کەجەکە: تا لەناوبردنی پیلانگێڕی ئێمە خۆڕاگری گەورە دەکەین

دەستەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکە: بۆ راگرتنی هێرشە پاکتاوکارییەکان و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ ئێمە داوا لە گەلەکەمان و دۆستانمان دەکەین کە تا لەناوبردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی گوڕ بە بەرخودان بدەن.

دەستەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکە رایگەیاند، "ئێمە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم کە ساڵی ١٩٩٨ لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا لە دژی گەلی کورد ئەنجامدرا، لە ساڵی ٢٦ەمیندا جارێکی دیکە بە رق و توڕەیی گەورەوە شەرمەزار دەکەین. بە خۆشەویستی و تاسەوە سڵاو لە رێبەر ئاپۆ دەکەین، کە بە بەرخودانی گەورەی خۆی بەرپەرچی پیلانگێڕیی و هەلومەرجی بەدیلگیرانی دایەوە. لەکەسایەتی هەڤاڵ خالید ئۆراڵ، سەلامەت مەنتەش و ئاینور ئایتاندا هەموو شەهیدانی 'ئێوەناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن' کە بەدەوری رێبەر ئاپۆوە خۆیان کردە بازنەیەک لە ئاگر، بە رێز و پێزانینەوە بە بیردەهێنینەوە، بەڵێنی وەفاداری بە یادی ئەوان دووپات دەکەینەوە. ئێمە سڵاو لە بەرخودان و ئاستی خاوەنداری گەلە وڵاتپارێزەکەمان و دۆستانمان دەکەین کە ٢٥ ساڵە لە دژی پیلانگێڕیی بەڕێوەی دەبن:".

لە راگەیەندراوەکەی دەستەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکەدا هاتووە:

"ستراتیژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کە هەبوونی خۆی لە سەر نکۆڵی و لەناوبردنی کوردان درێژەپێدەدات، بووە هۆکاری ئەوەی لە سەدەی ٢٠دا کورد بەردەوام سەرهەڵدان بکات، خۆڕاگری بکات. گەورەترین بەرخودان و راپەڕینی کوردان 'شەڕی هەبوون و ئازادی' بوو کە بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ و شەهیدانی قارەمان دەستیپێکرد. ئەو قۆناغەی تێکۆشانی درێژخایەن، بەپێشەنگایەتی پەکەکە خۆی وەک شەڕی 'هەبوون و ئازادی' پێناسەکرد. ئەو دەستکەوتانەی کە بۆ کوردان ئافڕێندراوە، لەلایەن هێزە سەرمایەداری-کۆلۆنیالیستیە نێونەتەوەییەکانەوە بۆ بەرژەوەندی و لێکدانەوەکانی سەدەی نوێ وەک هەڕەشەیەکی گەورە دادەنرا. هێزە سەرمایەدارییە نێونەتەوەییەکان کە ئەمریکا سەرکردایەتیان دەکات، بە گوێرەی بەرژەوەندی هەژموونخوازانەی چاویان بە وەهەڵنەدەهات کە بە 'هەبوونی ئازاد و یەکسانی کورد' دەست بە سەدەی نوێ بکەن. کوردایەتی ئازاد بە پێشەنگایەتی پەکەکەیان لە بەردەم پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بە بەربەستی گەورە دادەنا. لەبەر ئەوەش بۆ لەناوبردنی بەربەستی 'کوردی خاوەن ئیرادە و ئازاد' کە لە قۆناغی بەرەوپێشچووندابوو، پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم کە گەورەترین پیلانگێڕیی سەدەی ٢٠ بوو دەستیپێکرا و رێبەر ئاپۆ لە گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکرا.

