کەنەکە: جەژنی قوربان لە گەلەکەمان و هەموو جیهانی ئیسلام پیرۆزبێ!

کەنەکە بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی: "لەم بارودۆخەدا هیواخوازین و باوەڕمان بەوە هەیە کە گەلەکەمان لە داهاتوویەکی نزیکدا بە ئارامی و ئازادییەوە لەسەر خاکی خۆی جەژنی قوربان پیرۆز دەکات."

کەنەکە جەژنی قوربانی پیرۆز کرد

کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و جەژنی قوربانی پیرۆزکرد.

ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە بەم شێوەیە:

"سبەینێ جەژنی قوربانە. بە داخەوە لە دۆخێکی دژواردا جارێکی دیکە پێشوازی لە جەژن دەکەین. هێرشە قڕکارییەکان لەسەر گەلەکەمان لە تەواوی جیهاندا بەردەوامە. گەلەکەمان قڕدەکرێ  و سروشتی وڵاتمان تاڵان دەکرێت. زیاتر لە ١٠ هەزار زیندانی سیاسی لە گرتووخانەکەدا لە ژێر گوشار و ستەمدان. سیاسەتی داگیرکاری و هەڕەشەی دووژمنان لەسەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر بووە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا بە ڕۆژانە کۆڵبەران دەکوژرێن. لەگەڵ ئەمەشدا گوشاری دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بووە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ قوڵتردەبنەوە. لە باشووری کوردستان کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامن، تاوەکو ئێستا ئەو کێشانە چارەسەر نەکراون. هێرشەکانی دەوڵەتی تورک زیاتربوون. لە هەمان کاتدا هێرشەکانی لەسەر ڕۆژئاوا بەردەوامن. لە باکووری کوردستانیش شەڕ و تێکۆشان لە پێناو هەبووندا بەردەوامە.

پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان لەبەرامبەر ئەم هێرشانەدا بوەستنەوە. بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە داوا لە هەموو کورد و کوردستانیان دەکەین لە دژی هێرش و ئۆپراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێست بنوێنن، دەنگیان لەدژی داگیرکاری هەڵبڕن و جێگەی خۆیان لە سەنگەرەکانی ‌هێزەکانی پاراستنی کوردستاندا بگرن.

وەک کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان لەم بارودۆخەدا هیواخوازین و باوەڕمان بەوە هەیە کە گەلەکەمان لە داهاتوویەکی نزیکدا بە ئارامی و ئازادییەوە لەسەر خاکی خۆی جەژنی قوربان پیرۆز دەکات. بەم بۆنەیەوە پیرۆزبای جەژن لە هەموو زیندانیانی سیاسی، لە ئازادیخوازان و لە گەلی کوردستان و هەموو جیهانی ئیسلامی دەکەین."