دەوڵەتی تورک سیاسەتمەدارێکی کوردی لە شرنەخ زیندانیکرد

لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی گەلی کورددا لە شرنەخ و ناوچەکانیدا و لە هەڵکوتانە سەر ماڵاندا ٢٣ سیاسەتمەدار دەستگیرکران. چەند کەس لە دەستگیرکراوەکان رەوانەى دادگا کران و سزای زیندانیکردن بەسەر یەکیکیاندا سەپێنرا.

دەوڵەتی تورک لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی گەلی کورد لە ناوەندی شرنەخ و ناوچەکانی جزیر، هەزەخ، سلۆپی، قلەبان و ئەلکێ و لە هەڵکوتانە سەر ماڵاندا لە ماوەی یەک هەفتەدا ٢٣ سیاسەتمەداری دەستگیرکرد. لە دوای لێکۆڵینەوە و بەهۆی نەبوونی بەڵگە لەسەریان ١٣ کەسیان ئازاد کراون.

قادر کونور هاوسەرۆکی هەدەپە لە سلۆپی و ٧ کەسی تر لە دوای وەرگرتنی وتەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شرنەخ و لەسەر داوای داواکاری گشتی رەوانەى دادگا کران تاوەکو سزای زیندانیکردنیان بەسەردا بسەپێنرێت. لە دادگا بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریی دادگادا بڕیاری ئازادکردنی بۆ ٦ کەسیان دەرکرا و دادگا "بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخستن"دا سزای زیندانیکردنی بەسەر ئەکرەم شاڤلی نوێنەری کۆنگرەی کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە)دا سەپاند.

کەسە ئازادکراوەکانیش بریتین لە، قادر کونور هاوسەرۆکی هەدەپەى سلۆپی، جەمیل گیون ئەندامی کەجەدە، فیکرەت جین نوێنەری کەجەدە، ئەلفەسیا ناس ئەندامی لە کار دوورخراوەى ئەنجوومەنی شاری شرنەخ، یەعقوب تانش و دایکی ئاشتیی سلۆپی شەمسێ کارا.

هەروەها هاوسەرۆکی پێشووی دەبەپەی ناوچەى ئەلکێ فایق دورسون، کە بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە لە ژێر چاودێریدایە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەى حکومیی جزیر و پشکنینی کۆڤید ١٩ (کۆرۆنا)کەی پۆزەتیڤ دەرچووە و بەو هۆیەوە دورسون لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێریدایە بۆ چارەسەری.

پێرێش بێریڤان کوتلو هاوسەرۆک شارەوانیی جزیر و ٦ سیاسەتمەداری تر، کە لەو ئۆپراسیۆنە پاکتاوکارییەدا دەستگیرکرابوون، بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک لەسەریان، ئازاد کران.

ژ.ت