هاوسەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ دەستبەسەرکرا

زانرا کە پۆلیسی تورک هەڵیکوتاوەتە سەر شارەوانی جۆلەمێرگ و هاوسەرۆکی شارەوانی محەمەد سدیق ئاکشیش لە وان دەستبەسەرکراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان شەوی رابردوو کاتژمێر نزیکەی ٢٣:٠٠ بە سەدان پۆلیس گەمارۆی شارەوانی جۆلەمێرگیان دا کە لە هەڵبژاردنی خۆجێی ٣١ی ئاداردا پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) بەدەستیهێنابوو. شەقامەکانی دەوروبەری شارەوانی داخران و دواتر دەرگاکانی شارەوانی شکێندران و چوونە سەر شارەوانی و هەموو فەرمانبەرانی دامەزراوەکە بە پەلە بانگکرانەوە بۆ سەر ئەرکەکانیان.

زانرا کە هاوسەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ محەمەد سدیق ئاکشیش لە وان دەستبەسەرکراوە.

داوا لە هەمووان دەکەین هەڵوێست نیشان بدەن

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لەسەر هەژماری خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیادا داوای لە لایەنگرانی دیموکراسی کرد کە لە دژی کودەتاکە هەڵوێستی ئاشکرایان هەبێت.

دەم پارتی لە درێژەی راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "دەسەڵاتداری کە هەر جارێک لە بەرامبەر ئیرادەی گەل تێکدەشکێت، پەنا بۆ زەوتکردنی ئیرادە و کودەتا دەکات کە باشترین رێگەیە بەلایەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاوسەرۆکی شارەوانیمان لە جۆلەمێرگ محەمەد سدیق ئاکش لە وان دەستبەسەرکرا، شارەوانیەکەمان بە زۆر لەلایەن پۆلیسەکانەوە زەوت کرا. ئێمە ئەو ئەقڵیەتە قەیومکاریە قەبوڵ ناکەین. گەلەکەمان لە ٣١ی ئادار لە رێگەی دیموکراتیک ئاشکرای کرد کە ئەو ئەقڵیەتە قەیومکاریە ناناسن. ئەو ئەقڵیەتە قەیومکار و کودەتاچییە نەک هەر هەڕەشەیەکە لە دژی جۆلەمێرگ، هەڕەشەیەکیشە لە دژی هەموو گەلانی تورکیا. گەلەکەمان لە بەرزترین ئاستدا کاردانەوە نیشان دەدات. ئێمە داوا لە هەموو لایەنگرانی دیموکراسی دەکەین کە لە دژی ئەم کودەتایە هەڵوێستێکی روونیان هەبێت".

هـ . ب