کۆمیتەی گەنجانی پەکەکە بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو هۆگر بۆتان و ڕێناس جڤیان و بەرخۆدان گۆیی بیرهێنایەوە کە ١٩ ی تەمموز لە ئەنجامی بۆسەیەکی هێزەکانی ئێران شەهیدبوون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە:
"وەک تەڤگەری گەنجانی ئاپۆیی کوردستان، لە تێکۆشانمان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادکردنی کوردستان، هەموو ساتێک بە تێکۆشان و بەرخۆدان و قوربانیدانی مەزن و قارەمانێتی تادێت نزیکتر دەبینەوە لە ئازادی. لە کەسێتی ئەو گەریلایانەی خاوەنی ڕۆحی ئاپۆیین، داستان دەنووسرێتەوە، تێکۆشانی مێژوویی دەکرێت، ڕێپێوانی ئازادیمان گەیشتووەتە هەموو جیهان و گەنجان و مرۆڤایەتی، وە هیوای ژیانێکی ئازاد دەئافرێنێت.
هاوڕێیانمان، ئەندامی کۆمەڵەی گەنجان، شەهید هۆگر بۆتان، ڕێناس و بەرخۆدان کە شەهیدبوونیان ڕاگەیاندراوە، توانیان ببنە پێشەنگی تێکۆشانمان بۆ ئازادی و نوێنەری ژیانی سادە.
هاوڕێمان هۆگر بۆتان کە تێکۆشانی ڕێبەرێتی ئازاد و کوردستانی ئازادی ئەنڤامدا، لە ڕۆژی بەشداربوونیی لە تێکۆشانی ئازادی تا ڕۆژی شەهیدبوون سەلماندی کە بووەتە پێشەنگی ژیان و جەوهەری جەنگاوەری پەکەکە و گەریلا، توانی ببێتە نوێنەری ژیانی سادە. هاوڕێمان خاوەندارێتی کرد لە وەسیەتی شەهیدە قارەمانەکانمان، بە پراکتیک هەڵوێستی فیدایی نیشان دا و توانی ببێتە شوێنکەوتەی بەنەوش و بیشەنگ و ڤەژینەکان.
سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هێژا و وڵاتپارێز و گەلی جزیری تێکۆشەرمان دەکەین کە ڕۆڵەی وەهایان گەورە کردووە، وە سەرەخۆشی لە هەموو گەلی کوردستان و گەنجان و ژنان دەکەین، بەڵێن دووپات دەکەینەوە، تێکۆشانمان بە سەرکەوتن تاجدار دەکەین.
"ناسنامەی شەڕڤانێتی و وڵاتپارێزیی خۆی گەیاندە ئاستێکی هەرە بەرز"
هاوڕێمان هۆگر بۆتان، ڕۆڵەی سەرهەڵدەر و خاکەڕا و سادەی جزیری بۆتان، توانی ببێتە مۆنۆمێنتی تێکۆشان و بەرخۆدان و وڵاتپارێزی، ساڵی ١٩٩٤ لە گوندی گراخینی جزیری بۆتان لەدایکبووە. هاوڕێمان هۆگر بۆتان لە جزیری بۆتان بە تایبەتمەندیی کوردستانی و دڵسۆزی بۆ خاکەکەی و کەلتوورەکەی کە تا ئێستە نامۆبوونی قبووڵ نەکردووە، هەموو جارێک نوێ بووەتەوە و بە تێکۆشەری لەدایکبووە، وەک شەڕڤان و تێکۆشەرێک دەستی بە مناڵێتی خۆی کردووە. تێکۆشانەکەی بۆ ئازادی و پێشەنگایەتییەکەی بۆ سەرهەڵدان، لە مناڵیەوە دەست پێ دەکات. هەبوونی شەهید لەنێو بنەماڵە مەزن و وڵاتپارێزەکەیدا، چالاکبوونێکی سرووشتی لە کەسێتی هاوڕێکەماندا درووست کردووە.
هێرشەکانی دوژمن لە ساڵانی نەوەدەکان و سووتاندنی گوندەکان و هێرشەکان دژی ئابووری بووە هۆی ئەوەی هاوڕێکەمان ڕوو لە شارە گەورەکانی تورکیا بکات. هاوڕێ بۆتان لە سەردەمی مناڵی، لە کاتێکدا لە قوتابخانە فاشیستی و قڕکەرەکانی سیستەمدا دەخوێنێت، دابڕان و دوورکەوتنەوە لە خاکەکەی قبووڵ ناکات و ئەم پرۆسەی کۆچکردنە بۆ شارە گەورەکانی تورکیا وەک؛ "ڕەوشێکی سەیر بوو بۆ من! زمان و کەلتوورەکە جیاواز بوو، دەترسام ون ببم" پێناسە دەکات. هەرچەند ڕووبەڕووی هێرشێکی گەورە دەبێتەوە و لە منداڵیدا بە ناوەندەکانی پەراوێزخستندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا هەموو تایبەتمەندییە کوردستانییەکانی خۆی دەپارێزێت و بۆ سادەیی تێدەکۆشێت. دوای ماوەیەکی کەم لەگەڵ خێزانەکەیان ڕوو لە دیلۆک دەکەن. هاوڕێ بۆتان دەربارە کۆچکردن بۆ دیلۆک دەڵێت: "هەرچییەک بێت ئێمە گەیشتینەوە کوردستان و ئەوەش باش بوو".
