دوای ٣٠ ساڵ ئازاد کران؛ ئازادیی ئێمە ئازادی نییە و دەبێت، هەموو زیندانیانی دیکەش ئازاد بکرێن

ئەکرەم ئاکمان و شوکرو ئاکمان دوو بران، کە دوای ٣٠ ساڵ لە زیندان ئازادکراون و وتیان، ئازادبوونیان بە ئازادی نازانن و وتیان: "ڕۆژی ئێمە ئازاد نییە. هەزاران هاوڕێمان لە زیندانەکاندان، بۆیە هەر چەندە ئێمە لە دەرەوەش بین خۆمان ئازاد نازانین".

ساڵی ١٩٩٢ لەگوندی خەراب رپن لە ناوچەی هەزەخی شرنەخ بەبەشداریی حزبوڵا شەڕێکی ناوخۆیی هەڵگیرسا. لەو شەڕەدا ٢ کەس کوژران. لە ئەنجامی ئەو شەڕە ناوخۆییەدا لە ٣ی ئازاری ١٩٩٢ سەربازان هەڵیانکوتایە سەر گوندەکە و ٤٧ کەسیان دەستگیرکرد. دوو برا بە ناوەکانی ئەکرەم ئاکمان و شوکرو ئاکمان لەگەڵ حسێن بۆزکورت، عومەر چەکەن و بە گشتی ١٢ کەس لە دەستگیرکراوەکان لە دادگای ئاسایشی (سەربازیی) دەوڵەت (DGM) لە ئامەد دادگایی کران و سەرباری ئەوەى بەهۆی کێشەیەکی ناوخۆیی و کۆمەڵایەتییەوە دەستگیرکرابوون، بەڵام بە تۆمەتی سیاسی سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.

  سزای سیاسی بەسەریاندا دەسەپێنرێت

 بەپێی وتەکانیان، کاتێک دەستگیرکراون بەهەوڵی بەرپرسانی سەربازی ئەو کاتە بە دۆسیەی پەکەکەوە دادگایی کران و بە شێوەی سیاسی سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنرا. لە کاتی دەستگیرکردنیاندا ئەکرەم ئاکمان ٥ منداڵ، شوکرو ئاکمان ٧ منداڵ،  عومەر چەکەن ٧ منداڵ و حوسێن بۆزکورت ٥ منداڵی هەبووە. دوای ٣٠ ساڵ هەموو منداڵانی ئەو کەسە خێزاندارن و بە گشتی زیاتر لە ٥٠ نەوەیان هەیە.

 ئەکرەم ئاکمان و شوکرو ئاکمان، حوسێن بۆزکورت و عومەر چەکەن لە دوای ٣٠ ساڵ لە ٢٤ی شوبات دا و هەر چۆن لە یەک ڕۆژدا پێکەوە دەستگیرکرابوون لەو ڕۆژەشدا پێکەوە ئازاد کران. ئەکرەم ئاکمان تەمەنی ٥٩ ساڵە و لە زیندانی کاڵکاندەرەی ریزە،  شوکرو ئاکمان تەمەن ٦٥ ساڵ لە زیندانی جورنێ ڕةش لە ڕحا، عومەر چەکەن تەمەن ٦٠ ساڵ لە زیندانی بافرا لە سامسۆن و حوسێن بۆزکورت تەمەن ٦٥ ساڵ لە زیندانی دەپ لە خارپێت ئازاد کران. ئەو کەسانەى تر، کە لەگەڵیان دەستگیرکرابوون هێشتا ئازاد نەکراون.

 لە دوای دەستگیرکردنیان بنەماڵەکانیان لەگوند دەردەکرێن

دوای دەستگیرکردنیان، بنەماڵەکانیان لە گوند دەردەکرێن و ٥ جار کۆچبەر دەبن. دوایینجار لە ناوەندی ناوچەی نسێبین لە مێردین نیشتەجێ دەبن. دوای ئازادکردنیان هەر چواریان بە هۆی ڕووداوەکەی ٣٠ ساڵ لەوە پێش نەیانتوانی بچنەوە بۆ گوندەکەیان، کە تیادا گەورە بوون و ئەوان لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە نسێبین دەژین.

