کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک، لە 'ئەبەخ'ی وان تا 'بازید'ی ئاگری و 'گەڤەر'ی جۆلەمێرگ دیوارێک بە درێژایی ٥٦٠ کیلۆمەتر لەسەر سنوور لەگەڵ ڕۆژھەڵاتی کوردستان دروست دەکەن و هەوڵ دەدەن بە دروستکردنی ئەو دیوارە پەیوەندییەکانی نێوان کوردان بپچڕێنن.
دەسەڵاتی ئاکەپە کە چیاکانی کوردستان بە دیواری ئەمنی، دارستانەکان بە ڕێگەی ئەمنی، دەشت و دۆڵەکان بە ناوەندەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا و بەنداو وێران دەکات، ساڵی ٢٠١٨ لەسەر سنووری ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، دەستی بە دروستکردنی دیوارێکی کۆنکرێتی کردووە و لە ئێستادا نزیکەی ١٨٥ کیلۆمەتریی ئەو دیوارە تەواو بووە. تەلێکی دڕکاوی تیژیش بە درێژی ٣ مەتر لەسەر دیوارە کۆنکرێتییە دانراوە و لە لایەکیش خەندەق هەڵدەکەنن.
لەسەر سنووری ئازەربایجان کە درێژییەکەی ١٣ کیلۆمەترە، دیواری سنووری دروست ناکرێت، بەڵام لەسەر ئەو سنوورانەی کە کوردانی تێیدا نیشتەجێن دیوار دروست دەکرێت. تورکیا لە ڕێگەی دەروازەی سنووری دیلوجا پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی خۆبەڕێوەبەری نەخجەوان بەردەوامە. لەبەرمبەردا ماوەیەکی زۆرە دەروازە سنوورییەکانی کاپیکۆی و باژێرگان-ی لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان داخستووە و تا ڕادەیەکیش ڕێگری لە بازرگانیکردن لەو دەروازانە دەگیرێت.
کاڵچک: لە جیھاندا ھاوشێوە و نموونەی نییە
لەوبارەیەوە عەلی کاڵچک، سەرۆکی لقی وانی کۆمەڵەی توێژینەوە و پەرەپێدانی پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان و ژینگە (چەڤ-دەر) بۆ ئاژانسی فورات (ANF) ڕایگەیاند، نزیکەی ٢٠٠ کیلۆمەتر دیوار دروستکراوە، خەندەق هەڵکەندراوە، بەڵام سەرباری ئەوەش پەڕینەوەی پەنابەران هێشتا بەردەوامە.
عەلی کاڵچک وتیشی: "ئەوە لە جیهاندا ھاوشێوە و نموونەی نییە، ئەگەر بتەوێت بپەڕیتەوە، ژێر دیوارەکە هەڵدەکۆڵی و دەپەڕیتەوە؛ ئەوە چارەسەر نییە، لە چیاکانی کوردستان دیوار، لە دارستانەکان ڕێگای ئەمنی و لە دۆڵەکاندا بەنداوی ئەمنی دروست دەکرێن. ئاوی دۆڵەکان وشک دەکرێن. ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە پەیوەندی نێوان کورد بە تەواوی بپچڕێنن و سروشت لەناو ببەن. بەوشێوەیە ڕەوت و جۆڵەی ژیان دەوەستێنن، لە تورکیا دادگایەک بوونی نییە کە مرۆڤ بتوانێت داواکاری پێشکەش بکات. هەموو داواکارییەکانی پێشوومان بێ ئەنجام بوون. پێویستە گەلەکەمان و ڕای گشتی زیاتر وریا بن."