وەک چۆن هەموو درەختەکان لەسەر ڕەگ و ڕیشەی خۆیان شین دەبن، بۆ هەموو ئەوانەی لە کوردستان لەگەڵ هێڵی تێکۆشان و ئەوینی وڵات گەورە دەبن، کوردستان واتە خۆبوون.
یەکەم هەنگاوی ڕێپێوانی ئازادی
هاوڕێ هۆگر بۆتان پاش ئەوەی لە زانکۆی گەزی لە ئەنقەرە دەستی بە خوێندن کرد، دەست بە خوێندنەوەی گۆڤارەکانی گەنجانی وڵاتپارێز دەکات و بە ناسینی خەباتی گەنجانی وڵاتپارێز یەکەم هەنگاوی بەرەو ڕێپێوانی ئازادی دەنێت. وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ بە (AKYOD) دەست بە خەبات و تێکۆشان دەکات، هاوڕێ بۆتانیش لە سەردەمی دەستپێکردنی خەباتی گەنجانی زانکۆوە، یەکەم جۆش و هەنگاو و ناکۆکی خۆی دەژی، داوای بەدەستهێنانی ئازادی پێش دەخات. لەم قۆناغەدا، دەوڵەتی فاشیستی تورک هێرشەکانی بۆ سەر گەلی کورد و کوردستان زیاتر دەکات. کۆمەڵکوژییەکانی پیرسوس و ئەنقەرە لەم قۆناغەدا ڕوویاندا، هەڤاڵ هۆگر یەکێکە لە شایەتحاڵانی کۆمەڵکوژی ئەنقەرە، دەڵێت: "خۆزگە لە جێگەی ئەوان بام و شەهید بووبام، بەڵام ڕووبەڕووی ئەو ئێش و ئازارە نەبوومایەتەوە".
تۆوی هاوڕێیەتی و کۆمەڵگا و خۆشەویستی بۆ گەل بەرهەمی هێناوە و ئێستا خۆی لە هەموو 'من'ـێک ڕزگار کردووە و بەها کۆمەڵایەتییەکانی لەگەڵ گەلەکەیدا دروست کردووە. جگە لەوەش لە هەمان قۆناغدا هەزاران گەنجی شۆڕشگێڕی کورد و سۆسیالیست ڕوو لە گۆڕەپانە ئازادەکان و بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری دەکەن کە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هاوڕێ هۆگر بۆتان کرد. شەهیدبوونی ئەکین وانی هاوڕێی لە ڤارتۆ و ئەشکەنجەدانی تەرمەکەی و شەهیدکردنی دڕندانەی حاجی لوقمانی برلیکی هاوڕێی لە شەرناخ زۆر کاریگەری لەسەر بوو و بە گوتنی؛ "هەرگیز ئەم دڕندەییە لەبیر ناکەم"، دڕندەیی بەرامبەر جوانترین منداڵانی کوردستان، دەکاتە هۆکاری بەشداربوون و ڕوودەکاتە ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ. بە گوتنی "لەم قۆناغەدا، مرۆڤ خوێندکار بێت یان کرێکار و بێکار و هەرچییەک، بەرچاوی ڕوونە و ئەم دیمەنە کاریگەریی مەزن لە مرۆڤ دەکات"، بەشداربوونی خۆی ڕادەگەیەنێت و دەچێتە ڕیزەکانی گەریلاوە. تاوەکو ببێتە وەڵامێک بەرامبەر هێرشەکان، هەنگاوی مەزنتر بنێت بەرامبەر فاشیزم، بەشداربێت لە تێکۆشان، بێ لە ئازادی هیچ ڕێگەیەکی واتاداری شک نەبرد، بێ لە شەڕ و چوونە سەنگەر هیچ هەلێکی واتادارتری شک نەبرد. لەو قۆناغەی کوردستاندا، هاوڕێ بۆتان بەشداربوونی وەک ئەرکێک دەبینی.