ئێمە لە نسێبین لەگەڵیاندا کۆبووینەوە و لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنیان و ڕۆژەکانیان لە زیندان و ئەو گۆڕانکارییانەی لە دەرەوە ڕوویانداوە و ئەوان ڕووبەڕوویان بوونەتەوەوە پرسیارمان لێکردن. لەسەر داوای ئەوان، ئێمە چاوپێکەوتنمان لە ماڵەکانیاندا ئەنجام نەدا، بەڵکو لە ماڵەی ئەوان لە ئاوە سپی چاوپێکەوتنەکەمان ئەنجامدا. ئێمە هەمان ئەو پرسیارانەمان لە هەر چواریان پرسی و ئەم چاوپێکەوتنەمان بە دوو بەش بڵاو دەکەینەوە.

 چونکە هەر چوار کەس لە یەک کاتدا دەستگیرکراون و لەسەر یەک دۆز زیندانی دەکرێن. ئێمە یەکەم پرسیارمان ئەکرەم ئاکمان کرد. لە بەشی یەکەمدا چاوپێکەوتنەکەمان دا چاوپێکەوتنەکانمان لەگەڵ ئەکرەم ئاکمان و شوکرو ئاکمان بڵاودەکەینەوە.

پرسیارەکانی ئێمە و وەڵامەکانی ئەو دوو برایە لە دوای ٣٠ ساڵ لە زیندانیکردنیان بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

سەرەتا لە چۆنیەتیی دەستگیرکردنتانەوە دەست پێدەکەین. ئێوە لە کوێ، بۆچی و چۆن دەستگیر کران؟

ئەکرەم ئاکمان: ئێمە لە ٣ی ئازاری ١٩٩٢ لە گوندی خەراب رپن لە ناوچەی هەزەخ دەستگیرکراین. ٤٧ کەس لە ئێمەیان پێکەوە دەستگیرکرد. جگە لە ١٢ کەسمان ئەوانی تر ئازادکران. لە گوندەکەماندا حزبوڵڵا هەبوو. ئەوان لە ئێلحەوە هاتبوون بۆ گوندەکەمان. لەبەر ئەوەی ئێمە نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێز بووین، ئەو حزبوڵڵاییانە هەستان ئامۆزاکانمانیان لە دژمان هاندا. بەو هۆیەوە شەڕێک لە نێوانماندا ڕوویدا ئامۆزایەکم و خوشکەزایەکم لە شەڕدا گیانیان لە دەست دا.

 ئێمە ڕەحمەتیان بۆ دەخوازین. ئێمە نەماندەویست ئەوە ڕووبدات، بەڵام ئەوانەی چاکەخواز نین و لە ئێمە بێزار بوون، خزمەکانی خۆمانیان لە دژی ئێمە هاندا و ئەو ڕووداوە ڕوویدا. لەبەر ئەوە ئێمە دەستگیر کراین. ١٢ کەسمان زیندانیکراین و ٣٦ ساڵ سزای  زیندانیکردنیان بەسەر من دا سەپاند. ئێمە سزا سەپێنراوەکەمان تەواو کرد. دۆسیەکە و دۆزەکەى ئێمە دۆزێکی ناوخۆیی و کۆمەڵایەتی بوو. بەڵام ئەرگەنەکۆن لەو کاتەدا لە ڕێگەی دادگای ئاسایشی سەربازیی دەوڵەت (DGM) دۆسیەکەی ئێمە کرد بە سیاسی. سەرەڕای ئەوەی لە بەرگریکردنمان لە خۆماندا ڕامانگەیاندبوو، شەڕی ئێمە شەڕێکی ناوخۆیی و کۆمەڵایەتییە، بەڵام بە هۆکاری سیاسی سزایان بەسەرماندا سەپاند. ئامۆزاکانمان، کە ئێمە و ئەوان بوو بە شەڕمان هێشتا لە گونددان. ئێمە دەمانەوێت دەستی ئاشتیان بۆ درێژبکەین.  ئێمە دەمانەوێت بە خۆشی کۆتایی بەو ڕووداوە بهێنین و تێپەڕێنین. با دوژمنان و نەیاران پێمان پێکەنن. ئێمە خوێن و گۆشتی یەکین.  کارەساتێک بوو بەسەرماندا هات. با بێین و ئێمە دایبخەین و دڵمان بەرامبەر بە یەکتر خۆش بێت. ئێمە هەموومان کوردین و لەم کۆمەڵگەیەن. لە جیاتی ئەوەی شەڕ لەگەڵ یەکتر بکەین، دەبێت پێکەوە بین.

