دەوڵەتی تورک لە جۆلەمێرگ ٢٢ کەسی دەستگیرکرد

پۆلیس و سەربازانی دەوڵەتی تورک لە جۆلەمێرگ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییان لە ناوەندی جۆلەمێرگ و دەورووبەریدا و لەو هەڵکوتانەدا ٢٢ کەسیان دەستگیرکرد، کە کەسانی بە تەمەن و نەخۆش و کەمئەندامیش لە ناو دەستگیرکراوەکاندان.

پۆلیس و سەربازانی دەوڵەتی تورک لە ناوەندی جۆلەمێرگ و گوندی جەڤیزلی لە ناوچەى چەلی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی چەندین هاووڵاتی. لەو هەڵکوتانەدا ٣ هاووڵاتیی کەمئەندام بە ناوەکانی دەروێش ئایدۆغدو، نێعەمت ئۆنال و سولەیمان ئەرۆڵ و بە گشتی ٢٢ کەس دەستگیرکراون.

بەپێی زانیارییەکان لە ناوەندی جۆلەمێرگێشدا لە هەڵکوتانى پۆلیس و سەربازاندا بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان ٩ کەس دەستگیرکراون.

تا ئێستا ئەوە روونبووتەوە، کە زۆربەى دەستگیرکراوەکان کەسانی بە تەمەن و نەخۆشن و کەمئەندامن. کەسوکاری دەستگیرکراوەکان رۆیشتوون بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی جۆلەمێرگ، بەڵام ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لەبارەى دەستگیرکراوەکانەوە هیچ زانیارییەکی پێنەداون.

ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەی دەستگیرکراوەکان زیاتر بێت و بەهۆی لاوازیی شەبەکەى مۆبایل و ئینتەرنێت لە گوندەکانی دەورووبەری جۆلەمێرگ دا نەتوانراوە ناوی تەواوی کەسە دەستگیرکراوەکان روون بکرێنەوە.

تاوەکو ئێستا تەنها ناوی ئەم کەسە دەستگیرکراوانە روون بووەتەوە، دەروێش ئایدۆغدو، نێعەمت ئۆنال، سولەیمان ئەرۆڵ، نیهاد کاراتاش، واحید ئاکین، جومعە دۆنمەز و رەحمی ئۆزدەمیر.

ژ.ت