کۆدار: ئازادی ژنێک، ئازادی گەلێکە، ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی ژنان و گەلانە

کۆدار رایگەیاند: کوشتنی ژنێک، کوشتنی گەلێکە؛ ئازادی ژنێک، ئازادی گەلێکە و ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی ژنان و گەلانە، داواشی کرد، ھاوکات لەگەڵ ٩ی تشرینی یەکەم بە شێوەیەکی بەھێز درێژە بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی 'ژن، ژیان، ئازادی' بدرێت.

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)، لە ڕاگەیەندراوێکدا لە ژێر ناونیشانی "کوشتنی ژنێک، کوشتنی گەلێکە؛ ئازادی ژنێک، ئازادی گەلێکە و ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی ژنان و گەلانە"، تیشکی خستووەتەسەر دۆخی قەیراناوی ژنان لە کۆمەڵگەی گیروودەی دیکتاتۆریەتی ئێران و تێیدا ئیدانەی چەوساندنەوەی سیستماتیکی ژنان و زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان لە چەند مانگی ڕابردوودا لەژێر ناوی شەرەف کردووە.

کۆدار داواشی کردوە، ھاوکات لەگەڵ ٩ی تشرینی یەکەم، ساڵڕۆژی پیلانگێڕی نێونەتەوەی دژی ئافرێنەر ئەندێشە و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، بە شێوەیەکی بەهێز بەردەوامی بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی 'ژن، ژیان، ئازادی' بدرێت.

ھەر لە راگەیەندراوەکەدا "زاڵبوونی نەریتی پیاوسالارانە لە کۆمەڵگادا کە بە توندی دژە ژنە و لەلایەن دەسەڵاتەوە برەوی پێدەدرێتەوە و بەرھەم دەھێندرێتەوە، لەگەڵ فشارە ئابووری-بژێوی و سیاسییەکان"، وەک هۆکارە سەرەکیەکانی ھەڵکشانی حاڵەتەکانی کوشتن لە ژێر ناوی شەرەف لە ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان ناوبراوە و کۆدار لە پێناو کۆتایی ھێنان بە هەژموون و دەسەڵاتی سیستەمی دژە ژنی باڵادەست لە ئێران داوای تێکۆشانی سەرتاسەری کردووە.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دۆخی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا کە بەدەست گوشاری ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سیاسەتی قڕکەرانەی ڕژێمی دەسەڵاتداری دژ بە ژن دەناڵێنێت، زۆر خراپتر بووە. رژێمی دیکتاتۆر و سەرەڕۆ ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک پەرە بە کولتوورێکی ژنکوژی پشتبەستوو بە سیستەمێکی تیۆکراتیکی بەتەواوەتی سیاسی دەدات. ئەو سیاسەتانەی دژە بە ژنان بوونەتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە ئەقڵیەتی دژە ژنی لە کۆمەڵگادا، کە ڕۆژانە دەیان ژن لە شارە جیاجیاکان دەبنە قوربانی ئەو ئەقڵییەتە و لە ژێر ناوی شەرەف دەکوژرێن. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، واتا خەرمانان زیاتر لە ٥٠ ژن و کچی گەنج بە هۆی ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە کوژراون و پێویستە وێڕای بە توندی ئیدانەکردنی، بە کردار بۆ گۆڕینی ئەقڵییەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگادا و کۆتایی ھێنان بە ڕژێمی سیاسی دژ بە ژنان لە ئێران، گوڕ بە تێکۆشان بدرێت".