 کاتێک ئێوە دەستگیرکران لە تورکیا چۆن یاسا و سیستمێکی دادوەری هەبوو، ئێوە چاوەڕێتان دەکرد ٣٠ ساڵ زیندانی بکرێن؟

ئەکرەم ئاکمان: ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد بەو رادە زۆرە لە زینداندا بین. دوای ئەوەی لە سیاسەتی دەوڵەت تێگەیشتین، ئیدی  تێگەیشتین، کە ئێمە ڕووبەڕووی چ سیستمێک کراوینەتەوە. بە پێی دادگای ئاسایشی دەوڵەت کوردبوون بۆ ئەوان بەس بوو، کە سزات بدەن. دەیانخواست لە کەسایەتیی کەسێکدا گوندێک و ناوچەیەک و شارێک بترسێنن. دوای ئەوەی لەمە تێگەیشتین، ئیدی زانیمان بۆ ماوەیەکی زۆر لە زینداندا دەمێنینەوە، بەڵام بەڕاستی چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد، کە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ لە زینداندا بمێنینەوە.

 شوکرو ئاکمان: وەک ئەکرەم ڕایگەیاند، ئەو کاتە ئەگەر تۆ پاسەوانی گوند، یان حزبوڵا نەبویتایە، ئەرگەنەکۆن و دەزگای هەواڵگریى جەندرمە و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر (ژیتەم - JÎTEM) ڕاستەوخۆ تۆیان بە رێکخستنی دژ بە خۆیان دادەنا. ئەگەر ئێمە پاسەوانی گوند، حزبوڵایەتیمان قبوڵ بکردایە، ئەگەر ١٠ کەسیمان بکوژرایە هیچ کەس لە ئێمە دەستگیر نەدەکرا. ئێمە بەهۆی ئەوەی داواکارییەکانیانمان قبوڵنەکرد ئەو سزا قورسەیان بەسەرماندا سەپاند. بەڕاستی جەنگێکی ناوخۆیی بوو. ئەوە شەڕی نێوان براکان و  برایەتی بوو. کارەساتێک بوو بە سەرماندا هات. ئەوانەى تێکدەری و ئاژاوەگێڕییان دەکرد زۆر بوون، ئەوان نەیانهێشت ئێمە پێکەوە دابنیشین. هەر خۆی ئامانجی دەوڵەت ڕوون و ئاشکرایە، دەیەوێت ئێمە بە یەکتر بە کوشت بدات و ئێمە لە یەکتر پارچە بکات و دابەشمان بکات. ئەوان زۆر شتی لەو جۆرەیان لە زۆر شوێن دا کردووە، بەڵام بە تایبەتی شڕنەخ کرایە ئامانج. لەو کاتەدا زۆربەی کەسەکان و هاووڵاتییان دەستگیرکران و سزادران. دەیانویست خەڵکی بۆتان چاو ترسێن بکەن. لە کاتی دادگایکردنماندا، بەشێوەیەک کە گوێمان لێی بێت، دادوەر بە پارێزەرەکەی دەوت، تاوانەکەیان دادوەری و کۆمەڵایەتییە، بەڵام ئێمە بە تاوانی سیاسی سزامان دان.

دوابەدوای ئەوە سیستەمی ژوور"غۆرفە"، كەوتە رۆژەڤەوە، هەموو شتێكیان بڕی. لەو كاتە بەدواوە نیوە گۆشەگیری دەستی پێ كرد. ئێمەیان خستە ژورەكانەوە. مانەوە بۆمان لە ژوورەكاندا زۆر شتێكی نوێ و نامۆ بوو بۆمان. بەدەربازبوونی كات مرۆڤ فێردەبێت.

لەزینداندا رۆژەكانتان چۆن چۆنی تێدەپەڕی، ئێوە دەتوانن هەندێ باس لەو بیرەوەریانەی خۆتان لەزینداندا بۆمان بكەی؟

ئەكرەم ئاكمان: من و براكەم تا ساڵی ٢٠١٤ بۆ ماوەی بیست و چوار ساڵ بەیەكەوە بووین. سەرەتا لەزیندانی ئامەد دەماینەوە. پاشان ئێمەیان رەوانەی زیندانی جەیهان كرد و لەوێشەوە گۆاستمانیانەوە بۆ زیندانی دیلۆك. پاش دە ساڵ مانەوە لەزیندانی دیلۆك لەسەرداواكاری خۆمان گۆێزراینەوە بۆ زیندانی میدیاد. لەوێشدا ئێمەیان رێكردە ریزە. لەساڵی ٢٠١٤ ئێمە داوامانكرد كە ئێمە رەوانەی زیندانیەكی نزیك شوێنی لەدایكبوونمان بكەن. براكەمیان رەوانەی سیوورك كرد و منیش لەوێدا مامەوە. براكەم لەوێشەوە بۆ حیلوان گۆێزراوەتەوە. من لەریزە زیندانەكەم تەواو كرد و دەركەوتم.

