خۆڕاگریی ساڵی ٢٠١٩ و هەوڵەکانی چارەسەری - ٢٩-

لە ئەنجامی خۆڕاگری و چالاکیەکانی مانگرتن لە خواردن بۆ ماوەی ٢٠٠ رۆژ، دوای ٨ ساڵ پارێزەران توانیان سەردانی ئیمرالی بکەن. لە چاوپێکەوتنەکانی هاوینی ٢٠١٩دا رێبەری گەلی کورد داوای کرد کۆتایی بە چالاکیەکان بهێنرێت و پێشنیارەکانی بۆ چارەسەری کێشەکان خستەروو.

پاییزی ساڵی ٢٠١٨، دوو ساڵ بەسەر ئەوەدا تێپەڕیبوو کە هیچ زانیاریەک لە سەر عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردەوە، نەزانرابوو. دوایین جار ئۆجالان لە ١١ی ئەیلولی ٢٠١٦دا چاوپێکەوتنێکی کورتی لەگەڵ براکەی ئەنجامدا. دەوڵەتی تورک بە هۆی خۆڕاگریەکانی ئەوروپا و کوردستان ناچار بوو رێگە بەو چاوپێکەوتنە بدات. سەرەتا لە ٢٧ی ئابی ٢٠١٦ بە پێشەنگایەتی ئەنجومەتی دیاسپۆرای شەنگال بە ئەوەی بە زووترین کات چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدرێت و پێگەی شەنگال لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسرێت، لە ستراسبۆرگ چالاکی بێکۆتای مانگرتن لە خواردن دەستی پێکرد. دواتر لە ئامەد، بە بەشداری پەرلەمانتارانی هەدەپە، ژمارەیەک لە چالاکوانان دەستیان بە هەمان چالاکی کرد.

بەر لەو چالاکیانە، لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا خانەوادەکەی ئۆجالان توانیبووی چاوپێکەوتنی لەگەڵدا ئەنجام بدات. شاندی ئیمرالی لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ و پارێزەرانیش لە ٢٧ی تەموزی ٢٠١١وە نەیانتونیبوو سەردانی ئیمرالی بکەن. لە پاییزی ساڵی ٢٠١٨، لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک (کەجەدە) چالاکیەکی مێژووی دەستپێکرد. سیاسەتمەداری کورد لەیلا گوڤەن لە ٧ی تشرینی دووهەمی ٢٠١٨دا لەکاتی دادگاییکردندا، بەم قسانە باسی لەو چالاکیەی کردبوو کە لە مێژووی تێکۆشانی گەلی کورددا، جێی خۆی گرت،"گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان، تەنها لە دژی کەسیک نیە، بەڵکو بەسەر گەلێکدا سەپێنراوە. گۆشەگیری تاوانێکی نامرۆڤانەیە. منیش تاکێکی ئەو گەلەم ، بۆیە بە مەبەستی شەرمەزارکردنی گۆشەگیریەکەی سەر بەڕێز ئۆجالان، دەست بە چالاکیی بێکۆتای مانگرتن لە خواردن دەکەم."

ئەو کاتە بزوتنەوەی ئازادی کوردیش لە ژێر ناوی 'کۆتایی بە گۆشەگیری دێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، کوردستان ئازاد دەکەین' دەستی بە هەنگاوێکی نوێ کردبوو. دوای لیدوانەکەی لەیلا گوڤەن، سەرەتا سیاسەتمەداران، چالاکان و وڵاتپارێزانی کورد دەستیان بە چالاکی بێکۆتای مانگرتن لە خواردن کرد. سەرەتا لە ٢١ی تشرینی دووهەمی ٢٠١٨، ناسر یاگز لە هەولێر و دواتر زیندانیان سیاسی لە تورکیا و کوردستان و لە ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ ١٤ سیاسەتمەدار کورد لە شاری ستراسبورگی فەرەنسا دەستیان بە چالاکی بێکۆتای مانگرتن لە خواردن کرد.

