کۆنگرەی ستار: کوشتنی سەعیدە و هندێ بە ئامانجگرتنی ئیرادەی ژنانە

کۆنگرەی ستار کوشتنی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی تل شەعیر و جێگرەکەی شەرمەزارکرد و ڕایگەیاند: کوشتنی سەعیدە و هندێ بەئامانجکردنی ئیرادەی ژنانە.

ئەمڕۆ کۆنگرەی ستار لەسەر شەهیدکردنی سەعیدە فەیسال هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی شارۆچکەی تل شەعیر و جێگرەکەی هندێ لەتیف، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ڕادەی یەکەمدا ئەم کوشتنانە ئیرادەی ژنانی کردووەتە ئامانج، کە بوونەتە هیزی هزری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، سەربازی و دیپلۆماتی و گەیشتوونەتە ئاستێک کە دەتوانن باری بەڕێوەبەری و شۆڕش هەڵگرن، هەروەها ژنان بەشداری هەموو ئاستەکانی خەبات بوون و هەبوونی خۆیان سەلماندووە، ڕۆڵێکی چالاکیان لە کۆمەڵگا گێڕاوە و لەدژی زیهنییەتی دەسەڵاتداری و باوکسالاری تێکۆشاون، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ئەم تێکۆشان و بەرخۆدانەش، لە سەرتاسەری جیهان دەنگی داوەتەوە، هێشتاش ژن ڕووبەڕووی تاوانەکانی کوشتن، ڕفاندن، توندوتیژی و هەموو جۆرە هێرشێک دەبێتەوە.

لە بەردەوامی هاتووە: ئامانجی ئەم تاوانە، تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی و بڵاوکردنەوەی ترسە لەناو گەلانی باکور و ڕۆژهەلاتی سوریا، تا ژیانێکی بەشکۆ کە تێدا دیموکراسی و برایەتی هەیە دروست نەبێت

ئەمەش هاتووە: وەک کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، سەرخۆشی لە خانەوادەی هەردوو شەهید دەکەین، داوا لە هەموو خەباتکاران دەکەین کە لە بەرامبەر هەموو پلانە چەپەڵەکان کە ئیرادە و ئازادی ژنان دەکات ئامانج، هۆشیار بن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها تۆپبارانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر شەهبا و ناوچەی تل ڕەفعەت شەرمەزار کراوە کە تێدا ژن و منداڵ شەهید بوون و هاتووە: لە بەرامبەر فاشیزمی تورک و پێشلکارییەکانی حکومەتی ئاکەپە، بەرخۆدان و تێکۆشان بۆ ئازادی و دیموکراسی بەردەوام دەکات.

جێگای ئاماژەیە، شەوی هەینی ڕابردوو، سەعیدە فەیسال هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی شارۆچکەی تل شەعیر و جێگرەکەی هندێ لەتیف، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ڕفێندران و دواتر کوژران.

ف.ق