بێگۆمان بیرەوەریم زۆرە. لەزینداندا شتی هەرە خۆش رۆحی هەڤاڵیەتیە. ئەمەیە كە مرۆڤ لەسەر پێ دەهێڵێتەوە و ئیرادەی مرۆڤ بەهێز دەكات. لەزینداندا تۆ كوڕی شوانێك بێ یا كوڕی ملیۆنێرێك هیچ جیاوازیەك نییە. بەڵام شتی ناخۆشیش زۆرن. دۆژمن هەوڵی لەخشتەبردنی مرۆڤ دەدەن. دەیانەوێت مرۆڤ بەرەو خۆیان راكێشن. بۆ ئەوەش"یاسای گەڕانەوە بۆ ماڵ"یا یاسای خیانەتیان ئەرێ كرد. بەداخەوە ژمارەیەك لەهەڤاڵانم بەو یاسایە هەڵخەڵەتێندران. ئێستا لەدەرەوەی زیندانن بەڵام شەرم دەكەن سەریان بەرز بكەنەوە.

لە ٢٠٠٣ دوابەدوای ئەوەی سیستەمی تیپی"ئیف"یان خستە بواری جێبەجێكردنەوە، ئێمە بڕیارماندا كە دەبێت خۆمان بەهەندێ شتەوە سەرقاڵ بكەین. خۆلەخۆیدا رۆژانە ئێمە پەرتووكمان دەخوێندەوە. ژیانی ناو زیندان خۆی لەخۆیدا خوێندنەوەی پەرتووك، پەروەردە و كاری كەلتوری و كۆمەڵایەتیە. یەكێكی ئەفریقیایی هەبوو كە ناوی"بۆب رۆس"بوو."بۆب رۆس نە ئەفریقایی، بەڵكۆ ئەمریكییە" لە كاناڵی تەلەفزیۆنی"تەرەتە دوو"دەركەوت. من خۆم چەند جارێك تەماشام كرد، بۆیەش منیش ئەو باوەڕیەم تێدا درۆست بوو و منیش دەستم پێكرد. تا ماوەیەك من كارەكانی ئەوم تەماشا دەكرد و منیش وەكو ئەو درۆستم دەكرد. بەڵام دوای ماوەیەك ئێدی من خۆم دەستم پێ كرد. ماوەی ١٣ ساڵە من وێنە دەنەخشێنم"وێنەكێشم". بەهەزاران وێنەم درۆستكردوە. من ئەو وێنانەم دەدا هەڤاڵان و ئەوانیش پێشكەشی بنەماڵەكانی خۆیانیان دەكرد. من بەو كارەم زۆر دڵخۆش دەبووم.

شۆكرو ئاكمان: تا لەدەستم دەهات من دەمخوێندەوە. من شتێكی جیاوازم نەدەكرد. زۆرینەی كاتەكانم بەدانۆستان لەگەڵ هەڤاڵان و رێپێوان دەرباز دەكرد. دەمتوانی ژیانی نێو زیندان لەزۆر بواردا بنرخێنم. سەرەتا ئێمەیان هێنایە زیندانی ئامەد. پاش دوو ساڵ پەلاماری سەربازان پێكهات. سەربازەكان لەكاتی لێگەڕین لەنێو ژوورەكانماندا لێمانیاندەدا. پاشان ئێمەیان بردە جەیهان. ئەو كاتە، زیندانیانیان لەیەك شوێنی هاوبەش"بەند"، دەمانەوە. ئەوەی راستی بێت هەموو شتێك خراپ نەبوو. پاشان كە سیستەمی ژوور"غۆرفە"، كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە. هەموو شتیان بڕی. لەوكاتەوە نیو گۆشەگیری دەستی پێ كرد. ئێمەیان خستە ژوورەكانەوە. ژوور بۆ ئێمە شتێكی نامۆ بوو. بەتێپەڕبوونی كات مرۆڤ فێر دەبێت. دەتوانم ئەوە بڵێم؛ لەزیندان مرۆڤەكان خۆشەویستیان بۆ یەكتر هەیە و هەوڵی پێشخستنی یەكتریش دەدەن. كێشە بۆ ئەو كەسانەی كە باوەڕیان بەهێز بێ دەناكەوێت.

