گەریلا بە خوڵقاندنی تاکتیک سەرکەوتن مسۆگەر دەکەن

هێزی گەریلا نەک هەر بۆ گەلی کورد بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ژێر دەستی داگیرکەران بوونەتە هیوا، بە خوڵقاندنی تاکتیک سەرکەوتن مسۆگەر دەکەن.

لە سەردەمی زانست و تەکنەلۆژیادا دەوڵەتان بە تەکنەلۆژیای خۆیان دەچنە مەیدانی شەڕەوە. بەڵام تاکە هێزێک کە تەکنیکی خۆی لە ژێر هێرشە کیمیایی و ئەتۆمییە قەدەغەکراوەکاندا خوڵقاندووە، هێزی گەریلایە. بۆیە دووەم سوپای گەورەی ناتۆ بەرامبەر خوڵقکارییەکانی تاکتیکی گەریلاکانی ئازادی کوردستان گیروودە هاتووە. ئەم خولقێنەریانە بۆ هەموو دونیا بووەتە جێگەی سەرنج. لە چوار ساڵی ڕابردوودا هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بەبێ بڕان بەردەوامە. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەموو تەکنیکێکی بە سەر گەریلا تاقی کردووتەوە. لە کۆتاییدا دوژمن پەنای بردووتە بەر چەکی کیمیایی و ئەتۆمی. ئەو هێرشە گەورانەی کە بۆ لەناوبردنی دەوڵەتێک بەسە، لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا لە چیاکانی کوردستان لە دژی گەریلا بەکار هێنراون بەڵام شکستیان هێناوە. بێگومان وەڵامی ئەم شەڕە تەنیا بەرخۆدان نییە. هێزەکانی گەریلا بە چالاکییەکانیان وەڵامێکی بەهێز و پێویستیان بە دوژمنی داگیرکەر داوەتەوە. بەڵام سەرنجڕاکێشترین شت سەردەمی تاکتیکی گەریلایە.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕۆژانە سەدان هێرش دژ بە گەریلا ئەنجام دەدات. ئەگەر باڵانسی تەنها یەک ڕۆژ لەم هێرشانە ئاشکرا بێت، شکستی دەوڵەتی تورک بە ڕوونی دەردەکەوێت. بۆ نموونە لە ٣ی حوزەیران ١٠ جار بە فڕۆکەی شەڕ و ٢٨١ جار بە چەکی قورس و ناوەندی،  ٨ جار بە گازی ژەهراوی، ٦ جار بە چەکی تەقەمەنی و جارێکیش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان شەڕکەر هێرشیان کردووتە سەر هەرێمەکانی گەریلا. سەرەڕای هەموو ئەو هێرشانە، هێزەکانی گەریلا هیچ زیانێکیان نەبینی و بە چەکی ناوەندی داگیرکەرانیان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا ٤ داگیرکەر کوژران و ٣ کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها سەرکەوتنەکانی گەریلاکان بە کامێرا تۆمار کران و بڵاو کرانەوە. هەروەها بە چەکی قورس چەندین چالاکیان ئەنجامدا. ئەم چالاکیانە بە ڕوونی دۆخە ئاشکرا دەکەن کە گەریلا لە چ ئاستێکدایە.

سەرچاوەی چالاکییەکانی گەریلا بەرخۆدانی ئیمرالییە

بەڕوونی دیارە دوژمن ڕۆژانە هەموو جۆرە تەکنیکێک بۆ لەناوبردنی گەریلا بەکاردەهێنێت. خوڵقێنەری گەریلا و توانای پەرەپێدانی تەکنیکی نوێ لە هەلومەرجی سەختدا نموونەیەکی دەگمەنە لە مێژوودا. فڕۆکە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە شەڕکەرەکان کە دەوڵەتی فاشیستی تورک  پشتی پێ دەبەستێت، یەک بە یەک لەلایەن گەریلاکانەوە دەخرێنە خوارەوە. هەرچەندە دوژمن دەیان ئامرازی تەکنیکی بۆ پاراستنی پێگەی خۆی بەکاردەهێنێت، بەڵام گەریلاکان بە چالاکییەکانی ١ی حوزەیران هەموویان پووچەڵ کردەوە. ئەو وێنانەی لە گەریلا تیڤی پەخش دەکرێن سەڵمێنەری ئەم ڕاستیانەن. گەریلاکان بە چوونە ناو سەنگەر و کانتێنەرەکانی داگیرکەران چالاکیان ئەنجامدا و بەم ئۆپەراسیۆن و تاکتیکانەیان بنکەکانی داگیرکەرانیان هەڵوەشاندەوە. تەنانەت بەربەستە بەرزەکانی دەوری بارەگاکانیان نەیانتوانی بیانپارێزن. ئەم چالاکیانەی گەریلا ئاڵۆزییەکانی نێوان بەڕێوەبەرانی دەوڵەت و بەکرێگیراوەکانیانی ‌هێندەیتر قووڵ کردەوە.

گەریلا بە تاکتیکە مۆدێرنەکانی لێهاتووییە مرۆییەکانی ئاشکرا کرد. بۆ تێکشکاندنی هەموو جۆرە تەکنیکێک پەرەی بە تەکنیکەکانی خۆی داوە. بەمەش قسەکانی سەرۆک ئاپۆی پشتڕاست کردەوە کە دەڵێت: "گەورەترین و بەهێزترین تەکنیک خودی مرۆڤە". ئێستا هێزەکانی گەریلا نەک تەنها لە زستاندا وەڵامی هێرشەکانی دوژمن دەدەنەوە، بەڵکوو لە هەموو وەرزەکاندا وەڵامی هێرشە داگیرکارییەکانی دوژمن دەدەنەوە.

بێ گومان سەرچاوەی ئەم چالاکییە بەرخۆدانیانە ئیمرالییە. سەرۆک ئاپۆ ماوەی ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمرالی بەرخۆدانێکی گەورەی نیشان داوە. گەریلا  هێزی خۆی لەم بەرخۆدانەوە وەردەگرێت. بۆیە ئەو ئیرادە و بەرخۆدانەی کە چوار ساڵە لە چیاکانی کوردستاندا نیشان دراوە، سنووری عەقڵی تێپەڕاندووە و هەمووانی سەرسام کردووە. لەژێر هێرشە ئەتۆمی و کیمیاییەکانی دوژمن دا ئەنجامدانی چالاکیی ڕۆژانە بە تاکتیکی پێشکەوتووانە و نیشاندانی وەها بەرخۆدانێک، دۆخێکی دەگمەن و بێ وێنەیە لە مێژوودا. پابەندبوون بە ڕێبەر ئاپۆ و بەردەوام بوون لەسەر هێڵی شەهیدان ئەم ڕۆحەی خوڵقاندووە. تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی هێزێکی بێ وێنەی خوڵقاند و سوپایەکی بنیاتنا کە سەرکەوتنی گەلی کوردی مسۆگەر کرد. بە کورتی؛ گەریلاکانی ئازادی کوردستان، بەو شەڕەی ئەمڕۆ بەڕێوەی دەبەن، نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی ژێردەستی داگیرکەران بوونەتە هیوای سەرکەوتن و ئازادیی.