گەورەترین ئامانجی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم ئەوەبوو کە رێگری بکات لەوەی کورد وەک گەلێکی یەکسان، ئازاد و بە بیرادە پێبنێتە سەدەی ٢١ەمەوە، نەهێڵێت کە ببێتە نەتەوەیەکی یەکڕیز و یەکگرتوو و بەم جۆرە گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی هەژمونخوازانەی کۆلۆنیالیستی سەرلەنوێ دیزاین بکاتەوە. ئامانجی دووەمی پیلانگێڕیی ئەوەبوو کە رێبەر ئاپۆ بێکاریگەر بکات، گەل و بزوتنەوەی کورد پاکتاو بکات. وەک لە سەدەی ٢٠دا کردیان، ویستیان کە لە سەدەی نوێدا کوردان بێ ناسنامە، بێ قەوارە و بێ رێبەرایەتی بکەن. تەنیا لە بەر ئەوەی بەرامبەر سیستمی جیهانی هەژمونخوازی سەرمایەداری سەریان دانەنەواند و لە دژی سیاسەتی نکۆڵی و سڕینەوەی دەوڵەتی تورکی پاکتاوکەری کۆلۆنیالیست دەستبەرداری تێکۆشان نەبوون، ویستیان سەدەیەکی تر کوردان ون بکەن. ئامانجی سێهەمیش ئەوەبوو کە گەلانی کورد و تورک رووبەڕووی یەکتر بکەنەوە، بیخەنە ناو شەڕێکی دژوار. بەم جۆرە بەریان بە چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیا گرت.

هەڵوێستی رێبەرمان لە بەرامبەر ئەم پیلانگێڕییە نێونەتەوەییە گەورەیە و گەمەی سەرمایەداری، لەسەر بنەمای تێکدان و لەناوبردنی چارەنووسی جینۆسایدی تراژیک بوو کە لە سەدەی ٢٠دا بۆ کوردان دیاریکرابوو. لەسەر بنەمای لەناوبردنی لێکدانەوەی چەپەڵی هێزە پیلانگێڕەکان لەسەر کوردان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵوێستی گرتەبەر. هەم رێبەرمان و هەمیش گەلی کورد و بزوتنەوەکەمان بە هەڵوێستێک نوێبوونەوە و بەرخودانی گەورە بەرەنگاری پیلانگێڕیی بوونەوە. لە سایەی ستراتیژی وەرچەرخانی دیموکراتیکی رێبەر ئاپۆ و پرۆژەی کۆماری دیموکراتیک، بەر لە هەموو شتێک رێگە نەدرا گەلانی کورد و تورک بکەونە ناو شەڕێکی دژوارەوە و تووشی پێکدانان نەبن.

رێبەر ئاپۆ بە شۆڕشێکی هزری بەرپەرچی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دایەوە

رێبەر ئاپۆ وێڕای بەدیلگیرانی لە ئیمراڵی و هەلومەرجی گۆشەگیری رەهاش بە شۆڕشێکی هزری گەورە و مامەڵەی چارەسەری دیموکراتیک بەرپەرچی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دایەوە. وەک رێبەری گەلێکی شۆڕشگێڕ کاتێک پێویستی پێی هەبوو وەک فەیلەسوف و زانایەک، کاتێک پێویستی دەکرد وەک زانایەکی سیاسەت و زانایەکی مێژوو لە پێناو گۆڕینی چارەنووسی جینۆسایدی تراژیک کە بەسەر گەلی کورددا سەپێندراوبوو هەم لە رووی هزری و هەمیش لە رووی مێشک و جەستەوە خۆڕاگری کرد. ێشکەوتووترین بیرۆکەی سەردەمیانەی لە کەسایەتی کورددا پێشکەش بە گەلان، ژنان و چەوساوەکان کرد. بە پێناسە و ئایدۆلۆژیایەک کە ئافراندوویەتی، پارادایمێکی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی خوڵقاند. بە تێزەکانی لە بارەی کۆمەڵگەی ئازاد و ژیانی ئازاد وەڵامی گەورەترین پیلانگێڕی سەردەمی دایەوە، بە گەورەترین پاڕێزنامەی سەردەم وەڵامی دایەوە. دواجار پارێزنامەی پێنج بەرگی شارستانیەتی دیموکراتیک، بۆ کوردان، ژنان و تەواوی چەوساوەکان بووە پارێزنامەیەک. ئەو پاڕێزنامەیە کە پێشکەش بە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کرا لە ئاستی مانیفیستۆی کۆمەڵگەی ئازاد و مرۆڤی ئازاددابوو. لەناو هەلومەرجی گۆشەگیری رەها و بەدیلگیرانی لە ئیمراڵی پاڕادایمی کۆمەڵگای دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادیپارێزی ژنانی ئافراند، وەک پاڕادایمی تێکۆشان و ژیانی نوێ واتاداری کرد کە لە سەدەی ٢١دا بەشی گۆرینی چارەنووسی هەموو بندەستان دەکات. هەربۆیە قۆناغی بەدیلگیرانی ئیمرآڵی بە گوێرەی ئامانجەکانی هێزە پیلانگێڕەکان بەڕێوەنەچوو. بە پێچەوانەوە بووە قۆناغێکی بەو جۆرە کە بیرکردنەوەی کۆمەڵگای ئازاد و دیموکراتیک لەسەر ناوی مرۆڤایەتی ئافرێندرا.