لەزینداندا پاراستنی تەندرۆستی شتێكی هەرە گرنگە. لەو كەش و هەوایەدا ئێوە چۆن پاراستنی تەندرۆستی خۆتانتان دەكرد؟ وەكو نموونە ئەگەر كەسێك نەخۆشی شەكر، یا نەخۆشیەكی تری گرتبا، ئێوە چیتان دەكرد؟

ئەكەرم ئاكمان: زیندان خۆی لەخۆیدا جێگای نەخۆشییە. بەشێوەیەكی باش ناتوانی هەوا هەڵمژی"نەبوونی ئۆكسیژن"، قاچت لەسەرخوڵ دانانی، هەوایەكی خاوێن هەڵنامژی. لەبەر ئەوەش هەمیشە نەخۆشی هەیە. هەڤاڵێك كە نەخۆش نەبێت، نییە. زۆرێك لەو هەڤاڵانەی كۆن كە بۆ ماوەیەكی درێژ لەزینداندا ماونەتەوە لەبواری نەخۆشی و تەندرۆستیدا وەكو دۆكتوریان لێهاتووە. بەو دەرفەتە كەمەی لەبەردەستماندا بوو، ئێمە یەكترمان دەرمان دەكرد. بەڵام لەو دەرمانكردنە، ئێمە سودێكمان وەرنەدەگرت. ئەوەی لەپێش بوو مۆڕال و مەعنەویات و رۆح بوو. لەبەر ئەوەی بەرێوەبەرایەتی زیندان دەرنگ سەریان لەزیندانیان دەدا ئەگەر كەسێك جەڵتەی دڵی هەبێت و خوێن بكەوێتە سەر مێشكی ئەوا بێگۆمان گەڕانەوە بۆ نابێت.

شۆكرو ئاكمان: لەدۆكتورەكان باشتر ئێمە خۆمان هاوكاری یەكتر بووین. بەڵام ئەوەی زۆر گرنگ بوو مۆڕال و باوەڕی بوو. كاتێك تۆ مۆڕاڵت بدەی هەڤاڵەكەت، هاورێیەكەت ئەوە لەرووی دەروونیەوە رەحەت دەبوو. بەدەر لەوەش هیچ ئیمكان و دەرفەتێكی ترمان لەبەردەست نەبوو.

زیندانی رۆژەڤە سیاسیەكان دەتوانن رۆژە سیاسیەكان باش بەدواداچوونیان بۆ بكەن، بەدەر لەو رۆژەڤە چی تر هەیە كە دەتوانن بەدواداچوونی بۆ بكەن. وەكو نموونە ئێوە دەتانزانی كەتۆری كۆمەڵایەتی فیسبۆك كراوەتەوە؟ پاشان تۆیتەر هات و مرۆڤ بەچەند وشە، باسی شتەكان دەكەن. تا نێو زینداندا مرۆڤ دەتوانن تا چە ئاستێك دەرەوەی زیندانن ببینن؟

ئەكرەم ئاكمان: ئێمە ئاگایمان لەدەرەوە هەبوو، ئێمە لەزانیاریەكانی دەرەوەی زیندان دابڕاو نەبووین. چۆنكە ئێمە لەزۆر بواردا پەرتووك دەخوێندەوە و لە زۆرێك لەرۆژەڤەكانی دەرەوەی زیندان ئاگادار بووین. كاتێك رووداوێك روویدەدا، كاتێك پێشكەوتن و پاشكەوتنێك پێكدەهات، بۆمان نامۆ نەبوو. لەتەلەفزیۆندا ئێمە پێشكەوتنەكانماندا دەبینی. ئێمە تەلەفۆنمان لەتەلەفزیۆندا بینی. بینیمان كە چۆن بەكاریدێنن. كاتێك هاتینە دەرەوە بۆمان زۆر شتێكی نامۆ بوو. منداڵان و نەوەكانمان ئێمەیان فێركرد. ئەو هەڤاڵانەی نوێ دەگیران و دەهاتنە نێو زیندان گۆڕانكاریەكانی دەرەوەی زیندانیان بۆمان باس دەكرد. بەشێوەی تئۆری دەمانزانی، بەڵام شێوەی بەكارهێنانەكەیمان نەدەزانی. ئێمە دەمانزانی فیسبۆك و شتی تر هەیە. نەوەكانمان ئێستا ئێمە فێر دەكەن.