لە گۆڕەپانە جیاوازەکان، بە خەباتی گەنجێتی یەکەم هەنگاوی تێکۆشان دەهاوێژێت و هەموو جارێک دەبێتە ئامانجی هێرشەکانی دوژمن. تووڕەیی بەرامبەر دوژمن ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت. لەڕێگەی ئەو گەنجانەی ڕێکی خستن و پەروەردەی کردن، گەورەترین گورزی لە سیستەمی دوژمن دا و باوەڕی خۆی بە سەرکەوتن بە پێشەنگایەتی گەنجانی چالاک بە زیندووی هێشتەوە. ئەکادیمیای شەهید عەلی چیچەک دەبینێت و هاوشانی ئەم پەروەردەیە ئاگری مەشخەڵی تێکۆشانی ئەستێرە سوورەکان گەشتر دەکات و دەیگەیەنێت بە هەموو گەنجانی کوردستان، ڕۆحی ئاپۆیی دەگەیەنێتە هەموو گۆڕەپانەکان. لە ساڵی ٢٠١٦ لە ئەنجامی هێرشەکانی دوژمن دەستبەسەر دەکرێت و نزیکەی دوو ساڵ لە زینداندا ڕاگیرا. قۆناغی زیندان وەک "ناسینی پەکەکە و قووڵبوونەوە و خاوەندارێتی دژی ڕاستی دوژمن" پێناسە دەکات، پاش دەرچوونی لە زیندان، ماوەیەکی کەم لەنێو خەبات دەمێنێتەوە و پاشان ڕوودەکاتە نشینگەی هاوڕێیەتی و گۆڕەپانەکانی ڕاستی و ژیانی سادە و چیا ئازادەکان.
بە داینامیکی گەنجێتی بێ سنوور و ناسنامە و ڕاستی خۆی، دیداری ڕاستەقینە ئەنجام دەدات و بە ئایدۆلۆژیا و ڕۆحی ئاپۆیی سەرلەنوێ خۆی دەئافرێنێت. سەنگەری جەنگاوەرانی ئاپۆیی و پرەنسیپەکانی ژیانی ئازاد دەکاتە شێوازی ژیانی خۆی و دەبێتە شۆڕشگێڕێکی قارەمان.
سیمبولی ڕۆحی ئاپۆیی
بە مۆراڵ و جۆشێکی مەزن گەیشتە چیا و بە ماوەیەکی کەم بوو بە سەرهەڵدەرێکی چیاکان. وەک ئەوەی لە چیاکان لەدایک بووبێت و گەورە بووبێت، گەریلابوونی لە دڵی خۆیدا حەساندەوە و جەوهەری گەریلابوونی لە کەسێتی خاکەڕای خۆیدا جێ کردەوە.
بەو میراتەی لە بەنەوش و محەمەد تونچەکان وەری گرت، بووە سیمبولی ڕۆحی ئاپۆیی. بۆ ئەوەی گەریلایەتی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و تاکتیکی هاوچەرخ و شێوازی شەڕی تیمی پسپۆڕ بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدات، فیداکاری کرد و خۆی بۆ تێکۆشان ئامادە کرد. بەو ڕێپێوانەی بە عەشقێکی مەزنەوە لە چیاکانی کوردستان دەستی پێ کرد، بێ پسانەوە لە گارە و قەندیل و باکووری کوردستان تێکۆشانی کرد. خۆی بە میراتگری هەرە مەزنی ئەو ئاڵایە زانی کە لە عەلی چیچەک وەریگرت و بووە ڕێپێوانکەری ئازادی کە سازشی نەدەکرد لەسەر ئەرکی پێشەنگایەتی. لە سەنگەرەکانی شەڕ ئیرادەی نیشان دا، لە ئاسمان و زەوی بووە گەریلایەکی تۆقێنەری دوژمن. لە شەڕی تونێل و سەنگەرەکان بووە خاوەن ڕەنجێکی مەزن و بەو هۆشیارییەوە مامەڵەی دەکرد تاوەکو هەموو تونێلێک ببێتە شوێنی حەوانەی گەریلا و گۆڕی دوژمن. تاوەکو ببێتە هاوڕێی ڕێبەرێتی تێکۆشا.