ئەم بەرخودانە مێژوویی و گەورەیەی رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی بنەمای تێکۆشانی ئێمەیە لە دژی هێرش و سیاسەتی قڕکردن. لەبەر ئەوەی سیاسەتی باڵادەست کە لە ئیمراڵی بەڕێوەدەچێت، سیاسەتێکی جینۆساید و گۆشەگیرییە، کە لە دژی سەرجەم کوردان بەڕێوەدەبرێت. ماوەی ٢٥ ساڵە لە دژی رێبەر ئاپۆ ئەشکەنجەی گۆشەگیری رەها پەیڕەو دەکرێت. لەبەرامبەر گەلی کورددا رۆژانە هێرشی جینۆسایدی جەستەیی، کولتوری و سیاسی ئەنجام دەدرێت. لە دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان هەموو جۆرە هێرشی سەربازی بەمەبەستی لەناوبردن بێ پسانەوە و هەمو رۆژێک و لەهەموو ساتێکدا بەردەوامە. کوردستان لە ژێر هێرشێکی گەورەی قڕکردنی ئیکۆلۆژیکدا هێڵراوەتەوە. سەرباری ئەو هێرشە قڕکارییانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری کوژەر، ئەندێشە دیموکراتیکەکانی رێبەر ئاپۆ لە چوار پارچەی کوردستان و لە هەموو شوێنێک کە کورد تیایدا دەژین، وەک تۆوی سیستمێکی نوێی کۆمەڵایەتی شین دەبن و گەشە دەکەن. دەگۆڕدرێت بۆ هۆشمەندی بەرخودان و ژیانێکی نوێ. ژیان سەرلەنوێ دەبێتە خاوەنی ئەو واتایەی لەدەستیدابوو. کۆمەڵگا کەوتووەتە ناو قۆناغی سەرلەنوێ بەدەستهێنانەوەی واتای سیاسی و ئەخلاقی کە لە دەستی دابوون. لە کەسایەتی کوردان و ژناندا سەرجەم چەوساوەکان هێزی گەورە لەو بەرەوپێشچوونە وەردەگرن. هەنگاو بە هەنگاو لە ئاستی گەردونیدا دەگۆڕدرێت بۆ جموجۆڵێکی گەورەی هیوا، جۆش و خرۆشی گەورەی کۆمەڵایەتی.

