جەژنی ڕۆژووی ئێزی چییە؟

دوای سێ ڕۆژ ڕۆژوو، ئێزدییەکان بە سەردانی گۆڕستانەکان، جەژنی “ڕۆژووی فەقیران” پیرۆز دەکەن.

لە شەنگال جەژنی “ڕۆژووی فەقیران”ـە کە دوای سێ ڕۆژ بە ڕۆژوو بوون، لەلایەن ئێزدییەکانەوە پیرۆز دەکرێت.

بەپێی ‘ڕۆژمێری شەنگال‌، ‘ڕۆژووی فەقیران‌ ڕۆژی سێشەممە دەستیپێکردووە و چوارشەممە  و پێنجشەممە بەردەوام بووە، ئەمڕۆ ڕۆژی جەژنە.

لە چوارچیوەی ئەو جەژنەدا بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە و دەوروبەری دەستپێک دەچنە سەرقەبران و دوای ئەوەش بە سەردانیکردنی یەکتر جەژنە پیرۆزە دەکەن.

لە ئاینی ئێزدییەکاندا هەفتەی یەکەم و دووەمی کانوونی یەکەم، ڕۆژە هەرەکورتەکانی ساڵن، بۆیە لەو هەفتانەدا سێ ڕۆژ ڕۆژوو دەگیرێت، کە دەکەوێتە ڕۆژانی سێ شەممە، چوارشەممە و پێنج شەممە، لەو ڕۆژانە خوێن ناڕێژرێت، شەڕ و قسەی خراپ ناکرێت، کارەکانی ڕۆژانە ڕادەگیرێن، لەو ڕۆژانە خەڵک تەنیا لە خوا دپاڕێنەوە، بۆیە ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی ڕۆژوو، واتا ڕۆژی دووشەممە هەر خانەوادەیەک ئاژەڵێک سەردەبڕێت و بەو ڕۆژە دەوترێت “ڕۆژی سەربڕ” ڕۆژی هەینیش ڕۆژی جەژنی ڕۆژووی ئێزدیانە.

لە باوەڕی ئێزدیەکاندا ئەو کەسەی بەڕۆژوو دەبێت پێویستە لەهەر شتێک زیاتر بەسەر زمانی خۆیدا زاڵ بێت و درۆ نەکات، لەسەر ئەو بابەتە وتەیەکی ئێزدیەکان هەیە: هەرکەس بەسەر زمانی خۆیدا زاڵ بێت، خودا وەک ئەوە حیسابی بۆ دەکات کە ٤٠ ڕۆژ ڕۆژووی گرتبێت.

ئەو کەسانەی نەخۆشن یان نەخۆشییەکی تایبەتیان بێت، هەروەها ئەو کەسانەی کارێکی بەپەلەیان بۆ دەرکەوێت و لە ماڵی خۆیان دوور کەون، ڕۆژوو لەسەریان فەرز نییە.

بەپێ باوەڕییەکان ڕۆژوو لە بەربانگی بەیانی، پێش ئەوەی جیهان ڕوون ببێت دەستپێدەکات، ئاو و خواردن ناخورێت، ئەو کاتەش خۆر ئاوا دەبێت و جیهان بەرەو تاریکی دەچێت، هەموو ئەندامانی خانەوادەکە لەسەر سفرە کۆدەبنەوە و دوای ئەوەی گەورەی ماڵەکە دۆعای خوێند دەست دەکەن بە خواردن.

ڕۆژووی ئێزدییان بە دوو شێوە بەڕێوە دەچێت

ئێزدییەکان لە شەنگال هەفتەی یکەمی کانوونی یەکەم ڕۆژوو دەستپێدەکەن و ناوی لێدەنێن “ڕۆژووی فەقیران” و ئێزدیەکانی شێخان و لالش هەفتەی دووەمی مانگی کانوونی یەکەم دەست بە ڕۆژوو دەکەن و ناویان لێناوە “ڕۆژووی بابە شێخ”.