شۆكرو كامان: تا لەدەستمان بهاتبا لەو هەڤاڵانەی نێو گیرابوون و دەهاتنە زیندانەوە گۆڕانكاریەكانی دەرەوەمان لێیان دەپرسی و زانیاریمان وەردەگرت. بەڵام مرۆڤ شتێك نەبینێ بێ ئەوەی بەتئۆری و كردەوە پێكی نەیەنێت هەر شت تەنیا بەتئۆری دەمێنێت. لەبەر ئەوەش كاتێك ئێمە لەزیندان هاتینە دەرەوە ئێمە هەندێ رووبەرووی زەحمەتی بووینەوە. وەكو ئەوەی كە مرۆڤ لەدنیایكەوە دەربازی دنیایەكی دیكە ببی دێتە بەرچاو. شار و مرۆڤ و خاك وەكۆ بەرێ نەماون، هەر شتێك گۆڕاوە. ئەخلاق، هەڵسان و دانیشتن، جل و بەرگ و هەڵسوكەوت نە وەكو ئەو كاتەن كە ئێمە دەستبەسەركرابووین. هەر شت گۆڕاوە. تۆ ناچاری خۆی فێر بكەی و بەگوێرەی كۆمەڵگە هەڵسوكەوت بكەی. ئێمە زۆر زەحمەتی دەبینین. من خۆم نازانم لەنێو بازاردا بگەڕم.

بۆ ئێمە ئازادی ئەو كاتەیە كە هەموو هەڤاڵانمان لەزیندان ئازاد ببن. ئەو كاتە ئێمە و كۆمەڵگەكانمان بەیەكەوە هەموومان ئازاد دەبین.

ئەو جیاوازی پشتی سی ساڵە تۆ دەبینی، چین. و بەگوێرەی ئێوە جیاوازی ئازادی لەنێو زیندان و دەرەوە چییە و چە واتایەكی هەیە بۆ ئێوە؟

ئەكرەم ئاكمان: لەزیندان دەركەوتن بۆ ئێمە ئازادی نییە. لەكۆمەڵگەی ئێمەدا كەسێكی ئازاد بوونی نییە. لەكۆتاییدا رۆژی ئێمە ئازاد نییە. بەهەزاران هەڤاڵمان لەزیندانەكاندان. من ئەمە بۆ خۆم وەكو ئازادی نابینم و قەبووڵم نیە. پێش ئەوەی دەستبەسەر بكرین، لەدەرەوە سەرهەڵدان هەبوو، كۆمەڵگە یەكگرتوو بوو. كۆمەڵگە باوەڕیان بەیەكدی هەبوو. بەڵام ئەمڕۆكە زیاتر بەرژەوەندی خۆی داوەتە پێش. باوەڕی بەیەكدی كەمتر بووە. بۆ ئێمە ئازادی ئەو كاتەیە كە هەموو هەڤاڵان و رۆژەكەمان لەزیندان دەركەون. ئەو كاتە ئێمە و كۆمەڵگەكەمان ئازاد دەبین.

شۆكرو ئاكمان: مرۆڤ كاتێك لەزیندان دەردەكەوێت زۆر خۆشحاڵە، بەڵام لەبەر ئەوەی لەپاش ئێمەوە ئەوەندە هەڤاڵ لەزینداندا ماونەتەوە مرۆڤ زۆر نارەحەتە. كاتێك هاتمە بەردان"دەركەوتن"، قرگم دەسووتا، نەمدەتوانی لەگەڵ هەڤاڵاندا قسە بكەم. ئێستاكەش دڵم لەسەر ئەوانە و دڵتەنگم. لەبەر ئەوەش هەزاران هەڤاڵمان و رۆژەكەمان لەزیندانە و لەدەستی ئەوانەدایە. لەبەر ئەوەش چەندەش ئێمە لەدەرەوەی زیندان بین، ئەوە وەكو ئازادی نابینین. ئێمە نە ئازاد، بەڵكۆ ژێردەستەین. لەهزر خۆماندا ئێمە ئازادین، بەڵام ئەگەر ئێمە بەگشتی ئازاد نەبین، ئەوا لەكوێ بین، نە ئازادین.

