەی خۆی ئەنجام دەدات".

حەسەن جودی نووسەر و رۆژنامەنووس لە کۆتایی دا قسەکانیدا تیشکی خستەسەر مەترسیی پێکهێنانی حکومەت لەلایەن هاوپەیمانیی سێ قۆڵی (بارزانی، حەلبووسی و سەدر) و ووتی: " ئەگەر هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەکە بە سەرپەرشتی بارزانی دروست کرایە  ئەوە پیلانی شەڕەکەیان لەعێراق فراونتر دەکرد، پێویستە گەلی کورد لە باشوری کوردستان باش بزانن، کە تا خەتی خیانەت لە باشوری کوردستان باڵادەست بێت داگیرکاری بەردەوام دەبێت و خەڵکی باشوری کوردستان خێر لەخۆیان نابینن".

ژ.ت