دەوڵەتی تورک ئەوەی نەیتوانی لە قۆناغی پیلانگێڕیدا بەدەستی بهێنێت، دەیەوێت بە کۆنسێپتی نوێی ھێرشکاری بگەیەنێتە ئەنجام

دەوڵەتی تورکی داگیرکەری قڕکەر، ئەوەی نەیتوانی لە قۆناغی پیلانگێڕی نێونەتەوەییدا بەدەستی بهێنێت، ئێستا دەیەوێت بە کۆنسێپتی هێرشکاری نوێی جۆراوجۆر بەدەستی بهێنێت. هاوپەیمانی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە، کە دوژمنی کوردە، لەگەڵ ئەو هێزە نۆکەر و داردەستانەی پشتیان پێدەبەستێت و بە هاوکاری هاوپەیمانە نێونەتەوەییەکانیان، دەیەوێت پیلانگێڕییەکی نوێ بەڕێوە ببات و چۆک بە ئیرادەی گەلی کورد دابدات. سەرلەنوێ کوردایەتیی خۆبەدەستەوەدەر، نۆکەر و نکۆڵیکاری پێشوو دەسەپێنێت. دەیەوێت لە چوارچێوەی کۆنسێپتی نوێی جینۆساید و پاکتاوکردن، ئەو دەستکەوتە دیموکراتیکانەی کە کورد بە رەنجێکی زۆر بەدەستی هێناوە، لەناو ببات. بەڵام کورد گەیشتووەتە ئەو ئاستەی، کە گەلێکە لە ڕووی سیاسییەوە بەڕێکخستن، شکۆمەند و زانایە و سەر بۆ هیچ ھێزێکی باڵادەست دانانوێنێت. خۆی لەخۆیدا لە ئەنجامی تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی کورد، گەورەترین دەستکەوت کە بەدەستی هێناوە، ڕاستی گەلێکی ڕێکخستن کراو و زانایە. لە سایەی ئەو ئاستەی ڕێکخستنی سیاسی، گەلەکەمان هەموو جۆرە فشارێکی جینۆساید و پاکتاوکردن تێکدەشکێنێت. لە هەموو کاتێک باشتر خاوەنی ئەم ئیرادەیەیە.

ئەو دەستکەوتانەی کە ئەمڕۆ بۆ کورد، دیموکراسی و ئازادی ئافرێنراون، ئەنجامی قوڵبوونەوە، دووربینی گەورە، ڕەنج، ماندووبوون و هەوڵی بەنرخی ڕێبەر ئاپۆن. هەوڵی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پشتیوانە نێونەتەوەییەکانی، ئەوەیە کە لە سەدەی ٢١یشدا کوردان بێ ڕێبەرایەتی بکەن. بێبەشکردنی کوردان لە ڕێبەرایەتی هۆکاری سەرەکی دوورکەوتنەوە لە ئازادی سەدەیە. هەر بۆیە ڕێبەرایەتیان خستە نێو چوارمیخی ئیمراڵی. بۆیە لەگەڵ زیاتربوونی دەستکەوتەکانی کورد، سیستمی ئەشکەنجەدانی ئیمراڵی توندتر دەکەنەوە. گۆشەگیری و دابڕاندن دژوارتر دەکرێت. چوونکە دەستکەوتەکان بۆ کورد، دیموکراسی و ئازادی ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندان، کە ئەو دەستکەوتانەش لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وەک تاوانێک دەبینرێن و ڕێبەر ئاپۆش بە بەرپرسیاری ئەوە دادەنرێت. وەک ئەوەی پێی بڵێیت، 'بۆچی ئەم گەلەت لە کۆیلایەتی ھۆشیار کردەوە، بۆچی ڕۆحت پێبەخشی و سەرلەنوێ ئافراندتەوە، بۆچی ھەڵستاندنەوە سەر پێ'. بەو هۆیەشەوە سزای زیاتر بەسەر ڕێبەرایەتیمان دەسەپێنرێت.

