فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی شەرمەزار کرد

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی ڕایگەیاند لەسەر چەند بارەکردنەوەی کردەوە نامرۆڤانەکانی دەوڵەتی تورک وبێ هەڵویستی حکومەتی عێراق وهەرێم، ئامادەیە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی دەرەوەدا ئاگاداربکاتەوە.

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بەتوندی سەرکۆنەی بۆردومانکردنی کەمپی پەنابەرانی مەخمور لە لایەن دەوڵەتی تورک دەکات و دەڵێت: ئەم کردەوە دژە ئینسانیەی تورکیا لە کاتێکدا بەرێوەچوو کە نێچیرڤان بارزانی لەسەردانێکیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووتەوە زۆر بێشەرمانە.

باسی لەوەشکردووە ئەو هێرشانە: بە بەرچاوی دەسەڵاتدارانی هەرێم و هێزە سەربازییەکانی حکومەتی عێراقەوە ئەنجام دەدرێت و بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە کاردانەوەیەك و ناڕەزایەتیەکی کرداری لەبەرامبەریدا بکرێت.

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی وتوشیەتی “چەند بارەکردنەوەی ئەم جۆرە لە کردەوەی تیرۆر و کوشتنی پەنابەرانێك کە لەدەست بارودۆخی جەنگ و دەسەڵاتی سەربازی هەڵاتوون و تەنها بەتاوانی ئەوەی کە لایەنگری حزبێکی سیاسی دیاریکراون، ڕووبەروی ئەم دەستدرێژی و ماڵوێرانیە دەکرێنەوە، نایاسایی وە پێچەوانەیە بەهەموو پێوانە نێودەوڵەتیەکان سەبارەت بەمافەکانی پەنابەران”.

وێرای ئەوەی بەتوندی ئەو تاوانە سەرکۆنە دەکات، هاوکات هەریەك لە حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێم و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەرپرس دەزانێت لە پاراستنی گیان و ژیانی ئەم پەنابەرانە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە ڕێکخراوە جیهانیەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی پەنابەران وهەموو ئەوانەی سەنگەری بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ دەکات بەشێوازی خۆیان ئەم دەستدریژی و بۆردودمانانەی دەوڵەتی فاشستی تورکیا  بۆ سەر خەڵکی سڤیل و پەنابەران محکوم بکەن و فشاربهینن بۆسەر نوێنەرایەتی حکومەتە ئەوروپیەکان و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پێناو داکۆکیکردن لە ماف و ژیانی پەنابەرانی کەمپی مەخمور بێنە دەنگ.

ئەوەشی وتووە فیدراسیۆن لەسەر چەند بارەکردنەوەی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیەی تورکیا وبێ هەڵویستی حکومەتی عێراق وهەرێم، ئامادەیە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی دەرەوەدا ئاگاداربکاتەوە.