کۆدار ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەر لە کوشتنی ژینا ئەمینی بەدەستی دەوڵەت تا دەگاتە کوشتنی کچانی گەنج و ژنان لە ژێر ناوی شەرەف لە ناو بنەماڵەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە ماوەی ئەمساڵدا ڕوویدا و مانگی خەرمانان چەند حاڵەتێک لە میدیاکان بڵاوکرایەوە، هەموویان بەهۆی بوونی سیستەمی باڵادەستی پیاوسالاری و ھەروەھا لێکەوتەکانی ئەقڵیەتی پیاوسالاری روویانداوە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەشێوەیەکی توندڕەوانە زیاد دەکات. ئەمڕۆ ژنان یان لەسەر داواکردنی ئازادی و مافەکانیان زیندانی دەکرێن، یان لەو بنەماڵانەدا کە دژە ژنن بە بیانووی شەرەف دەکوژرێن. بێ گومان رێژەیەک لە ئاماری کوشتنەکان بە هۆی تایبەتمەندی شاردنەوە لە کۆمەڵگای پیاوسالار لە میدیاکانەوە بڵاونەکراوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە دڵنیاییەوە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" باشترین دەرفەرتی مێژووییە بۆ بنبڕکردنی ئەقڵیەت، کولتور، سیاسەت و سیستەمە باڵادەستە دژەژنیەکەی ئێران. رێبەر ئاپۆ فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی بە ئامانجی ئازادی تەواوەتی ژنان لە کۆت و بەندی بەدیلگیران لەلایەن سیستمی پیاوسالاری، بە تایبەتی چەسپاندنی دادپەروەی کۆمەڵایەتی، داڕشتووە.  بە وتەی رێبەر ئاپۆ "کوشتنی ژنێک بە واتای گەلێکە". ئەوەی ئەمڕۆ بەردەوامیپێدەری بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی ژن، ژیان، ئازادییە، ئاماژەیە بە رووبەڕووبوونەوەی ھۆشمەندییەک لە سەر بنەمای ئازادی بەرامبەر بە ئەقڵیەتی سواوی پیاوسالاری. لەمڕۆدا ئەگەر چی ژمارەیەکی زۆر لە ژیناکان بوونە قوربانی ئەو ئەقڵیەتە، بەڵام تێکۆشانی کۆمەڵگاکان و گەلان بە تایبەتی لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی ژنان، ھیوابەخشە. ھەربۆیە پێویستە ژنان بە ئاراستەی رێکخستن و داڕشتنەوەی "رێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی سەردەمیانە لە سەر بنەمای ئازادی ژن" کۆببنەوە و پەرە بە تێکۆشانیان بدەن".

ئەوەش راگەیەندراوە، " ئێمە لە کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژھەڵاتی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی ئەقڵیەت و کولتور و سیستمی سیاسی ژن کوژ، بەردەوای بەھێزی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی وەک تاکە رێگەی رزگاری ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان لە ھەموو بنبەستە ئەقڵیەتی، کولتوری، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان دەزانین. لەمڕۆدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی تێکۆشەر راپێچی زیندان کراون و ژمارەیەکی زۆریشیان قوربانی ئەقڵیەتی پیاوسالارانە و سیستمی دینسالاری داسەپاون".

 لە کۆتاییشدا کۆدارهێمای بۆ ئەوە کردووە، "ئافرێنەری سەرەکی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی واتە رێبەر ئاپۆ ماوەی ٢٥ ساڵە لە زینداندایە، تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ژنان کە لەلایەن ئەندازیاری ئەندێشەی ئازادی ژنان واتە رێبەر ئاپۆ لە لوتکەدا بەردەوامە" و بە ئاماژەدان بە تێپەڕبوونی ٢٥ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٩ی تشرینی یەکەم، داوای لە "ژنان، گەلانی چەوساوە، بە تایبەتی ژنانی کورد و ژنانی ئێران کردووە کە دەرفەتی مێژویی ھەنوکەیی واتە لە لوتکەبوونی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی بە پێشەنگایەتی ژنان، لە پێناو ھێنانەدی ئازادی و دیموکراسی بقۆزنەوە. ھێمای بۆ ئەوەشکردووە "کوشتنی ژنێک، کوشتنی گەلێکە، ئازادی ژنێک، ئازادی گەلێکە و ئازادی رێبەر ئاپۆ، ئازادی ژنان و گەلانە". بۆیەش جەختی کردووەتەوە، بە ئامادەبوونی سەرجەم ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازان لە گۆڕەپانەکان "لە سەروبەندی ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی ئۆکتۆبەر کە دژ بە بە ئافرێنەری فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی واتە رێبەر ئاپۆ ئەنجامدراوە، تێکۆشان بگەیەنینە لوتکە".