یەکەمین سەردان لە ١٢ی کانونی دووهەمی ساڵی ٢٠١٩دا...

چالاکیی بێکۆتای مانگرتن لە خواردن، کە بە جارێک پەرەی سەند و گەورە بوو، بوو بە رۆژەڤی سەرەکی کوردستان و تورکیا و ئەوروپا و بەرپرسانی تورکیای تووشی شۆک کرد. رێگە درا کە لە ١٢ی تشرینی دووهەمی ٢٠١٩دا محمد ئۆجالان سەردانی ئیمرالی بکات و براکەی خۆی (رێبەری گەلی کورد) ببینێت. بەڵام هەم چالاکوانانی مانگرتنەکە و هەم بزوتنەوەی سیاسی کورد بە هەستیاریەوە تەماشای ئەو چاوپێکەوتنەیان کرد. پەروین بولدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە وتی:"ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی بەڕێز ئۆجالان لەگەڵ براکەی، بەو واتایە نایەت کە گۆشەگیریەکە کۆتایی پێهاتووە. ئەم چاوپێکەوتنەی ئەمڕۆ ئەنجام درا گرنگە، بەڵام دەبێت سنووردار نەبێت." بەرێوەبەرایەتی کەجەکەش لە لێدوانێکدا لە بارەی ئەو چاوپێکەوتنەوە وتی:"هەوڵی شەڕی تایبەت".

لە ١٣ی تشرینی دووهەمی ساڵی ٢٠١٩ ئەم لێدوانەی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە لە لایەن ئاژانسەکانی هەواڵەوە بڵاو کرایەوە:"ئەو چاوپێکەوتنەی لە ١٢ی کانونی دووهەم لە ئیمرالی ئەنجام درا، بە واتای کۆتاییهاتن بە گۆشەگیری نایەت. فشارە فاشیستەکان و گۆشەگیریەکەی ئیمرالی بۆ سەر عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەردەوامە. بۆیە هەنگاوەکەی ئێمە وەکو گەل و بزوتنەوەی ئازادی، بە ناوی 'کۆتایی بە گۆشەگیری دێنین، فاشیزم هەڵوەشێنین' بەردەوامە. هەڤاڵان و گەل و دۆستانمان کە لە خۆڕاگریدان، دەبێت بە هەڵەدا نەچن. ئەو چاوپێکەوتنەی لە ١٢ی کانونی دووهەم ئەنجام درا، هەوڵێکە بۆ شەڕی دەروونی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە کە بۆ لەباربردنی هەنگاوەکەمان بە ناوی "کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری و هەڵوەشاندنەوەی فاشیزم' بەرێوە دچێت."  

دوای مانگی کانونی دووهەمی ٢٠١٩، چالاکیەکانی مانگرتن لە خواردن لە شارە جیاوازەکانی ئەلمانیا و بەریتانیا و کانادا و نەمسا و لە چەندین شاری تری وڵاتانی جیهان دەستی پێکرد و بڵاو بووەوە. لە ١ی ئازاری ٢٠١٩ دا ٧ هەزار زیندانی سیاسی لە بەندیخانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان رایانگەیاند کە دەستیان بە چالاکیی بێکۆتایی مانگرتن لە خواردن کردووە. هەر یەک لە سەلما ئرماک، سەباهات تونجەل سیاسەتمەدارانی کورد و دەرسیم داغ، تەیب تەمەل و موراد ساریساچ پەرلەمانتارانی هەدەپەش بەشداریان لە خۆڕاگریی چالاکیی مانگرتن لە خواردندا کرد.

