گەنجانی کەرکوک ئیدانەی هەوڵە داگیرکارییەکانی تورکیا دەکەن

گەنجانی شاری کەرکوک هەوڵە فراوانخوازیەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان ئیدانە دەکەن.

لە ساڵی ٢٠٢١ەوە هەوڵەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی زیاتری خاکی باشوری کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو و ئاشکرا زیادی کردووە، لە ئیستادا دژایەتی کردنی بزوتنەوەکانی رزگاریخوازی گەلی کورد زۆر ئاشکراترە و لەلایەکی دیکەوە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش رۆژ لەدوای رۆژ لەزیادبوونە بۆ دەرکردنی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوری کوردستان.

مێژوو سەلماندوویەتی بۆ کپکردن و بێ دەنگی کورد وڵاتانی داگیرکەری کوردستان ئامادەییان تێدایە کە هاوکاری یەکتر بکەن.

 بەپی یاسا نێودەوڵەتییەکان هاتنە ژوورەوەی دەوڵەتانی هەرێمی بۆ هەرێمی کوردستان پێشەڵکردنی سەروەری عیراقە بە پلە یەک پاشان پێشەلکردنی سەروەری هەرێمی کوردستانە، بەبیانوی لەناوبردنی هێزێکی چەکداری شۆرشگێری کوردی لە رووی یاساییەوە ئەوەی ئیستا دەوڵەتی تورکیا سوودی لێ بینیوە هەندێک رێکەوتنی سەردەمی رژێمی سەدام حوسینە دژی گەلی کورد بووە چونکە لە پێناو لە ناوبردنی شۆرشەکانی گەلی کورد ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان ڕێگەیان بە یەکتری داوە سنور ببەزێنن بۆ لێدان لە بزوتنەوە ئازادیخوازەکانی گەلی کورد.

سەبارەت بەو هێرشانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک گەنجانی شاری کەرکوک هەڵوێستی خۆیان نیشاندا و ئیدانەی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی فاشستی تورکیان کرد.

  گەنجانی کەرکوک داوایان لە حزب و لایەنە کوردییەکان کرد بە کە بەناوی ڕێککەوتنی ستراتیژی هاوکاری دوژمن و داگیرکەرانی کورد نەکەن چونکە هاوکاری کردنی داگیرکەران لێدانە لە بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەکانی گەلی کورد.

هێڕشەکانی تورکیا گەیشتووەتە ناوەندی شار و شارۆچکەکان

محەمەد کەرکوکی گەنجێکی شاری کەرکوکە، سەبارەت بە هەوڵە فراوانخواززیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان و پێشەڵکردنی سەروەری هەرێم، ئەو گەنجە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "بە درێژایی مێژوو دەوڵەتی تورک هەوڵی داوە باشوری کوردستان داگیر بکات، دەستدرێژییەکانی و پێشەڵکارییەکانی تورکیا لەنێو خاکی باشوری کوردستان تەنها لەچوارچێوەی ناوچە سنورییەکان نەماوە بەڵکو هێڕشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا گەیشتووەتە ناوەندی شار و شارۆچکەکان، وە لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوو بۆ جاری دووەم ئاگاداربووین کە گوندی سەیدانی سەر بەقەزای چەمچەماڵی بوردومان کرد."

ئەنجامی زۆر خراپ دەبێت و کوشتن و قڕكردن بڵاودەبێتەوە

هەروەها محەمەد کەرکوکی داوا کارییەکی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندی دارەکان کرد ووتی: "ئێمە وەکو گەنجانی شاری کەرکوک و باشوری کوردستان داوا لە تەواوی لایەنە بەرپرس و پەیوەندی دارەکان دەکەین کە هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر ئەم هێرشە داگیرکاریانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ نێو خاکی باشوری کوردستان، چونکە بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی ئەنجامی زۆر خراپ دەبێت چونکە بینیومانە لە رۆژئاوای کوردستان تورکیا هەر ناوچەیەکی داگیرکردبێ ئەوە ئەو ناوچەیە پێکەوەژیانی تێدا نەماوە و کوشتن و قڕكردن تێدا بڵاوبۆتەوە"

لایەنە ناوخۆییەکانی باشور ئەم زوڵم و ستەمە بەرامبەر گەلەکەیان ڕابگرن

لەکۆتایدا ئەو گەنجەی شاری کەرکوک سەبارەت بەو حزب لایەنانەی کە هاوکاری دەوڵەتانی داگیرکەر دەکەن ووتی: " ئەو لایەنانەی کە ڕێگا خۆشکەرن بۆ هاتنی دەوڵەتانی داگیرکەر بۆنێو خاکی کوردستان داوایان لێدەکەین کە بەخۆیانا بچنەوە و ئەم زوڵم و ستەمە بەرامبەر گەلەکەیان ڕابگرن."

