حەسەن بارام: پێویستە کورد دۆست و دوژمنەکانی لە یەک جیابکاتەوە
حەسەن بارام نووسەر و چاودێری سیاسی: "هەر هێزێکی کوردی هاوشانی داگیرکەری تورکیا شەڕ دژی کورد بکات ئەوە پێش ئەوەی براکەی بکوژێت خۆی دەکوژێت".
حەسەن بارام نووسەر و چاودێری سیاسی: "هەر هێزێکی کوردی هاوشانی داگیرکەری تورکیا شەڕ دژی کورد بکات ئەوە پێش ئەوەی براکەی بکوژێت خۆی دەکوژێت".
حەسەن بارام چاودێری سیاسی، نووسەر و مێژووناس، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF)، سەبارەت بە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەولێر، ئامانج لەپشتی سەردانەکە و هەوڵەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ زیاتر داگیرکردنی خاکی کوردستان بەهاوکاری پەدەکە و گۆڕینی دیموگرافیاکەی، هەروەها پرسی هاوکاریی و ملکەچ بوونی پەدەکە بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و جێبەجێ کردنی پلانگێری داگیرکەران لەنێوانیشیاندا شەڕی کورد بەکورد و چەند پرسێکی گرێداروی ئەو بابەتە، ناوبراو دوا.
حەسەن بارام خاوەن بڕوانامەی ماستەرەو لە ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بەنووسین کردووە خاوەنی ٣١ کتێبە زۆربەی نووسینەکانی دەربارەی مێژووی کورد و مێژووی سیاسییە کوردە، ناوبراو ماوەی ٢٣ ساڵە چاودێری سیاسییە.
پڕۆسەی بە تورک کردن و عەرەب کردن لە کوردستان بەردەوامی هەیە
سەبارەت بە هەوڵەکانی داگیرکەرانی کوردستان بەتایبەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە داگیرکردن و گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان، حەسەن بارام نووسەر و مێژووناس، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ئاشکرای کرد: "بەداخەوە کە ئێمە ئەمڕۆ قسە لەسەر بابەتی بە عەرەبکردن و بە تورک کردن دەکەین ئەم پرۆسەیە ئێستاش لەلایەن گەلانی باڵادەست لە ناوچەکە لەڕووی هەرێمایەتییەوە کە کوردستانیان بە سەردا دابەشکراوە بەردەوامی هەیە، بەنموونە ئێستا کەدەوڵەتی تورک هەوڵی بەتورک کردن ئەدات، دەبینین سەرۆکی یانەیەکی وەرزشیان دەستگیرکردووە تەنها لەبەر ئەوەی جلی و بەرگی کوردی پۆشیوە".
دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە داگیرکردنی خاکی کوردستان
حەسەن بارام لەدرێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ووتیشی: "ڕۆژانە خاکی کوردستان لە ڕۆژئاوا و لە باشور داگیر دەکرێت وە مافەکانی کورد بەرتەسک ئەکرێتەوە وە سوپا ناوچە جیاجیاکان داگیردەکات و لەڕووی هەواڵگریی و سەربازییەوە و لەڕێگەی نیشتەجێبوون و دەرپەڕاندنی کورد هێنانی عەرەب و تورکمان بۆ ئەو شوێنانەی کوردستان کە کوردی لێ دەردەکرێ بەڵێ بەداخەوە دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە سیاسەتی گۆڕێنی دیموگرافیا و بەتورک کردن و بەعەرەب کردنی ناوچە کوردستانییەکان".
دەبێ کورد بەسیاسەتی خۆیدا بچێتەوە و دوژمن و دۆستەکەی لە یەک جیابکاتەوە
سەبارەت بە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق بە مەبەستی قڕکردنی گەلی کورد، ناوبراو ووتی: "ئێستاش ئەردۆغان هاتووە بۆ عێراق ئاوی لە خەڵکی گرتووەتەوە لە ڕووی ئابوری، ئاسایش، سەربازییەوە ئازادی گەلی کورد دەدات ئەمەش سیاسەتێکە ڕەگ و ڕیشەی خۆی هەیە لە مێژودا، لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییانەی کە ڕوویان داوە ئەو سیاسەتە بەربەرییەی "هەمەجیانەی" کە بەرامبەر بە نەتەوەی کورد کراون لەلایەن گەلانی سەردەستەوە بەداخەوە ئێستا هەم خاکەکە و ناوچەکانمان لە قاڵب داوە، هەروەها چەندین جۆر هەڕەشەیان لەسەر کورد لە ڕابردوو، ئێستا و لە ئایندەشدا بۆ سەر ئێمەی کورد دروست کردووە بەڵام دەبێ کورد بەسیاسەتی خۆیدا بچێتەوە و دوژمن و دۆستەکەی لە یەک جیابکاتەوە".
سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ لە قالب دانەوەی کوردە
حەسەن بارام بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ئاشکراشی کرد: "بێگومان دەوڵەتی تورک و خودی ئەردۆغان و ئاکەپە کە ئێستاکە حاکمی ئەو وڵاتەیە سیاسەتێکی یەکجار خراپ بەرامبەر بە کورد بەیڕەو دەکەن، دەوڵەتی تورک و ئاکەپە نایشارنەوە و ئەڵێن کورد لە هەر شوێنێک بێت ئەوان ئەیانەوێ دژایەتی دەکەن، دەیانەوێت کێشە بۆ کورد دروست بکەن، بۆیە هاتنەکەی ئەردۆغان هاتنێکە بۆ جارێکی تر لە قاڵب دانەوەی کورد، وە بۆ جارێکی تر هەڕەشە دروست کردنە بۆ سەر ناوچەکەمان".
سەردانەکەی ئەردۆغان بەرنامەی هێرش کردنی سەر باشوری کوردستانە
هەروەها سەبارەت بە ئامانج داگیرکارییەکانی پشت سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق، ئەو نووسەر ڕایگەیاند: "گومانەکەم لەدوای ئەم سەردانەی ئەردۆغان ئەوان بەرنامەیەکیان هەبێ بۆ هێڕشکردنە سەر باشوری کوردستان بابەتەکەش تەنها پەکەکە نییە چونکە خۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان پەکەکە نییە وە لێرە لەناو شارەکانی باشور پەکەکە نییە بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئامانجەکەیان ڕوونە بەرانبەر دۆزی کورد و بەتایبەتی ئەم ئازادیی و دەستکەوتیەی لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بوونی هەیە کە بەداخەوە دەوڵەتی تورک بە مەترسی دەینینن بۆسەر خۆیان".
پەلامارەکانی دەوڵەتی تورک سەرئەنجام سەری خۆیان دەخوات
ناوبراو باسی لە عەقڵیەتی فاشیستی و شۆڤێنیانەی داگیرکەران کرد دژ بە کورد و هەوڵەکانیان بۆ تواندنەوەی کورد و ووتی: "بەدرێژایی هەزاران ساڵ کورد هیچ کاتێ مەترسی نەبووە بۆسەر گەلانی دیکە تەنها لە خاک و ووڵاتی خۆیدا ژیاوە، بەڵام داگیرکەرانی کوردستان بیکردنەوەکەیان بیکردنەوەیەکی شۆفێنییە و بیرکردنەوەیەکە بۆ تواندنەوەی کورد هەر دەستکەوتی وهەر چرایەک ڕووناکییەک لە پارچەیەک لە پارچەکانی کوردستان هەبێ بەداخەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەوڵی شێواندنی ئەدەن، بەتایبەتی ئەو سیاسەی کە ئاکەپە پەیڕەویی دەکات بەو ئومێدەی ئەو سیاسەتە هەڵە و پەڵەشانە و پەلاماردانەی دەوڵەتی تورک سەرەنجامەکەی سەری خۆیان بخوات".
مێژوویەکی خراپمان هەیە لە شەڕی کورد بە کورد
سەبارەت بە هاوکارییەکانی پەدەکە بۆ دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا و جێبەجێ کردنی پیلانگێرییەکانی داگیرکەر بۆ لێدان لە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان، ئەو نووسەر و مێژووناسە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ڕایگەیاند: "وەکو گەلی کورد ئێمە مێژوویەکی زۆر خراپمان هەیە لە شەڕی کورد بەکورد و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ دوژمنان، ئێمە ئومێد دەکەین جارێکی دیکە هیچ هێزێکی سیاسی کوردی لەهەر چوار پارچەی کوردستان زاتی ئەوە نەکات دەستی بچێتە خوێنی کوردێکی دیکە".
ئومێدەوارم کورد پەندی لە ڕابردوو وەرگرتبێت
لە کۆتایی قسەکانیدا حەسەن بارام نووسەر و مێژووناس ووتی: "ڕاستە داگیرکەران هەوڵی ئەوە دەدەن و چەندین جۆر پیلان دەگێڕن بۆ ئەوەی کورد دەستی خزێتە نێو ئەو ململانییە خۆکوژییەوە کە من پێم وایە خۆکوژی واتا هەر هێزێکی کوردی هاوشانی داگیرکەری تورکیا بڕۆات شەڕ دژی براکەی بکات پێم وایە پێش ئەوەی لە براکەی بکوژێت خۆی دەکوژێت، بۆیە بەو ئومێدم کورد وانە و پەندی لە ڕابردووی خۆی وەرگرتبێت و ئەو هەڵانە دووبارە نەکات".
هـ . ب