دۆسیەی قەرەبوکردنەوەی ٨٦٨ قوربانی هێرشە داگیرکەرییەکان لە هەرێم روانەی بەغدا دەکرێت

تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی ئاشتیپارێزی CPT ی ئەمریکی دۆسیەی قەرەبووکردنەوە ٨٦٨ شەهید و برینداری هێرشە داگیرکەرییەکانی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێتە بەغدا.

هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و بۆردومانەکانی دەوڵەتی ئێران جگە لە زیانی ماددی زۆر، لە چچەند ساڵی رابردوودا زیانی گیانی زۆریشی لێکەوتووەتەوە.

رێکخراوی ئاشتیپارێزی CPT ی ئەمریکی کە بە وردی کار لە سەر تۆماری ئەو هێرش و پەلامارانە دەکات، دۆسیەی ٨٦٨ شەهید و برینداری هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و بۆردومانەکانی دەوڵەتی ئێرانی بۆ سەر ناوچە چیاجیاکانی هەرێمی کۆکردووەتەوە.

ئەندامانی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی ئاشتی پارێزی CPT بە مەبەستی گرتنەبەری رێکار بۆ قەرەبووکردنەوەی بنەماڵەی شەهید و بریندارەکان دۆسیەی ئەو کەسانە لە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق لە گەڵ سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمان کۆبوونەوە و تاوتوێی ئەو باسەیان کرد.

ئەو رێکخراوە ناحکومیە لە رێگەی کۆکردنەوەی ناو و زانیاری تەواوی قوربانیانی هێرشە داگیرکەرییەکان و بۆردومانەکان، کار دەکات بۆ ئەوەی ئەو کەسانە لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە قەرەبوو بکرێنەوە.

تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٦ هاووڵاتی مەدەنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دوو هاووڵاتی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە شەهید بوون و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون.

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی CPTی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە تائێستا نزیکەی ١٦٠ هاوڵاتی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکەوە شەهید بوون و ٢٢٨ کەسیش برینداربوون، ئەمە جیا لەسەدان کەسی مەدەنی دیکە، کە لە ساڵانی پێشووتردا بە هۆی هێرشەکانی ئەو دەوڵەتەوە شەهید و برینداربوون.

هەروەها بەهۆی تۆپباران و بۆردومانەکانی ئێرانیشەوە ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی مەدەنی هەرێمی کوردستان شەهید و برینداربوون.

هـ . ب