کۆڵبەرێکی دیکە بە سەختی بریندارکرا و سێ کۆڵبەریش ئەشکەنجەدران
لە سنووری شاری بانە کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەت بە سەختی بریندارکرا، لە هەورامانیش سێ کۆڵبەر ئەشکەنجەدران.
لە سنووری شاری بانە کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەت بە سەختی بریندارکرا، لە هەورامانیش سێ کۆڵبەر ئەشکەنجەدران.
بەپێی زانیارییەکان درەنگانی شەوی سێ شەممە ١١ی حوزەیران لە سنووری سەرتەزێنی بانە هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێسوەختە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە.
لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی ئارمان حسێنی تەمەن ٢٦ ساڵ برینداربووە.
بەهۆی سەختی برینەکانیەوە ئەو کۆڵبەرە گەیەندراوەتە شاری تەورێز و لەئێستادا لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە.
لە لایەکی دیکەوە بە پێی هەواڵێکی کۆڵبەر نیوز هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە سنووری تەتەی هەورامان دوو کۆڵبەریان بە توندی ئەشکەنجە داوە و برینداریان کردوون. ناوی یەکێک لەو کۆڵبەرانە شادمان پایا تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی ناوچەی کۆماسی مەریوانە.
هەروەها لە سنووری ژاڵانەی هەورامانیش کۆڵبەرێک کە بەهۆی بۆسەی هێزەکانی دەوڵەتەوە لە سنووری تەتە قاچی وەرگەڕابوو، لە کاتێکدا لەناو ئۆتۆمبێلێکدابوو لە بازگەی ژاڵانە لەگەڵ شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە بو سەختی ئەشکەنجە درابوون.
هـ. ب