گەلی کورد چووەتە ناو قۆناغی شکستپێهێنانی پیلانگێڕی و کۆتایی هێنان بە دیلگرتنی ئیمراڵی

هاوکات لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، گەلی کوردیش لە ئیمراڵی زیندانی کراوە. بەڵام لەم قۆناغەدا گەلی کورد چووەتە ناو پرۆسەی تێکشکاندنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و کۆتاییهێنان بە دیلگرتنی ئیمراڵی. ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد ئاوێتەی یەکبوون. هەر ئەمەش وایکردووە کە گەلەکەمان ڕۆژانە لە شەقام و گۆڕەپانەکاندا بڵێن "بێ سەرۆک ژیان نابێت". چونکە دڵسۆزی گەلەکەمان بۆ ڕێبەر ئاپۆ بە فکر و زانابوونە، خۆشەویستی و باوەری لە نێوانیاندا دروست بووە. پێویستە ئەوە بزانرێت کە هیچ  ھێزێک ناتوانێت لە نێوان ڕێبەر ئاپۆ و گەلەکەماندا بۆشایی و دابڕان دروست بکات. لەسەر ئەم بنەمایە، گەلەکەمان هەمیشە لەسەر پێی خۆی بووە، لە یەکەم ڕۆژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەموە تا ئەمڕۆ نەی ھێشتووە کە پیلانگێری سەربکەوێت، بۆئەوەی کە پیلانگێری نەگات بە ئامانجەکانی ھەمیشە ھەستاونەتە سەرپی و چالاکیان ئەنجامدا. چونکە تەندروستی، ئاسایش و ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ بە مانای ئایندەی گەلی کورد دێت و ئێستا گەلی کورد ئیرادەی خاوەندارێتی لە داهاتووی خۆی بەدەستهێناوە. گەلەکەمان و دۆستەکانمان ئازادیی ڕێبەر ئاپۆیان خستۆتە کارنامەی خۆیانەوە و بۆ ئەمەش ھەموو ڕۆژیک، لە ھەر گۆرەپانێک کە تێیدان، بەو هەڵمەتانەی کە پەرەیان پێداوە، بە شێوازی جۆراوجۆر تێدەکۆشن. ئێمە سڵاو لەم ھەلوێستە چالاکانە، تێکۆشەرانە و رێکخستن کراوەی گەلەکەمان و دۆستەکانمان دەکەین.

گەریلاکانی ئازادی کوردستان، بەو هێز و مۆراڵ و باوەڕەی لە ڕێبەرێتی وەری دەگرن، بەرخۆدان دەکەن

گەریلاکانی ئازادی کوردستان؛ پاڵپشتی و بناغەی ئایدیۆلۆژی و فەلسەفی و ڕێکخراوەیی خۆیان لە ڕێبەرێتی وەردەگرن. بە تێکۆشانی بەئیرادە و ئیرادەی بەهێزی خۆی بوو بە هێزی سەرەکی کە نەیهێشت پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بە ئامانجە گڵاوەکانی بگات. پەیوەستبوون بە ڕێبەر ئاپۆوە و وەک هێزی ناوەندی مۆڕاڵی خۆی دەیبینێت. گەریلاکانی ئازادی، بە هێز و مۆڕاڵ و باوەڕ لە ڕێبەرەوە، ئیرادەی بەرخۆدان لە هەر بارودۆخێکدا نیشان دەدەن. سوپای داگیرکەر و قڕکەر و چەوسێنەری تورک، شێوازی نامرۆڤانەی بێهاوتای دژ بە گەریلاکانی کوردستان بەکاردەهێنێت. هەموو دەرفەتەکانی جەنگی ناتۆ بە شێوەیەکی دڕندانە لە دژی هێزەکانی گەریلامان بەکاردەهێنێت. لەدژی هێزەکانی گەریلامان کە بە نوێترین تەکنەلۆجیای ناتۆ شکستیان پێناهێنرێت، ئێستا گازی کیمیایی و ژەهراوی بەکاردەهێنن. بە بینینی ئەوەی کە گازە کیمیایی و ژەهراوییەکان ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن و بەرخۆدانەکە بە شێوەیەکی بێهاوتا بەردەوامە، چەکی ئەتۆمی تاکتیکی و گەرمییان بەکارهێنا. هەموو ئەو ڕێگا و شێوازە نامرۆڤانەی کە سوپای ستەمکاری کۆماری تورک لە دژی گەریلاکانی ئازادی کوردستان بەکاری دەهێنن، تاوانی جەنگن. تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی. پێویستە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان ئەو تاوانانە ئاشکرا بکەن و تاوانباران دادگایی بکەن. چونکە گەریلاکانی ئازادی نەک هەر کورد و کوردستانیان پاراستووە، بەڵکو هەموو گەلانی دیکەی هەرێمەکە و بەهاکانی دیموکراسی و ئازادی مرۆڤایەتی پێشکەوتنخوازی جیهانیان پاراستووە، تا ئێستا دەیپارێزن. بەمەش جارێکی تر سڵاو لە بەرخۆدانی مێژوویی گەریلاکانی ئازادی کوردستان کە لە هەلومەرجێکی سەختدا تێکۆشان دەکەن.

