دەستگیرکراوەکانی شێلادزێ لە ئاسایشی ھەولێر مانگرتنیان ڕاگەیاند

نوێنەری زیندانیانی بادینان ڕایانگەیاند، دەستگیرکراوانی شیلادزێ و ٧٥ دەستگیرکراوی دیکە لە زیندانی ئاسایشی هەولێر دەستیان بە مانگرتن کردووە و داواش لە ناوەنداکانی مافی مرۆڤ دەکرێت کار بۆ ئازادکردنیان بکرێت.

ئەیهان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادیان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی هەریەکە کە لە یونامی و نوێنەرانی وڵاتان لە ھەرێم و عێراق وپەرلەمانتاران و دەستەی سەربخۆی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و میدیا و لایەنە سیاسیەکان کراوە هۆشداری دەدات لە دۆخی مانگرتوانی ئاسایشی هەولێر.

نوێنەری زیندانیانی بادینان دەڵێت: ئەمرۆ سەرچاوەیەک لە ئاسایشی گشتی ھەولێر پێی راگەیاندین، پێنج چالاکوانی شێلادزێ کە نزیکەی ساڵێک و سێ مانگە رفێنراون و لەگەڵ نزیکەی ٧٥ زیندانی دیکەی بادینان کە (بەشێکیان بەرپرسی پارتین لەسەر بیروڕای جیاواز سێ ساڵە بێ دادگا لە زیندانن)، لە ژێر درۆشمی “ئازادی یان مردن” مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند”.

لەو ڕاگەیەندراوەدا ئەیهان سەعید دەڵێت: ساڵێک و سێ مانگە پێنج لە زیندانیانی بادینان کە خەڵکی شێلادزێن و چالاکوانی مەدەنین بە ناوەکانی (مەحمود ناجی، ئەمجەد یوسف، نێچیرڤان بەدیع، یوسف شەریف، کۆڤان تارق) لەسەر بیروڕای جیاواز و بەشداری لە خۆپیشاندان ڕفێنراون و بێ ئەوەی دادگایی بکرێن لە ئاسایشی گشتی ھەولێرن.

بەبیری هێناوەتەوە بەشێک لەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانە بە یۆنامی و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیان وتووە، ھیچ بەڵگەیەک لەسەریان نیە و تەنیا لەسەر ڕەخنە و بیروڕای جیاواز بەرامبەر پارتی دەستگیرکراون، ئەوشیان وتووە “لەژێر ئەشکەنجە ڤیدیۆ کراوین”.

بەناوی گروپی زیندانیانی بادینان داواکارین لە UN نوێنەرانی وڵاتان لە ھەرێم و عێراق و پەرلەمانتاران و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، رێکخراوەکانی نێوخۆ و جیھانی مافی مرۆڤ فشارو کاری جدی بکەن بۆ ئازادکردنی گشت زیندانییە بە ناحەق زیندانیکراوەکان.

ف.ق