لە بەرواری ٢ی گوڵانی ٢٠١٩دا راگەیێنراوی دیمۆکراسی

ئەو کاتە کە خۆڕاگریی مانگرتن لە خواردن ببوو بە رۆژەڤی ئەوروپا و تورکیا، بۆ رێبەری گەلی کورد چالاکیەکانی خۆسووتاندن سەر لە نوێ دەستیان پێکرد. سەرەتا لە ٢٧ی ئەیلولی ٢٠١٨ ئەو رۆژەی ئەردۆغانی سەرۆککۆمای تورک گەیشتە بەرلین، بە مەبەستی شەرمەزارکردنی هاوکاری نێوان تورکیا و ئەلمانیا و گۆشەگیرییەکەی ئیمرالی، لە شاری ئینگولستادی ئەلمانی گەنجێکی کورد بە ناوی ئومێد ئاجار ئاگری لە جەستەی بەردا.

ئەم جارە لە٢٠ی شوباتی ٢٠١٩دا لە شاری کروفەلدی ئەلمانیا کەسێکی تر بە ناوی ئوغور ئاکار ئاگری لە جەستەی بەردا. ئاکار لەو نەخۆشخانەیەی تێیدا تەداوی دەکرا، لە ٢٢ی ئازاردا گیانی لەدەستدا. هاوکات ٧ زیندانیش بوون بە بازنەی نوێی چالاکیەکانی 'ئێوە ناتوانن رۆژمان لێ تاریک بکەن'. زولکوف گەزەن لە ١٧ی ئازاردا، ئایتەن بەچەت ٢٣ی ئازار، زەهرا ساغلام ٢٤ی ئازار، مەدیا چنار ٢٥ی ئازار، یونجا ٩ی ئازار، سیراچ یوکسەک ٢ی نیسان و ماحسوم پاماییش لە ٥ی نیساندا شەهید بوون.

٢ی گوڵانی ٢٠١٩ خۆڕاگریی گەلی کورد، گۆشەگیریەکەی سەر ئیمرالی دەشکاند. ئەو رۆژە پارێزەران کە ٨ ساڵ بوو نەیانتوانیبوو رێبەری گەلی کورد ببینن، چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا و لە ئیمرالیەوە بە راگەیێنراوێکی ٧ خاڵی بۆ دیمۆکراسی، گەڕانەوە. لەو چاوپێکەوتنەدا کە ٦ی گوڵان ئاشکرا کرا، راگەیێنراوەکە لەگەڵ سێ بەندکراوەکەی تری ئیمرالی هەر یەک لە ڤەیسی ئاکتاش، عومەر هایری کۆنار و هامیلی یلدرم، 'بۆ رای گشتی' نووسرابوو، لە ئەستەنبول لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ رای گشتی ئاشکرا کرا.  

ئەو راگەیێنراوە کە لە دژی شەڕ و ئەو دژایەتیەی لە تورکیا و ناوچەکە هەیە، رێبازەکانی چارەسەریی دیمۆکراتیکی خستەروو، هاوکات هێزی چارەسەری و کاریگەریی رێبەری گەلی کوردی جارێکی تر ئاشکرا کرد. پارێزەران لە ٢٢ی گوڵاندا جارێکی تر چوونەوە بۆ ئیمرالی. ئۆجالان لەو چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ دەستنیشانکردنی ٧ خاڵ، هاوکات نامەیەکی بۆ چالاکوانانی چالاکیی بێکۆتای مانگرتن لە خواردن، نووسی و داوای لێکردن کە کۆتایی بە چالاکیەکەیان بهێنن. چالاکیەکانی مانگرتن لە خواردن و رۆژووی مردن، کە گەیشتبووە ٢٠٠ رۆژ، لەسەر بانگەوازی ئۆجالان لە ٢٦ی گوڵانی ٢٠١٩دا کۆتاییان پێهێنا.

لە هەموو چاوپێکەوتنەکاندا پێشنیارەکانی بۆ چارەسەری خستەروو

لەم نێوەندەدا لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە لێدوانێکی سەرنجڕاکێش لە بارەی کۆشەگیریەکەی ئیمرالی بڵاو کرایەوە. عەبدولحەمید گول وەزیری دادی تورکیا لە ٢٤ی گوڵانی ٢٠١٩دا بۆ رۆژنامەنووسان قسەی کرد و ئیدیعای ئەوەی کرد کە رێگریکردن لە چاوپێکەوتنی پارێزەران، هیچ پەیوەندیەکی بە قۆناغی چارەسەریەوە نیە و وتی:"ئەوە راست نیە کە ببەسترێتەوە بە قۆناغی چارەسەریەوە. هیچ پەیوەندیەکی بە هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبولیشەوە نیە. بە بڕیاری دادگا رێگریە یاساییەکان لە بەردەم ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکان، هەڵگیراوە. لەم چوارچێوەیەدا رێگە بە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن و سەردانەکان دراوە."