کاتێک ئێوە دەستگیرکران برا و خۆشکتان هەبوو کە هاوسەرگیریان نەکردبێت. منداڵەکانتان بچوک بوون. بەڵام ئەمڕۆ هاوسەرگیریان کردووە، منداڵایان هەیە. واتە نەوەتان هەیە. کاتێک ئازادکران و ئەو منداڵانە پێشوازیان لێکردن هەستان بە چی کرد؟

ئەکرەم ئاکمان: ئەمە پرسیارێکی سەرنجڕاکێشە. سەختیەکی زۆرمان لەم بارەیەوە بینی. کاتێک دەستگیرکرام ٥ منداڵم هەبوون و بچووک بوون. من و براکانم هەموومان دەستگیرکراین. دایک و خێزانەکانمان ٥ جار کۆچیان کرد. چۆن بۆ هەر شوێنێک وێرانکرا. دواجار لە نسێبین جێگیر بوون. منداڵی خەڵک دەچوون بۆ پارک و یاری، منداڵی ئێمە دەچوونە کریکار و پەمۆلێکردنەوە. رەگی گیای سوسێیان دەفرۆشت و بەم شێوەیە نانی خۆیان پەیدا دەکرد. هەندێک جار لەسەر زبڵ خواردنیان کۆدەکردەوە.

 بەڵام ئێستا هەمووان هاوسەرگیریان کردووە. بە گشتی ١٧ نەوەم هەیە. لە زیندان بە تەنها ٣ نەوەی خۆمم دەناسی. کاتێک ئازادکرام پێشوازیان لێکردم، بەڵام هیچ کەسێکم نەدەناسی. نەوە، خۆشکەزا و برازاکانم نەدەناسی. یەک بە یەک هاتن و ناسیم. ئەمە زۆر قورس بوو بۆ من. بینینیان زۆر خۆشحاڵیان کردم، بەڵام نەناسینیان ئازاری دام.

زۆر سەرنجراکیش بوو. کاتێک ئێمە دەستگیرکراین، منداڵەکانمان بچووک بوون. ئێستا خاوەن منداڵن، بەڵام کاتێک قسەیان لەگەڵ دەکەم، ئیستاش وا دەزانم بچووکن. کاتێک پێم دەڵێن باوکە، زۆر زۆر بە سەرنجڕاکێشی سەیریان دەکەم. ئەگەر بڵێن هەڤاڵ باشتر دەبێت. کاتێک هێشتا لە ئامەد بووم، کوڕەکەم هات بۆ لام و پێی وتم باوکە. منیش پێم وت پێم مەڵێ باوکە. وتی بڵێم چی. وتم بڵێ هەڤاڵ. هەندێک بیری کردەوە و وتی نابێت، پێت دەڵێم باوکە. منیش وتم کێشە نییە بۆچوونی تۆش خراپ نییە.

 زۆر لە کەسوکارمان کۆچی دواییان کرد، لە دوا ساتەکاندا لایان نەبووین. هیچ زەماوەندێکی کوڕ و کچەکانمان نەبینی. داواکاری باوک ئەوەیە کە زەماوەندی ڕۆڵەکانی ببینێت و خۆشحاڵ بێت. بەڵام شتێکی وامان نەبینی. لەمە ناخۆشتر شتێک هەیە؟

شوکرو ئاکمان: ٧ منداڵم هەیە. کاتێک دەستگیرکراین، خوشکێکم هاوسەرگیری کردبوو. منداڵەکانی بچووک بوون. چووینە زیندان، ئەوان بە تەنها مانەوە. نە دایکیان و بە منداڵەکانیان یەکتریان بەجێ نەهێشت. چەند ئازاریان بینی، پێکەوە ژیان و خانەوادەکان تێکنەچوون. ئەمە ئێمە خۆشحاڵ دەکات. گەورە بوون و خۆیان هاوسەرگیریان کرد. بەڵام وەک ئەوەی ئەکرەمیش وتی، کۆچی دوایی ژمارەیەک کەسوکارمان ئازارمان دەدات. دوای ئازاربوونمان تاوەکو ئێستا نەچووینەتە زەماوەند و خۆشی. گەورەترین خۆشی ئەوەیە کە ئێستا لەنێو منداڵ و نەوەکانمانداین. بە دەیان نەوەمان هەیە. زۆرم لە وان نەبینیبوو. ئێستا دەیانناسم. ئەمە هەندێک ئازارم دەدات، بەڵام شتێک کە بیکەم نییە، ژیان بەم شێوەیەیە.

 ئێمە دەزانین لە زیندان پەروەردە هەیە. بەڵام لە دەرەوە شتێکی رێک و پێک نییە. ئایا ئەم دۆخە بۆ ئێوە ناخۆش نییە، ئێوە ئێستا کاتتان چۆن تێپەڕ دەکەن و خەریکی چین؟

ئەکرەم ئاکمان: سەرەتا زەحمەت بوو. لەنێو کۆمەڵگادا شێواز، دانیشتن و هەستان و رێزداری گۆڕاوە. بۆیەش سەختە. بۆ نمونە ٣٠ ساڵە جنێومان نەداوە و بۆ ئێمە زۆر غەریبە. بەڵام ئێستا لەبەردەمت دادەنیشێت و بە ئاسانی جنێو دەدەن. ئێمە سەرمان دەسوڕمێت.

