کەجەکە: پێویستە گەلەکەمان هیچ هیوایەکی بە دەوڵەت نەبێت، خۆی کاری پێویست بکات

کەجەکە بە توندی دەسەڵاتی قڕکەر و نەژادپەرست و فاشیست و داگیرکەری ئاکەپە-مەهەپەی شەرمەزار کرد کە هۆکاری ئەم ئاگرەیە و بۆتە هۆی ئێش و ئازاری گەل، گوتی: "پێویستە گەلەکەمان هیچ هیوایەکی بە دەوڵەت نەبێت، خۆی کاری پێویست بکات".

ڕاگەیاندراوی کەجەکە پەیوەست بە ئاگرەکەی ئەمڕۆ

کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە پەیوەست بەو ئاگرەی لە مێردین و ئامەد کەوتۆتەوە، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە:

کەجەکە دەڵێت: "لە ناوچەکانی شەمرەخ و چنارێی سەر بە مێردین و ئامەد، بەهۆی تەلی کارەباوە ئاگر کەوتەوە و بووە مایەی کارەساتێکی مەزن. لە ئەنجامی ئەو ئاگرەی لە زەوی دەیان گوند کەوتەوە، بەداخەوە چەند مرۆڤێکی ئێمە گیانیان لەدەستدا و هێشتا ژمارەیان بە تەواوی نەزانراوە. دەیان کەسیش بریندار بوون. دەگوترێت لەنێو بریندارەکاندا، هەیانە ڕەوشی زۆر خراپە. گەلێک خەمبارین بەو ڕەوشەی بەسەر گەلەکەماندا هاتووە. سەرەتا، هیوای سۆز و میهرەبانی خودا دەخوازین بۆ ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان و خزمەکانیان و گەلی شەمرەخ و چنارێ و هەموو گەلەکەمان دەکەین. هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، بەهیواین بریندارەکان بەزووی بگەنە تەندرووستییەکی باش و زیانی زیاتر نەبینین. بۆ ئەمەش، پێویستە پزیشکانی وڵاتپارێز و کارمەندانی تەندرووستی و دامەزراوە تەندروستییە دیموکراتیکەکان سەفەربەربن و هەموو دەرفەتەکان سەفەربەر بکرێن، پێویستە هەوڵێکی هەمەلایەنە بدرێت".

"پێویستە گەلەکەمان هیچ هیوایەکی بە دەوڵەت نەبێت، خۆی کاری پێویست بکات"

لە ڕاگەیاندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکەدا هاتووە:

"گەلەکەمان دەستوبرد سەفەربەربوو، هەموو دەرفەتەکانی هاوکاری بەکارهێنا بۆ ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی کارەساتەکە بوونەتەوە، ئەمەش ڕێگری لەوە کرد کارەساتەکە مەزنتر ببێت. هەروەها دامەزراوە دیموکراتیکەکان دەرفەتەکانی بەردەستیان سەفەربەر کرد. پێویستە ئەم هەڵوێستەی گەلەکەمان بەرز بنرخێنرێت و ئەمەش نموونەی پشتیوانی جڤاکیی وڵاتپارێزانە و واتادارە. بەهۆی ئەم پاڵپشتییە واتادارەوە پیرۆزبایی لە گەلەکەمان دەکەین، سڵاو و ڕێز و سوپاس و پێزانینمان پێشکەش دەکەین. وەک دەبینرێت نە دەوڵەت و نە دەسەڵات بە هیچ شێوەیەک گرنگی بە گەلی کورد و پێداویستییەکانی گەلی کورد و ئازار و مەینەتیەکانی گەلی کورد نادەن. بە پێچەوانەوە، هۆکاری ئەو کارەسات و مەینەتیانە دەوڵەت و دەسەڵات خۆیەتی. پێویستە گەلەکەمان لێپرسینەوە لەو دەوڵەت و دەسەڵاتە بکات کە بووە هۆی ئەم کارەساتانە. بەڵام لە هەمان کاتدا وەک ئێستا پێویستە برینەکانی خۆی بە هەستی پشتیوانی و هاوکاری ساڕێژ بکات. دەسەڵاتی قڕکەر و فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە، دەوڵەتێک ناهێڵێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری جڤاک. دەوڵەت بەتەواوی بووەتە دوژمنی گەل و دوژمنی گەلی کورد. پێویستە گەلەکەمان ژیانی سروشتی و دیموکراسی خۆی ڕێکبخات، بە ئیرادەی ڕێکخراوی خۆی هەڵوەستە لەسەر کێشەکان بکات و ببێتە هێزی چارەسەر. وەک لەم نموونەیەدا دەبینرێت، هۆشیاری پشتیوانی جڤاک و ئیرادەی ڕێکخراوەکەی زۆر بەهێزە، خاوەنی زیهنیەتێکە کە توانای چارەسەرکردنی هەر جۆرە کێشەیەکی هەیە. پێویستە گەلەکەمان هیچ هیوایەکی بە دەوڵەت نەبێت، خۆی کاری پێویست بکات. دەوڵەتی بندەستی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە کە دوژمنی کوردە، ئامرازێکە بۆ کوشتنی کوردان. فڕۆکە و هەلیکۆپتەری بۆ کوشتنی کورد هەیە، بەڵام کاتێک دێتەسەر باسی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی کورد دەسووتێنێت، فڕۆکە و هەلیکۆپتەری نییە. پێویستە ئەمە بزانین و پشتیوانی خۆمان زیاتر پێش بخەین، دەرفەتەکانمان هاوبەش بکەین، برینەکانمان ساڕێژ بکەین، زیاتر خۆمان ڕێک بخەین و ژیانمان بپارێزین.