بانگەواز لە هەڤاڵ و دۆستانی کورد دەکەین بەشێوەیەکی توندتر پیلانگێڕی شەرمەزار بکەن

هەڤاڵ و دۆستانی کورد لە ماوەی ئەو ٢٥ ساڵەی بەسەر پیلانگێڕی نێونەتەوەیی تێپەڕیوە، زیاتر بوون. چ لەگەڵ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و چ لە هەموو بەشەکانی ئەوروپا و جیهان، برایەتی و هەڤاڵێتی و دۆستایەتی دامەزرا. چونکە ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت ئاشتی و برایەتی لە نێوان بیروباوەڕ و چاندەکاندا دروست بکات، چەندین بەهای نوێی بۆ مرۆڤایەتی پێشکەوتوو و دیموکراسی و ئازادی ئافراند. لە ٢٦هەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی، بانگەواز لە هەموو دۆست و هەڤاڵان دەکەین لە دەوری برایەتی گەلان و یەکڕیزی دیموکراتیکیان کۆببنەوە، بۆ ئەوەی زیاتر ئەو پیلانگێڕییە شەرمەزار بکەن، بەرامبەر ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کە دوژمنی کورد و دیموکراسی و ئازادییە، هەروەها چەمکی گۆشەگیری توند پێکدەهێنێت، بڵێن "بوەستە".

ئەو قۆناغەی تێیداین خاڵی وەرچەرخانە بۆ گەلەکەمان و تێکۆشانەکەمان. دەتوانێت زەمینە بۆ سەردەمێکی نوێی دیموکراتیک خۆش بکات. لە قۆناغێکی وەهادا ئێمەی کورد و تەڤگەری کورد و دۆست و هەڤاڵەکانی کوردمان؛ ئێمە لە ئاستێکی گەشەسەندنی مێژووییداین کە پیلانی نێونەتەوەیی لە قازانجی دیموکراسی و ئازادی، لە بەرژەوەندی گەلانی پێشکەوتنخواز و مرۆڤایەتیدا تێکشکێنراوە و بوونی کورد و تێکۆشانی بۆ ئازادی بە سەرکەوتن تاجدار کراوە. ئێمە لە پێشووتر زیاتر پێداگرین. بەم ئامانجە بنەڕەتییە و ئیرادەیەکی بەهێزترەوە، دەچینە ساڵی ٢٦ی پیلانگێڕی نێونەتەوەییەوە. هێرشەکانی قڕکردن کە ناوەندی بڕیاردانەکەی لە ئیمراڵییە، بە پێشەنگایەتی ژن و گەنجان، پێش هەمووان گەلەکەمان لە باکور، بانگەواز لە هەموو گەلەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات و هەڤاڵ و دۆستانی هێژامان دەکەین، لە ٢٦ هەمین ساڵی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بۆ لەناوبردنی ئەم پیلانگێڕییە بەرخۆدان و تێکۆشانی بەگوڕتر و گەشتر بکەن".