ئەو قۆناغەی دەوڵەتی تورک دەیوت، 'رێگریە یاساییەکان کۆتاییان پێهاتووە' تا هاوینی ٢٠١٩ بەردەوام بوو. تا ئەو کاتە رێبەری گەلی کورد تەنها توانی ٣ جار چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەرانیدا ئەنجام بدات و لە هەموو چاوپێکەوتنەکانیشیدا بۆ چارەسەری کێشەکان، پێشنیارەکانی دەخستەروو.

١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩: ڕێبەری گەلی کورد لەم چاوپێکەوتنەکی خۆیدا باسی لە شێوەی سیاسەتی خۆی کرد و وتی،"ئێمە لەدژی مردن، ژیان دەپارێزین، سیاسەتی ئێمە سیاسەتی پاراستنی ژیانە." و ڕاشیگەیاند،"من بەدوای دادپەروەری، ئازادی و ڕاستیدا دەگەڕێم. من سیاسەتی مردن بەرێوە نابەم. دادپەروەری ڕاستەقینە، دیموکراستی ڕاستەقینە و ئازادی ڕاستەقینە. ٢١ ساڵە لێرەم. من هەوڵ دەدەم بڵێم و گەلەکەمان بژی."

١٨ی حوزەیرانی ٢٠١٩: ڕێبەری گەلی کورد لەم چاوپێکەوتنەکی خۆیدا لەبارەی ڕێباز و گەڕان بەدوای سیاسەتدا باسی ئەوەی کرد کە پێویستە گەڕان بەدوای هاوپەیمانی دیموکراسی لەدژی سیاسەتی دوولایەنی دژبەر و هێڵی سیێەم بگیرێتە بەر. هەروەها پێناسەی هاوپەیمانی دەستووی بنەڕەتی دیموکراتیک پێشنیازی منە. پێویستە سیاسەتی دیموکراستی لەسەر بناغەی ' ڕێککەوتنی دیموکراسی، سیاسەتی ئازاد و مافی گەردوونی' بەڕێوەببرێت.

٧ی ئابی ٢٠١٩: ڕێبەری گەلی کورد لەم چاوپێکەوتنەیدا لەبارەی چارەسەری، ئیرادە بڕیاردان و هێزی خۆی پیشاندا. لەم چاوپێکەوتنەدا وتی: "بە هەوڵێکی بێوێنە هەوڵ دەدەن عەقڵی دەوڵەت شرۆڤە بکەن. هەوڵ دەدەم شوێنێک بۆ کورد دیاری بکەن. من دەتوان، لەناو هەفتەیەکدا شەڕ و دووبەرەی شەڕ کۆتایی پێ بهێنم. پێویستە ڕێگام بۆ بکەنەوە و من دەتوانم لە ماوەی هەفتەیەکدا هێڵی چارەسەری بخوڵقێنم. ڕامگەیاندبوو کە بۆ چارەسەری ئامادەم. پێویستە دەوڵەت و عەقڵتی دەوڵەتیش بەرپرسیاری پێویست جێبەجێ بکەن."

