بە دیمەن

فشاری سوپای عێراق لەسەر دانیشتوانی مەخموور بەردەوامە

تا دێت ئاستەنگی و فشارەکانی سوپای عێراق لەسەر کامپی مەخموور زیاتر دەبێت، سوپای عێراقەوە ڕێگریی لە ئاژەڵداران کرد ئالیکی ئاژەڵەکانیان کۆبکەنەوە، دوای فشارکردن ناسنامە لە جوتیاران وەرگیراوە.

فشار و ئاستەنگییەکانی حکومەتی عێراق لەسەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی (مەخموور) تا دێت زیاتر دەبێت، بەپێی ڕۆژنیوز لە سنوورەکە، ئەم بەیانییە کاتێک ئاژەڵداران ویستوویانە پوش و ئالیک بۆ ئاژەڵەکانیان کۆبکەنەوە، هێزێکی سوپای عێراق بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە هەڵیانکوتایە سەریان و ڕێگرییان لێیان کرد، هەروەها ناسنامەیان لە ئاژەڵدارانیش وەرگرتووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ١٠ـی نیسانەوە گەمارۆیەکی توند لەلایەن عێراقەوە لەسەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی (مەخموور) بەڕێوەدەچێت، سەبارەت بەو گەمارۆیەش، شاندێک لە بەڕێوەبەرانی کامپەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کامپەکە لە ١٤ـی ئایار سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکەیان لە گەڕانەوەیاندا بۆ مەخموور، ئەو شاندە لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستبەسەر کران.

سەرەڕای بەڵێنەکانی بەرپرسانی عێراق، تا ئێستاش شاندەکەی کامپەکە ئازاد نەکراون، عێراق ڕێگا بە نەخۆشەکان نادات بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە کامپەکە دەربچن، ناهێڵێت کرێکاران بچنە کار و کەرەستەی ئاوەدانکردنەوە و بیناسازیی بچێتە ناو کامپەکەوە.