دەیەوێت دەسەڵاتی عوسمانی بگەرێنێتەوە بۆ ناوچەکە

عەلی ئەدهەم گەنجێکی دیکە شاری کەرکوکە سەبارەت بەهێرشەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان، بۆ ئاژانسی هواڵی فورات دوا ووتی: " لەماوەی ڕابردوودا دەوڵەتی تورکیای فاشست هێرشەکانی چرکردۆتەوە بۆسەر خاکی باشوری کوردستان، تورکیا ئەم هێڕشانە بەبیانوی هێرش کردنە سەر لایەنێکی چەکداری و سیاسی ئەنجامدەدات بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجی تورکیا لەم هێرشانە تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان و داگیرکردنی شاری موسڵ و شەنگال و کەرکوکە، چونکە دەیەوێت دەسەڵاتی پێشووی عوسمانی بگەرێنێتەوە بۆ ناوچەکە."

ئەنجامەکەی لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە

هەروەها ناوبرا ووتیشی: "ئێمەش وەکو گەنجانی کەرکوک داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە لە ئاست ئەم داگیرکارییە بێ دەنگ نەبن چونکە ئەنجامەکەی داگیرکردن و لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە."

لێدانە لە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی کورد

لەکۆتایدا عەلی ئەدەهەم سەبارەت بەو لایەنە نێوخۆیانەی کە هاوکاری داگیرکەران دەکەن بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: " ئەو حزب لایەنە کوردستانیانەی کە هاوکاری داگیرکەران دەکەن پێویستە بەخۆیانە بچنەوە چونکە هاوکاری دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان لێدانە لە بەرژەوەندیە باڵا نەتەوەیەکانی گەلی کورد."

بۆ فراوانکردنی هەژموون و دەسەڵاتی خۆی لەناوچەکەدا

گەنجێکی دیکەی شاری کەرکوک بەناوی سۆران سەردار بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات سەبارەت بە هێڕشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر خاکی کوردستان دوا و ووتی: "دەوڵەتی تورک بە درێژایی مێژوو هەوڵیداوە دەوڵەتی ناوچەکە داگیر بکات بۆ فراوانکردنی هەژموون و دەسەڵاتی خۆی لەناوچەکەدا و هەمیشە چاوی بڕیوەتەوە خاکی گەلانی دیکە، لەئیستاشدا لە ڕێگەی چرکردنەوەی هێڕش و بۆردومانەکانەوە لەنێۆ خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات وولایەتی موسڵ بگەرێنێتەوە سەر دەوڵەتی تورکیا."

ویلایەتی موسڵ بگەڕێنێتەوە سەر دەوڵەتی عوسمانی نوێ

هەروەها سۆران سەردار ووتیشی: " لەماوەی ساڵی ڕابردوەوە هێڕشەکانی تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو بۆردومانەکانی چرکردۆتەوە و بنەکەی سەربازی زیاتر کردۆتەوە لە هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی شاری موسڵ لە باکوری رۆژئاوای عێراق، تورکیا بەیانوی ئەنجامدانی ئۆپراسێۆن لە دژی هێزێکی پاراستن هەوڵدەدات وولایەتی موسڵ بگەڕێنێتەوە سەر دەوڵەتی عوسمانی نوێ."

بەرپرسانی تورکیا نەیانشاردۆتەوە و بەئاشکر ئامانجەکانیان باس کردووە

سەبارەت بە هەوڵەکانی داگیرکردنی هەرێمی کوردستان چەند ناوچەیەکی دیکەی عیراق لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، ناوبراو ووتی: " لەچەندین بۆنەی جیاوازدا بەرپرسانی تورکیا نەیانشاردۆتەوە و بەئاشکر باسیان لەوە کردووە کە لەساڵی ٢٠٢٣ وولایەتی موسڵ و کەرکوک دەگەڕێنەوە سەر دەوڵەتی تورکیا."

تورکیا مەترسییە لەسەر پێکەوژیان لەنێوان پێکهاتەکان

سۆران سەردار داوای هەڵوێستی لە حکومەتی عێراق کرد بەرامبەر ئەم پێشڵکارییە بۆسەر سەروەری وولات و ووتی: "داوا لە حکومەتی ناوەندی عێراق دەکەین هەڵوێستی جدی بنوێنن لەبەرامبەر ئەم هێرش و داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا چونکە بوونی تورکیا لە عیراق مەترسییە لەسەر پێکەوژیان لەنیوان پێکهاتەکانی عێراق  چونکە بوونی تورکیا لێرە واتا تێکدانی پێكەوەژانە."

خەڵکی دڵنیا دەکەمەوە لەم مەترسییە

لەکۆتایدا ئەو گەنجەی شاری کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "من وەکو گەنجێکی شاری کەرکوک ئیدانەی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی دگیرکەری تورکیا دەکەم بۆسەر خاکی کوردستان، وە داوا لە تەواوی هاووڵاتیانی باشوری کوردستان دەکەم کە بێ دەنگ نەبن و هەڵوێست وەربگرن لەئاستی ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر چونکە خەڵکی دڵنیا دەکەمەوە کە ئەگەر ئەم هێرشانە سەربگرێت ئەوە تەواوی هەرێمی کوردستان داگیردەکرێت و قەوارەی باشوری کوردستان بوونی نامینێت."

ف.ق