ئاگرەکەی ئیمڕالی بەهۆکاری سیاسی بوو

دوای چاوپێکەوتنی ٧ی ئاب ماوەیەکی زۆر زانیاری لەبارەی دۆخی ڕێبەری گەلی کورد نەزانرا. سولەیمان سویلۆ وەزیری ناوخۆی تورک لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٠دا لێدوانێکی سەرەنجڕاکێشیدا. لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ڕووداوێکی ئاشکرا کرد کە تا ئێستا نەبیسترابوو. سویلۆ وتی لە ئیمڕالی ئاگر کەوتووەتەوە و ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە. دوای ئەو لیدوانە لە ٩ی ئازاری ٢٠٢٠دا جەمیل باییک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تی ڤی دا لە بارەی ئاگرەکە وتی: "هەموو هەڵوێستێک لەبەرانبەر ڕێبەر ئاپۆ سیاسین، هیچ هەڵوێستێک بە پێی یاسا لەبەرانبەر ڕێبەر ئاپۆ نییە. ئاگرەکەی ئیمڕالی بەهۆکاری سیاسی هەڵگیرساوە. ڕێکەوت نییە. هەموو کەسێک دەزانێت کە ئیمڕالی ٢٤ کاتژمێر لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە. سولەیمان سویلۆ بۆچی ئەوەی ئاشکرا کرد؟ ئایا دەیانەوێت هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ، یان پەکەکە یان گەلی کورد تاقیبکەنەوە؟ ئێمە هێشتا نازانین. بەڵام ئەوە حسابێکی سیاسیە. لەبەرئەوەش ئاگریان کردەوە و لە تەلەڤزیۆن ئاشکرایان کرد."

گەلی کوردیش دوای لێدوانەکەی سویلۆ لەبارەی ژیانی ڕێبەری گەلی کورد ترسان و دوودڵ بوون و دەستیان بە بەرخۆدان کرد. لە ئەنجامدا دەوڵەتی تورک لە ٣ی ئازاری ٢٠٢٠دا ڕێگایدا خانەوادە بچێتە ئیمڕالی. خانەوادەی عەبدوڵلا ئۆجالان، عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش لەبارەی چاوپێکەوتنەکە لە نووسینگەی سەندیکای پارێزەرانی سەدە قسەیان کرد و ڕایانگەیاند، "دۆخی تەندروستی خزمەکانیان باشە و ئاگرەکە کاریگەری لەسەریان دروست نەکردووە."

لەساڵی ٢٠٢٠دا سەرەتا و دوایین قسە بە تەلەفۆن...

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان دوای ٢١ ساڵ بۆ یەکەمجار لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٠دا لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ خانەوادەکەی قسەی کرد. لەبارەی ئەم قسەکردنە کە ٢٠ – ٢٥ خولەک بەردەوام بوو، محەمەد ئۆجالان ئەم زانیاریانەی بڵاوکردەوە: "سەرۆک وتی، دۆخی تەندروستی لە ئێستادا باشە. بەڵام نازانم دواتر چیم بەسەردێ." لەبارەی دۆخی باشووریش وتی، "گەلی تورکیش لەم سیاسەتە ناتوانێت سوود وەربگرێت. پێویستە پەدەکە و یەنەکە و هیچ بزووتنەوەیەکی کوردی نەڵێت، 'ئێمە شەڕ دەکەین'، دەوڵەت ئەو پلانە دەکات. ڕاشیگەیاند کە ئەوە لە لایەک قبوڵناکرێت و لەلایەکی ترەوە ئەنجام نادرێت و ڕاشیگەیاند کە پێویستە یەکێتی نەتەوەیی بە بناغە وەربگیرێت.

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە ترس و دوودڵیەکان زیادیان کردبوو، ڕێگادرا لە تەلەفۆن پەیوەندی دروست ببێت. لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا ئەو پەیوەندیە لە ئاژانسەکاندا بڵاوکرایەوە و ئەوەش دوایین پەیوەندی بوو لە ساڵی ٢٠٢٠دا. لەبەرئەوەی دەوڵەتی تورک ڕایگەیاند کە ٦ مانگ سزای قەدەغەی قسەیکردن لەسەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش سەپێنرا.

سبەینێ: لەو شوێنەی کە دەوترێت 'کەس ناتوانێت ٢ ساڵ بمێنێتەوە، ٢١ ساڵی تێپەڕاند...

ز.ش