هاوڕێ هۆگر بۆتان، لەگەڵ پێشکەوتنی لە ڕێپێوانی ئازادیدا، بە خەونی گەڕانەوە بۆ باکوور و شەڕکردن لەگەڵ دوژمن لە نزیکترین سەنگەرەکاندا نزیک بووەوە. هاوڕێ هۆگر وتی: "لەگەڵ نزیکبوونەوەم لەم سنوورانە، مۆڕاڵێکی گەورەم دەست دەکەوێت و ئێستا خەونەکانم دێنە دی. لەم هەرێمانەدا ئێمە ڕەنجی هەزاران شەهیدمان هەیە، ئەو شوێنانە نەریتی ئێمەن، میراتی ئێمەن. ئەم هەنگاوە بۆ سەرکەوتن دەبێت، ئەم هەنگاوە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی دروست دەبێت. تا ئێستا چاوەڕێی دەرفەتێک بووم بۆ سووککردنی بارگرانی ڕێکخستن و وەڵامدانەوەی شەهیدان. ئێستاش ئەم زەمینە و دەرفەتە چەسپاوە. ئامانجمە ببمە جەنگاوەرێکی شایستەی ڕێبەر ئاپۆ، دەمەوێت جەنگاوەرێک کە سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. ڕۆشتنم بۆ ئەم ئامانجە دەبێت. من لەمەودوا دەڵێم کارەکانمان سەرکەوتن بەدوای خۆیدا دەهێنێت".
هاوڕێکەمان هیچ بەربەستێکی لە ڕێپێوانی ئازادیدا نەناسیوە، هەموو سیاسەتەکانی جەنگی دوژمنی بێ کاریگەر کردووە، وەک حەوارییەک فیکری ڕێبەر ئاپۆی گەیاندووەتە هەموو گۆڕەپانێک و کاریگەری لەسەر هەموو هاوڕێکانی هەبووە. نە وشە، نە کتێب، نە شیعر، نە فیلمیش ناتوانێ مانای ڕاستەقینەی شەهیدان دەرببڕێت. وەک شوێنکەوتووی هەڤاڵ هۆگر بۆتان، بەڵێن دەدەین ئەو میراتەی بۆ جێهێشتووین بە سەرکەوتن تاجدار بکەین.
هاوڕێ هۆگر لە نووسینێکدا کە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ڕێبەرێتی هەڵدەسەنگێنێت، وەها دەڵێت: "ئەو ڕاستییەی ڕێبەرێتی بنیاتنی ناوە، دژی تاریکی فاشیزمە، ڕووناکییە بۆ هەموو گەل و کۆمەڵگەکان. ڕاستی ڕێبەرێتی هێزی بەرخۆدان دادەمەزرێنێت دژی هێرشەکان، دژی برسێتی و بێ هیوایی، هیوا و باوەڕ و ڕزگاری و ئازادی بنیات دەنێت. ئەوانەی بەڕاستی لە ڕێبەرێتی تێدەگەن و بەم ڕاستییە دەژین، دەبنە هێزی چارەسەر، دەبنە ئیرادە و دەبنە ئەندامی فیدایی. تا ئێستە هەوڵمداوە بە ڕاستی لە ڕێبەرێتی تێبگەم و بە ئەنجامی بگەیەنم. لەم ڕووەوە کەمتەرخەم بووم. بۆیە جێگەی ڕەخنەکردنم. بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادی کوردستان دەبێت ڕەنجێکی مەزن بدەم. بۆ تێگەیشتن لە ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدە قارەمانەکان، دەبێت ڕاستی ئایدۆلۆژیای ڕزگاریی ژن و شەهیدان بەبنەما بگرم". هاوڕێ هۆگر خاوەنداری لە قسەکانی کرد و بووە یەکێک لەو قارەمانانەی بەباشی ڕاستی ڕێبەرێتی ئەزموون کرد.
"ناوی وەڵامدانەوە بۆ شەهیدان و تۆڵەسەندنەوە و ئازادی"
هاوڕێمان هۆگر بۆتان کە لە هەرێمی کێلەڕەش بە پێشەنگایەتییەکی مەزنەوە ئەرکی خۆی جێبەجێ کرد، هەموو گەڕان و لێکۆڵینەوەکانی لەم هەرێمەدا پراکتیزە کرد. به تایبه تی ڕۆڵێکی گرنگی هه بوو له ڕێکخستنی گەنجان و شۆڕش له باکووری کوردستان. هاوڕێ هۆگر بۆتان کە تا شەهیدبوونی بەردەوام لە پێناو ئازادی گەلەکەماندا تێکۆشا، بە بەشداری فیدایی و بەهێزیی و سادەیی و خاکەڕایی و تایبەتمەندی کوردستانی خۆی و هاوڕێیەتی دڵسۆزانە و بەهێز، جێگەی خۆی لە دڵی هەموو هاوڕێیەکانی کردەوە.
وەک شوێنکەوتوانی هاوڕێ هۆگر و بەرخۆدان و ڕێناس کە میراتێکی داستانی قارەمانێتییان لە دوای خۆیان بەجێهێشتووە، هەمیشە وەک چالاکوان و تێکۆشەر یادیان دەکەینەوە، بە هەر گورزێک لە دوژمن، یادی ئەوان دەکەینەوە، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ پێش دەخەین و تۆڵەی ئەوان دەسێنینەوە".