دوای ٧ مانگ تەرمی گەریلایەکی هەپەگە رادەستی خانەوادەکەی کرایەوە

تەرمی گەریلای هەپەگە زیندان یانی کە لە ناوچەی پیرانی ئامەد لە شەڕدا شەهید بوو، دوای ٧ مانگ رادەستی خانەوادەکەی کرایەوە. سەربازانی تورک رێگەیان نەدا پرسەی بۆ دابنرێت.

زیندانی یانی گەریلای هەپەگە لە ئەیلولی ٢٠٢١دا لە گوندی پرێژمانی ناوچەی پیرانی ئامەد لە شەڕدا شەهید بوو. سەربازانی تورک ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ بە خانەوادەکەی راگەیاندبوو کە کوڕەکەیان شەهید بووە. خانەوادەش هەوڵیدا تەرمی کوڕەکەیان وەربگرنەوە و سەردانی داواکاری کۆماری پیران کردبوو. بەڵام داواکاری کۆماری بە بیانوی ئەوەی کە درەنگ کەوتووە سەردانەکەی قبوڵ نەکرد.

دوای رۆژێک دادوەر بە خانەوادەکەی راگەیاندبوو کە سەردانی داواکاری کۆماری ئامەد بکەن. داواکار بە بیانوی ئەوەی پەنجەمۆری زیندانی یانی هەیە، خوێنی لە خانەوادەکە نەگرتبوو کە تێستی دی ئێن ئەر بکەن. جارێکی دیکە، بە بیانوی ئەوەی هۆکاری مردنی نەزانراوە، تەرمەکەی رادەستی خانەوادەکە نەکرد.

راگەیەنرابوو کە بۆ ئەوەی هۆکاری کوژرانی کوڕەکەیان بزانرێت، تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادی ئەستەنبوڵ ڕەوانەکراوە.

داواکاری کۆماری پیران دوای ٧ مانگ ئەمڕۆ تەرمەکەی رادەستی خانەوادەکەی کردەوە. خانەوادەی یانی کاروباری یاسایی تەواو کرد و تەرمەکەی لە گۆڕستانی بێکەسان وەرگرت و بەرەو گوندی مولیکسارای ناوچەی فارقینی ئامەد برد.

کاتێک خانەوادە تەرمی کوڕەکەیان لە گوندەکە بەخاکسپار، لەلایەن سەربازانی تورکەوە گەمارۆدران. سەربازانی تورک رێگەیان نەدا جگە لە ئەندامانی خانەوادەکە هیچ کەسێکی دیکە بەشداری لە ڕێورەسمی بەخاکسپاردنەکەدا بکەن.

بەپێی زانیاریەکان خانەوادەی یانی ویستوویەتی پرسە دابنێت، بەڵام سەربازان رێگەیان نەداوە.

ف.ق