جیک: پێکەوە لە دژی ھێرشەکانی سەر رۆژئاوا بوەستنەوە

کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان (جیک) ڕایگەیاند، "دەوڵەتی تورک لە هەموو پارچەکانی کوردستان کوردان دەکاتە ئامانج" و داوای لە گەلی کورد کرد، "پێکەوە دژی ئەو هێرشانە بوەستنەوە و خۆڕاگری بکەن".

ناوەندی ھەواڵ

کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان (جیک)، لە ڕاگەیەندراوێکدا، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی بۆسەر ڕۆژئاوا، بەتایبەتی شوێنە مەدەنییەکان، بە توندی شەرمەزار کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ساڵانێکە لەبەر چاوی جیهاندا درێژە بە کۆمەڵکوژییەکانی دژ بە گەلی کورد دەدات و بۆ لەناوبردنی بە هەموو دەرفەتەکانییەوە هێرش دەکاتە سەر ھەر چوار بەشی کوردستان".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک، کاتێک سەرۆکی میت بوو، سیاسەتی 'من لە سوریاوە موشەک بەرەو تورکیا هەڵدەدەم و شەڕ دەستپێدەکەین' قبوڵ کرد، ئەو ئەندازیاری سەرەکی کۆمەڵکوژییەکانی دژی کوردە. هەرچەندە دەزانرێت ڕووداوەکەی ئەنقەرە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕۆژئاواوە نییە، بەڵام بۆ ئەوەی هێرش و کۆمەڵکوژی نوێ دژی کوردان ئەنجام بدەن ئەوە دەکەنە بیانوو.

جیک ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک ڕایگەیاندووە، بە بەر چاوی هەموو جیهانەوە کۆمەڵکوژیەک ئەنجام دەدەن، لەماوەی ڕابردوودا دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر شوێنە مەدەنییەکان. بینا و ژێرخانی خزمەتگوزاری، سەرچاوە ئابوورییەکان و بەنداوەکان دەکرێنە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا ژمارەیەکی زۆر ھاوڵاتی مەدەنیمان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆرێش بریندار بوون.

ھەر لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین، کە لەدژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێن. هەموو جیهان بە بێدەنگی سەیری ئەم هێرشە نامرۆڤانە دەکات. هیچ هێزێکی نێونەتەوەیی ڕێگری لە کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک دژی گەلی بێ تاوانی کورد ناکات. داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و نەتەوە یەکگرتووەکان، حزب و دەوڵەتانی گەرەنتیکار لە سوریا دەکەین رێگریی لە ئەنجامدانی تاوانی شەڕ دژی ھاوڵاتیان مەدەنی و شوێنە مەدەنییەکان بکەن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، پێویستە گەلی کورد پێکەوە لە دژی ئەو هێرشانە بوەستنەوە و خۆڕاگری بکەن. "دەوڵەتی تورک دەیەوێت ناسەقامگیری لە ڕۆژئاوا دروست بکات و ناوچەکە چۆڵ بکات. دەبێت کۆمەڵگای کوردی و لایەنە سیاسییەکان لە دژی ئەو هێرشانە بوەستنەوە و ھەڵوێستیان ھەبێت. دەبێت گەلەکەمان پێکەوە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک خۆڕاگری بکەن. پێویستە کورد لە هەموو ئەو ناوچانەی تێیدا دەژین، لە دژی ئەم هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک تێکۆشان بکەن".