"بێگومان ئەم ئاگرە بە ئەنقەست کراوەتەوە"

دامەزراوەی دابەشکردنی کارەبای دیجلە (DEDAŞ) کە هۆکاری ئەم ئاگرەیە، بەشێکە لە سیاسەتی قڕکردنی کوردان. DEDAŞ وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵکوژکەر و تاڵانکەر و قڕکەر کاردەکات. وەک دامەزراوەکانی تری قڕکردن، بۆ چەوساندنەوە و تاڵانکردن و چۆڵکردن و بێ مرۆڤکردنی کوردستان دەکات. دەستی بەسەر سروشت و سەرچاوەکانی کوردستاندا گرتووە و سەرچاوەکانی وڵات و ڕەنجی گەلی گۆڕیوە بۆ ئامرازی تاڵانکردن. سەرچاوەکانی کوردستان بۆ چەوساندنەوەی گەلی کوردستان بەکاردێنێت. ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە تەنیا گەلی کورد ناکوژێت. لەگەڵ ئەوەشدا، جوگرافیای کوردستانیش دەکوژێت. دەیەوێت بە دزی و تاڵانکردنی جوگرافیای کوردستان، کوردستان بکاتە شوێنێک کە مرۆڤ نەتوانێت تێیدا بژی و بەمەش کۆمەڵکوژی کورد بەئەنجام بگەیەنێت. هەموو قڕکردنێکی سرووشتی لە کوردستان، لەوانەش ئەم کارەساتی ئاگرکەوتنەوەیەی ئێستە، سەر بە هەمان سیاسەتن. بێگومان ئەم ئاگرە بە ئەنقەست کراوەتەوە. ئامانجەکە لەناوبردنی سرووشتی کوردستان و کوشتنی گەلی کورد و زیان گەیاندنە بەم گەلە، تاوەکو ئەم گەلە دووربخەنەوە و لە شوێن و زێدی خۆیان بێبەشیان بکەن. پێویستە گەلەکەمان ئەم ڕاستییە بزانێت، بەم پێیە وڵات و سرووشت و چاند و ناسنامە و شکۆی خۆی بپارێزێت. پێویستە گەلەکەمان بە پێشخستنی خۆڕێکخستن و خۆپاراستن پێویستییەکانی خۆی بەئەنجام بگەیەنێت و کێشەکانی چارەسەر بکات، بەم پێیە پلانسازی بکات و ژیانی خۆی پێش بخات.

دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەی بکوژ و دامەزراوە کۆنتراکانی ژیتەمی نەژادپەرست و فاشیست و قڕکەر و داگیرکەر و تاڵانکەر کە بە کردنەوەی ئەم ئاگرە دیسانەوە گەلەکەمانیان ڕووبەڕووی ئێش و مەینەت کردەوە، بەتوندی شەرمەزار دەکەین. پێویستە گەلەکەمان هەم لە دژی ئەم فەرمانە قڕکەر و داگیرکارییە تێبکۆشێت، هەم لێپرسینەوە بکات و هەم هەڵوێستی یەکگرتووی خۆی بەردەوام بکات. ئەم ڕەوشە گەلێک سەختە، بێجگە لە قوربانی و بریندارەکان، سەدان و ماڵ و زەوی و باخچەی مرۆڤەکانمان سووتان، ئاژەڵەکانیان مرداربوونەوە و زیانێکی زۆریان دیت. بۆیە پشتیوانی تەواو دەردەبڕین بۆ گەلی کوردستان و گەلی شەمرەخ و چنارێ، بەگوێرەی هەموو دەرفەتێکی بەردەستمان هاوکاریان دەبین. دیسانەوە سەرەخۆشی دەکەین لە تەواوی گەلەکەمان و بەتایبەت گەلی شەمرەخ و چنارێ، بانگەواز لە هەمووان دەکەین پشتیوانی لە گەلی شەمرەخ و چنارێ بکەن".