لەبەرئەوەی هەموو شتێک بووەتە بەرژەوەندی، ئێمە نازانین چۆن هەڵسوکەوت بکەین. تاوەکو ئێستاش بەردەوامی بە وەرزشی خۆمان دەدەین کە لە زیندان فێر بووین. تاوەکو ئێستا دەستم بە خوێندنەوە و دروستکردنی وێنە نەکردووە. هەڤاڵانمان سەردانمان دەکەن. دوای ئەوەی ئازاد بووم، ئۆتۆمبێڵیان بۆکرێم. ئێستا لەنێو بازاردا دەگەڕێم. منداڵەکانم رێگەم پێ پیشان دەدەن. پێشتر وەک لەپی دەستم نسێبینم دەناسی، ئێستا نایناسمەوە.

شوکرو ئاکمان: ئێستا لەگەڵ خانەوادەکەم ژیان دەگوزەرێنم. لە ماڵەوە لەگەڵ نەوەکانم دەبم. نامەم نووسی و بۆ هەڤاڵانم نارد. وێنە دەکێشم و کۆیان دەکەمەوە و بۆ هەڤاڵانم دەنێرم. وەرزش دەکەم. ٣٠ ساڵ لە زیندان ئەم کارانەم کرد و لێرەش دەستیان لێهەڵناگرم.

وتم، بەس بگەمە کوردستان و تێر ئاو بخۆمەوە و هەوای پاک هەڵمژم هیچم ناوێ.

زیاترین شت کە لە دەرەوە خۆزگەتان پێدەخواست چی بوو؟

ئەکرەم ئاکمان: لە گوندەکەمان دۆڵێک بە ناوی هەسپست هەبوو. بە تورکی پێی دەڵێن، جەهەنەم دەرەسی. بەڵام بەهەشتە. لە دەوری گوندەکەمان و لە دەوری هەزەخ لە ژێر هەر بەردێک و شوێکێک یادەوەریمان هەیە. دەموت تێر لەوێ بگەڕم و بچمە دۆڵی هەسپست و بە دڵی خۆم لە دیمەنەکان بنواڕم و هەندێک ماسی بگرم. بەڵام ئێستا دەرفەتمان نییە. من لە ریزە بووم. دەموت بچمە کوردستان و تێر ئاو بخۆمەوە و هەوای پاک هەڵمژم بەسمە. بەڵام نەمزانی نسێبین بەم ئەندازەیە تۆزی هەیە.

 شوکرو ئاکمان: من لە نسێبین نەمابووم. نسێبینم نەدەناسی. خەونەکانم لە دەوروبەری گوند و هەزەخ بوو. دەموت ئەگەر بچمە دەرەوە لە کوردستان بگەڕێم. بەڵام بەهۆی دۆخی ئێستا ناتوانین گەشت بکەین. وامزانم دەبێتە خەیاڵ. ئەگەر دەرفەتمان هەبێت، ئەو خەیاڵەم جێبەجێ دەکەن و گەشت دەکەم. ٣٥ ساڵ لە گوند بووم. لەژێر هەر بەردێکی گوندەکە یادەوەریەکم هەیە. دەمەوێت ئەو شوێنانە ببینمەوە. بەهۆی دۆخی خانەوادەوە زەحمەتە بچینەوە گوند. بەس جارێک بگەڕێم باش دەبێت. ئێستا دەرفەتمان نییە.

باشە لە ئێستادا دەتانەوێ چی بکەن و ژیانتان چۆن بگوزەرێنن و پلان ئێوە بۆ دوارۆژ چییە؟

ئەکرەم ئاکمان: دەمەوێت بۆ منداڵە هەژارەکان پێشانگایەک بکەمەوە ئەگەر دەرفەت هەبێت. وەک تریش کتێبێکم هەیە. لە زیندان نووسیبووم زۆری نەماوە تەواو دەبێت. ئێستا بەوەوە سەرقاڵم.

شوکرو ئاکمان: لەسەر ژیانی خۆم کتێبێکم نووسیەوە. بەهۆی ئەوەی ترسام دەستی بەسەردا بگیرێت ناردمە دەرەوە. ئێستا لە ئەڵمانیان لای برازایەکمە. بۆم دەنێرێت و کاری لەسەر دەکەم و دواتر چاپی دەکەم.

ف.ق / ژ.ت

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا